تەمموز 10, 2020

کۆمپانیاکە لەپێناو کوردستان دەستبەرداری بەشێکی کارەکانی دەبێت لە ئەفریقا

ئۆریکس پەترۆلیۆم سەرنجی زیاتر دەخاتە سەر کارکردن لە هەرێمی کوردستان

کۆمپانیای ئۆریکس پەترۆلیۆم کە کۆمپانیایەکی چالاکی بواری نەوت و گازە لە هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە لە پێناو بەرەوپێشبردنی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان، واز لە هەندێک پلان و کارکردنی بێنێت لە ئەفریقا .

ئۆریکس پەترۆلیۆم لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت:" لەهەرێمی کوردستان لە %٢١ـی خەرجییەکانی کەمردووەتەوە، پلانیشی هەیە لەماوەی نزیکی داهاتوو کارەکانی فراوان بکات لە هەرێمی کوردستان .
کۆمپانیاکە دەڵێت:" سەرەڕای نەبوونی بەرچاو روونی لەبارەی دەستحەقی کۆمپانیا لە نێوان مانگی تشرینی دووەم و شوباتدا لە هەرێمی کوردستان، هەروەها داخستنی کێڵگەی بەنان،بەڵام کارەکانی بەشێوەیەکی دیکە دەستپێدەکاتەوە و پلانەکانیشی فراوان دەکات .
لە راگەیەندراوەکەی ئۆریکسدا هاتووە :" خاوەن پشکەکانی کۆمپانیا بە زۆرینە بڕیاریانداوە بۆ گواستنەوەی هاوبەشیەکەیان بۆ کۆمپانیای زێگ ئۆیل لە ئەفریقا، چونکە ئۆریکس دەیەوێت سەرنجی زیاتر بخاتە سەر کارەکانی بە تایبەت لە هەرێمیت کوردستان، بۆیە پشکەکانی لە ئەفریقا دەداتە کۆمپانیای دیکە لەوانە ئەداکس ."
خەرجی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک بۆ کۆمپانیاکە ٩ دۆلار و ١١ سەنتە، لەگەڵ تێکڕای دابەزینی نرخی نەوت بۆ ٣٤ دۆلار،کۆمپانیاکە پوختەی قازانجی لە بەرمیلێکدا بۆ ١١ دۆلار و ٢٨ سەنت لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ دابەزیوە .
هەرچەندە قازانجی کۆمپانیای ئۆریکس لە کێڵگەیەکی هەولێر کە ئەو تێیدا کار دەکات دابەزیوە، بەڵام لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ داهاتی پوختەی کۆمپانیاکە ٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار بووە، بەرهەمی نەوتیش رۆژانە ٩ هەزار و ٣٠٠ بەرمیل نەوت بووە، لەمانگی نیساندا بۆ ٢ هەزار و ٨٠٠ بەرمیل و لە ئایاریشدا بۆ ٢٥٠٠ بەرمیل کەمبووەتەوە .
بەپێی راگەیەندراوی کۆمپانیاکە ئەمساڵ کۆمپانیاکە خەرجییەکانی لە ٥٣ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ١١ ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە .
ڤانس کویرۆ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆریکس دەڵێت:" لە وەڵامی کەمی نرخی نەوت و زۆری خەرجییەکان، ئێمە چەندین هەنگاوی کەمکردنەوەی خەرجییەکانمان دەستپێکردووە، لەوانە داخستنی کێڵگەی بەنان."
کۆمپانیاکە رایدەگەیەنێت پلانی دانانی ئامێر و کەرەستەکانی راکێشانی نەوت لە بیری بەنان٤ لە چەند هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکات، ئەوە وادەکات خەرجی کەمبێتەوە و بەرهەمیش لە چارەگی سێیەمی ئەمساڵ زیاتر بێت .
کۆمپانیاکە هەروەها رایگەیاندووە:" خەرجییەکان ئەمساڵ بۆ راکێشان و بەرهەمهێنانی نەوت دەبێت لە بەنان،بەتایبەت لە ژێرخان و هەندێک کاری کێڵگەکە، بەپێی راگەیەندراوەکە ٣٩ ملیۆن دۆلاری کۆمپانیاکە وەکو حەقدەست لای حکومەتە،روون نییە کەی وەری دەگرن."
بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوان ئۆریکس و کۆمپانیای دیکە کراوە، پشکی دیکەی کێڵگەکانی نەوت دەدرێتە ئۆریکس لەبەرامبەردا ئۆریکس دەستبەرداری هەندێک لە بەرژەوەندییەکانی دەبێت لە ئەفریقا لەپێناو ئەو کۆمپانیایانە .
کۆمپانیاکە دەڵێت:" فۆکەسی کارکردنمان بەتایبەت دەخەینە سەر کوردستان، تەواوی پشکەکانی کۆمپانیای ئەی ئۆ جی، دەدرێتە ئۆریکس و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەش کە ئەندامی بۆردی ئۆریکسە دەستلەکاردەکێشێتەوە
ئۆریکس بەگوێرەی بەرهەم و پشکی لە هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆڕی نەوتی کوردستانەوە دەستحەقی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، تاوەکو مانگی ١٠ـی ساڵی رابردوو حەقدەستەکانی لەلایەن حکومەتەوە پێدراوە، بەڵام بۆ مانگەکانی ١١ و ١٢ و دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵیش حەقدەستی وەرنەگرتووە کۆی حەقدەستەکانیشی دەگاتە نزیکەی ٣٩ ملیۆن دۆلار .
ئۆریکس کۆمپانیایەکی نەوت و گازی ئەمریکییە،بارەگاکەی لە داڵاسی ئەمریکایە،لە بواری گەڕان و دۆزینەوە، بەرەوپێشبردن و بەرهەمهێنانی نەوت لە ریزی کۆمپانیا گەورەکانی جیهانە، لە مەکسیک، ئەندەنووسیا، هەرێمی کوردستان و چەندین وڵاتی دیکەش چالاکە .

دلۆڤان رەحیم - هه‌ولێر

© 2017 Hawler