تەمموز 09, 2020

تێکەڵاوکردنی کۆرۆنا بە سیاسەت دۆخەکەی نالەبارتر کردووە

لە هەریمی کوردستان کاتێک کۆرۆنا زیاتر تەشەنەی کرد کە بە سیاسی کرا و هەندێک لایەنی سیاسی و تەنانەت پەرلەمانتار و کەسایەتی ناسراو بانگەشەی ئەوەیان کرد شتێک بە ناوی کۆرۆنا نییە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ شاردنەوەی کێشەکانی یان رێگریکردن لە خۆپێشاندان بڕیاری کەرەنتینە و رێوشوێنی توند دژی کۆرۆنای داوە.

لە نیوەی دووەمی مانگی ئایارەوە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بە خێرایی رووی لە هەڵکشان کردووە و دواین بڕیاری حکوومەت بۆ کەرەنتینە و قەدەغەکرانی هاتوچۆ هەر بەهۆی ئەو جۆرە بانگەشانە سەری نەگرت. بە سیاسیکردنی کۆرۆنا وایکرد خەڵک لە ئەنجامدانی رێنماییەکانی خۆپاریزی دوور بکەونەوە.
بەسیاسیکردنی کۆرۆنا لە کوردستان کاتێک زیاتر بوو کە حکووومەتی هەرێمی کوردستان بە پێچەووانەی زۆربەی وڵاتانی دنیا بەگشتی و زلهێزەکان بەتایبەتی توانی سەرکەوتنی گەورە بەسەر کۆرۆنادا تۆمار بکات و لە رۆژانێکدا لە وڵاتان بە هەزاران کەس لە یەک رۆژدا دەمردن، هاووڵاتیانی کوردستان پارێزراو بوون.
زۆرێک لە وڵاتان تەنانەت مەترسیی و حاڵەتەکانی تووشبوونی کۆرۆنایان لە خەڵکەکەیان شاردەوە و ئەوجار دواتر تووشی کارەساتی گەورەی مرۆیی بوون کەچی لە کورستان بە پێچەوانە سەرەڕای ئەوەی حکوومەت زۆر بە جیددی بۆ ئەم پرسە هاتە سەرخەت و هەر لەسەرەتای مانگی ئادارەوە دەستی بە گرتنبەبەرێ ریوشوێن و دواتر کەرەنتینە و قەدەغەی هاتوچۆ کرد کەچی لای هەندێک کەس و لایەن بە خراپ لێکدرایەوە.
ریوشوێنەکانی حکوومەت و بەرچاوڕوونی لە گەیاندنی زانیاری سوودێکی زۆری بە دۆخەکە گەیاند و تەنانەت تا دەستپێکی نیوەی دووەمی مانگی ئایار کۆرۆنا خەریک بوو ماڵئاوایی لە کوردستان بکات بەڵام تێکەوڵاوکردنی بە سیاسەت ئەو ریسەی کردەوە خوری و بۆیەش هەرێمی کوردستانی بەو رۆژە گەیاند لە ماوەی یەک مانگدا ژمارەی قوربانیان لە پێنج کەسەوە بۆ 118 و نەخۆشەکانی کۆرۆناش لە سێ کەسەوە بۆ دوو هەزار و 638 کەس زیاد بکات و کۆی تووشبووان سەرووی چوار هەزار تۆمار بکات.
هەر یەک لە وەزیری تەندروستی و پارێزگاری هەولێر لەسەر ئەم پرسە هۆشدارییان دابوو و بە فەرمی ئەوەیان راگەیاندبوو کۆرۆنا شتێک نییە بخرێتە قاڵبی سیاسی و بەلاڕێدا ببردرێت وەک ئەوەی هەندێک پەرلەمانتار و لایەنی سیاسی کردیان و ئاماژەشیان دابوو ئەوانەی ئەو جۆرە بانگەشانە بڵاودەکەنەوە دەبێ بەرپرسیارێتیش بخەنە ئەستۆی خۆیان.
هەر چەندە لەم دواییانەدا زۆرێک لەوانەی پێشتر دەیانگوت شتێک بە ناوی کۆرۆنا نییە و دروستکراوی حکوومەتە بایانداوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کۆرۆنا هیچ پێوەندیبەکی بە سیاسەت نییە و نەخۆشییەکە بە تەواوی وڵاتانی جیهاندا بڵاو بووەتەوە و ئەگەر هەڕەشە بێ بۆ سەر هاووڵاتییەکی ئەمەریکی و ئەوروپی ئەوا بۆ سەر کوردیش هەڕەشەیە. بەداخەوە بەشێک لەوانە کاتێک هەستیان بە هوشیاربوونەوە کردووە کە ئازیز و کەسی نزیکی خۆیان لەدەست دا.
کەم نین ئەو هاووڵاتیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دانانی گرتەی ڤیدیۆیی و نووسین یان پەیامی دەنگیی پەشیمانبوونەوەی خۆیان دەردەبڕن و تەنانەت داوا لە هاووڵاتیان دەکەن نەخۆشییەکە بە جیددی وەربگرن و بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپاریزی گیانی خۆیان بو ئازیزانیان بپارێزن.
چەندین کەسی ناسراو هەر لە چەند رۆژی رابردوو بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە و چەندین نەخۆشی ناسراویش لە نەخۆشخانەوە داوایان لە خەڵک کردووە خۆیان بپارێزن و فریوی بانگەشە هەڵەکان نەخۆن.
هەرچەندە ئەمە تایبەت نەبووە بە کوردستان و لە ئاستی جیهانیش سیاسەت کاریگەریی خراپی بۆ سەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هەبووە.
هەر دوێنێ تێدروس ئێدهانۆم گیریسوس سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە جیهاندا هۆشداری دا و گوتی وڵاتانی جیهان هیچ کاتێک هێندەی ئێستاکە پێویستییان بە یەکگرتوویی و هاوخەمی نەبووە و بە سیاسیکردنی کۆرۆنا بووەتە هۆی ئەوەی کۆرۆنا زۆر خێراتر تەشە بستێنێت.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی گرنگترین دامەزراوەی تەندروستی جیهان گەورەترین هەڕەشە لەسەر وڵاتانی جیهان نەبوونی یەکگرتوویی و هاوخەمییە نەک خودی کۆرۆنا و بۆیەش گوتی ڤایرۆسەکە بە خێرایی لە بڵاوبوونەوەدایە و کاریگەرییەکانی ئەو نەخۆشییەش بە دەیان ساڵی تر لەسەر وڵاتانی جیهان لاناچن.
ئەگەر یەکگرتوویی بۆ وڵاتانی جیهان پێویست بێ ئەوا بۆ خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان چەندین هێندە پێویستە چونکە کۆرۆنا بەشێکە لە شەپۆلی ئەو مەترسییانەی رووبەرووی کوردستان دەبنەوە.
ئەوەی وەزارەتی تەندروستی پێداگری لەسەر دەکات جێبەجێکردنی سەرجەم رێنماییەکانی خۆپاریزییە و چەندین جار پێداگرییان لەوە کردووە ئەگەر هاووڵاتیان بە قەناعەتەوە رووبەرووی کۆرۆنا نەبنەوە دۆخەکە مەترسیدارتر دەبێت و چیتر نەخۆشخانەکان جێگەی ئەوەیان نابێ پێشوازی لە نەخۆشانی کۆرۆنا بکەن و لەو کاتەشدا قوربانییەکان زیاتر دەبن.

سلێمان تاشان - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler