تەمموز 10, 2020

بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا گوندی کەشان بەتەواوی چۆڵکرا

ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا دژی پەکەکە لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان، بەردەوامە. هەفتەیەکی تەواوە بە بەردەوامی سوپای تورکیا بۆردومانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و زیانی گیانی و مادی زۆری بە خەڵکی گوندەکانی ئەو ناوچە سنوورییانە گەیاندووە.

دوای حەوتەم ڕۆژ لە ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ دەڤەری حەفتەنین، دوای نزیکبوونەوەی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە گوندی کەشان کە دەکەوێتە سنوری زاخۆ، دانیشتووانی گوندەکە بە ناچاری گوندەکەیان جێهێشت.
دڵشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا، لە لێدوانێکدا، پشتی ڕاستی کردووەتەوە و ڕایدەگەینێت:" گوندی کەشان 15 ماڵی لێیە، بەهۆی تۆپبارانی زۆر لە دوێنێ و پێرێوە بەتەواوی چۆڵکراوە و خەڵکی گوندەکە هەموویان هاتوونەتە باتیفیا و دەوروبەری، ئەمڕۆش ناچاربوون مەڕوماڵاتەکانیشیان بهێنن".
باس لەوەش دەکات لەئەگەری درێژە کێشانی بارودۆخەکە دوو گوندی دیکەش لەژێر مەترسیدادەبن و چاوەڕوان دەکرێت چۆڵبکرێن.
تا ئێستا هێزەکانی تورکیا، بە درێژایی ١٠ کیلۆمەتر سنووری هەرێمی کوردستانیان بڕیووە، ئەم لەشکرکێشی و ئاڵۆزییەی لەو ناوچانەدا هەیە، بووەتە هۆی ئەوەی جوتیارانی ئەو ناوچەیە نەتوانن سوود لە بەروبووم و بەرهەمی ئەمساڵی ماندوو بوونی خۆیان ببینن و بە پێی زانیارییەکان، دەیان دۆنم زەوی جوتیاران جێهێڵدراوە و جوتیاران ناتوانن بچنەوە سەریان.
تا ێستاش بەهۆی بۆردومانەکانەوە لەماوەی ٧ ڕۆژی رابردوودا، چەندین هاووڵاتی مەدەنی بوونە بە قوربانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە چەندین ڕێگای جیاواز داوای ڕاگرتنی ئەم هێرشانەی وڵاتی تورکیا و هاوکات دەرچوونی چەکدارەکانی پەکەکە دەکات لە خاکی هەرێمی کوردستان.
لە لایەکی دیکەشەوە، سوپای پاسدارانی ئێران، ئەوەی راگەیاندووە، بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان هێزێکی زۆریان ڕەوانە کردووە، فەرماندەی هێزی پیادەی سوپای پاسدارانیش، رایگەیاندووە، ئامادەن بنکەکانی هێزە نەیارەکانی خۆیان بە ئامانج بگرن و داواش لە عێراق و کوردستان دەکات زیاتر کۆنتڕۆڵی ناوچە سنوورییەکانی خۆیان بکەن و دەڵێت:" ئەو شوێنانە نەهێڵن کە دژبەرانی ئەوان بەکاریان دێنن. هەروەها هۆشداریی دەدات کە خەڵک لە نزیک بنکەکانی ئەو لایەنانە دوور بکەونەوە.
بەشی هەواڵ

© 2017 Hawler