تەمموز 09, 2020

لەسەر داوای سەرۆكی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین لە رزگاركردنی هاووڵاتیانی ژێردەستی داعش

لە 3ی ئابی 2014 داعش شنگالی داگیركرد و لە هەردوو رەگەز 6 هەزار و 417 كوردی ئێزدی كەوتنە دەست داعش، لەو ژمارەیە 3 هەزار و 548 كەسیان ئافرەت و 2 هەزار و 869 كەس پیاو بوون. بەرپرسی نووسینگەی ڕزگاركردنی كوردانی ئێزدی لە دهۆك دەڵێ، لە سەرەتای كارەساتی شنگال تا ئێستا 3 هەزار و 559 كەس ڕزگار كراون، دڵنیایی دەدەینە كەسوكاری ڕفێندراوان، لەسەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی بەردەوام دەبین لەسەر كاری خۆمان تا یەك كەس لە دەست تیرۆریستاندا مابێت.

بە گوێرەی ئاماری نووسینگەی ڕزگاركردنی ئێزدییە رفێندراوەكان كۆی گشتیی ژمارەی هاووڵاتیانی ئێزدی لە عێراق، 550 هەزار كەسن، ژمارەی ئاوارەبووەكان، 360 هەزار هاووڵاتی دەبن، ژمارەی شەهیدەكان، هەزار و 293 شەهید و ژمارەی منداڵانی بێ باوك هەزار و 759 منداڵ، منداڵانی بێ دایك، 407 منداڵ، منداڵانی بێ باوك و دایك، 359 منداڵ دەبن.
نێچیرڤان بارزانی، لە مانگی 10ی ساڵی 2014 لەسەر ئەركی خۆی نووسینگەی ڕزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدی كردەوە و دەست بە ڕزگاركردنی ئەو كەسانە كرا كە كەوتبوونە ژێر دەستی داعش.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگاركردنی كوردانی ئێزدی لە دهۆك بە "هەولێر"ـی راگەیاند، نووسینگەی ڕزگاربووانی كوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، سەر بە نووسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، ئارمانجی سەرەكی ئەو نووسینگەیە ڕزگاركردنی كوردانی ئێزدییە، لە سەرەتای كارەساتی شنگال تا ئێستا 3 هەزار و 559 كەس ئازاد كراون، 2 هەزار و 800 كەسیش ماون ئەوەی كراوە هەموو لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی بووە.
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگاركردنی كوردانی ئێزدی لە دهۆك روونیشیكردەوە :"هەولەكان بەردەوام دەبن بۆ ئەوانەی تا ئێستا رزگار نەكراون، بەپێی زانیارییەكانی ئێمە ئەو كەسانەی تا ئێستا رزگار نەكراون لە مووسڵ و چەند شارێكی دیكەی عێراق ماون، هەروەها لە سووریاش ژمارەیەك كەس ماون.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگاركردنی كوردانی ئێزدی لە دهۆك دەشڵێ :" تا ئێستا نەتەوەیەكگرتووەكان و وڵاتانی جیهان بە عێراقیشەوە هاوكاریی ئێمەیان نەكردووە سەرەڕای ئەوەی بەدەیان جار داوامان لێ كردوونە، ئەوەی هاوكار بووە تەنیا نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی و دەزگا ئەمنییەكان و هێزی پێشمەرگە بووە، سەرەڕای ئەوەی كە چەندین جار داوامان لە حكوومەتی عێراق كردووە هاوكاری ئێمە بكەن، بەڵام تا ئێستا هیچ هاوكاری ئێمەی نەكردووە، نە بۆ ڕزگاركردنی كوردانی ئێزدی، نە بۆ قەرەبووكردنەوەیان، ئەوەش ئەوە دەردەخات كە بابەتی ڕزگاركردنی كوردانی ئێزدی بۆ حكوومەتی عێراق گرنگ نییە".

 

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

© 2017 Hawler