تشرینی دووەم 12, 2019

حكوومەتی عێراق ئامادە نییە كوردانی فەیلی قەرەبوو بكاتەوە

بڕیارە رۆژی چوارشەممەی دابێ لە شاری ھەولێر، یادی ٣٨ ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی زیندوو رابگیرێت و گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، رژێمی بەعس بە دڕەندەترین شێوە كوردانی فەیلی جینۆساید كردووە و، چەكی قەدەغەكراو لەسەر گەنجانی كوردی فەیلی تاقی كراوەتەوە.

فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان، راگەیاند: رۆژی چوارشەممەی دابێ، لە شاری ھەولێر وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، یادی ٣٨ ساڵەی جینۆسایدی كوردانی فەیلی زیندوو رادەگڕێت، كە بەو ھۆیەوە ھەزاران كوردی فەیلی تەنیا بە تاوانی كوردبوونیان لەلایەن رژێمی بەعسی لەناوچووەوە شەھید كران و ژمارەیەكی زۆریش ناسنامەیان لێ وەرگیرایەوە.
لای خۆیشیەوە، جەواد مەلیك شا، ئەندامی دەستەی داواكاری كوردانی فەیلی، گوتی: سەرەڕای ئەو ھەموو كارەساتەی بەسەر كوردانی فەیلیدا هات، ھێشتا حكوومەتی عێراق ئامادە نییە كوردانی فەیلی قەرەبوو بكاتەوە و كێشەی پێدانی ناسنامە یەكێكە لە گەورەترین بەربەست كە پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەسەر داوە و حكوومەت كێشە بۆ جێجێبەكردنی دروست دەكات، چونكە لە سەردەمی رژێمی بەعس جگە لە جینۆسایدكردن، ناسنامەی عێراقی لە كوردانی فەیلی وەرگیرایەوە و لە دوای نەمانی رژێمی بەعسیش لە ڕووی یاساییەوە كێشە بۆ كوردانی فەیلی دروست دەكرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: تاوانەكانی رژێمی بەعس بەرامبەر بە كوردانی فەیلی ھەموو سنوورێكیان تێپەڕاندبوو، چونكە رژێم چەكی كیمیایی لەسەر ژمارەیەك گەنجی كوردی فەیلی تاقی كردەوە و دواتر ژمارەیەكی بەرچاوی بازرگانی فەیلی بە دڕەندەترین شێوە شەھید كران، لە چەند قۆناغێكدا كوردانی فەیلی جینۆساید كراون و تا ئێستا زانیاریی دروست لە بەردەست نییە لەبارەی ئاماری دروستی قوربانیانی كوردانی فەیلییەوە.
كوردانی فەیلی لەڕووی مەزھەبییەوە سەر بە مەزھەبی شیعەن و زیاتر لە ناوچەكانی بەغدا و حیللە و خانەقین نیشتەجێن، بەڵام جەواد مەلیك شا دەڵێ: كوردانی فەیلی یەكێك بوون لەو پێكھاتانەی شاری بەغدایان دروست كرد، كەچی ئێستا ھەر لە بەغدا ھەڕەشە لە كوردانی فەیلی دەكرێت و تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر شەھید كراون و بەشێكی دیكەیش شارەكەیان بەجێھێشتووە.
دكتۆر ئیسماعیل قەمەندار لە پەرتووكی (زاراوە كوردییەكانی باشوور)ـدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە كوردانی فەیلی ژمارەیان سێ ملیۆن كەسە و لە سنووری نێوان عێراق و ئێران لە ھەردوو ناوچەی خانەقین و ئیلام دەژین و، لە سەردەمی خەلیفەی عەباسی ئەبووجەعفەری مەنسوور كوردانی فەیلی بە سەرۆكایەتیی زولفەقار مووسڵی، حوكمی عێراقیان كردووە لە كەركووك تا بەسڕە.
جەواد مەلیك شا ڕوونی كردەوە: ژمارەی كوردانی فەیلی بە دروستی نازانرێت، بەڵام مەزندە دەكرێت ژمارەیان ٧٠٠ ھەزار كەسێك بێت لە عێراق، لە ساڵی رابردوویشدا ھەڵمەتێكی لەناوبردن و گوشارخستنەسەر كوردانی فەیلی بۆ جێھێشتنی شاری بەغدا، دەستی پێ كرد.
بەپێی زانیارییەكان، رژێمی بەعس لە ٤ـی نیسانی ساڵی ١٩٨٠ـدا، دەستی كرد بە جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی و لە قۆناغی یەكەمدا رژێم بە زۆرەملێ بازرگانە فەیلییەكانی دەركرد لە عێراق و، دواتر بە چەند قۆناغێك دەستی كرد بە دەستگیركردنی كوردانی فەیلی و نزیكەی 20 ھەزار گەنجی كوردی فەیلی بێسەروشوێن كران، ھەڵمەتی رژێم دژی كوردانی فەیلی تا ساڵی ١٩٩٠ درێژەی كێشا و دەست بەسەر ھەموو موڵك و ماڵی كوردانی فەیلیدا گیرا و ناسنامە و رەگەزنامەی عێراقییان لێ سەندرایەوە.
لە KDP.infoەوە

© 2017 Hawler