ئەم پەڕەیە چاپ بکە

داخستنی ڕێگاوبانەكان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە گرفتێكی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروست كردووە

لەدوای رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، زیاتر لە 2 هەزار خێزانی كوردی زوممار ناوچەكانیان جێهێشتووە و روویان لە چەند ناوچەیەكی پارێزگای دهۆك كردووە.

لە كۆی 48 گوندی كوردنشینی ناوچەكە، تەنیا 20 گوند لە ژێر دەسەڵاتی كورددا ماونەتەوە.
حەشدی شەعبی فشارێكی زۆری خستووەتە سەر هاووڵاتیانی كورد، بینای زۆربەی فەرمانگەكانیان داگیر كردووە، ڕێگە بە ڕێكخراوەكان نادەن بێنە ناوچەكە و هاوكاری خەڵك بكەن.
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو شارەدێی زوممار كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت تایبەت بە "هەولێر" گوتی: پاش 16ی ئۆكتۆبەر و هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ زوممار و دەوروبەری هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە كشایەوە، بەوە بارودۆخی ناوچەكە بە تەواوەتی تێكچوو.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش كرد، پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر 36 رێكخراوی خێرخوازی لە زوممار و دەوروبەری بوون، ئێستا تەنیا 17 رێكخراو ماون، ئەوانیش كار ناكەن، زوممار پێویستی بە خزمەتگوزاری هەیە، خەڵكی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون، كە تەنیا لە سنووری زوممار لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر زیاتر لە 2 هەزار خێزان ئاوارە بوون، داخستنی ڕێگاوبانەكان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، ئەوەش گرفتێكی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروست كردووە، بەردەوام داوای كردنەوەی ئەو ڕێگاوبانانە دەكەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەر بۆ ئەو مەبەستە چەندین جار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن كۆبووینەوە، بەڵام تائێستا كۆبوونەوەكان بێ سوود بوونە و ڕێگاوبانەكان نەكراونەتەوە".