ئازار 31, 2020

ئایا تووشبووانى كۆرۆنا به‌رگری له‌شیان بۆ درووست ده‌بێت؟

رۆژانە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هه‌ڵکشاندایە و لە نیو میلیۆن کەس نزیکبووەته‌وه‌، زیاتر لە یەک ملیاریش لە ماڵەکانیاندا کەرەنتینەکراون. زانایان لە پێشبڕکێدان لە وڵامدانەوەی پرسیارێك، کە زۆر جەخت لەسەر دەکرێت، سەبارەت بەم پەتایە:

ئایە چاره‌سه‌ركراوان له‌ داهاتوو لەم ڤایرۆسە پارێزراو دەبن یان نا؟

وڵامەکە بە خۆشحاڵییەوە، بەڵێ یە لەگەڵ کەمێك لە ناروونی، بەڵام وڵامەکە لەبەر چەند هۆیەکەوە زۆر گرنگە.

بۆ نموونە، ئەو کەسانەی کە لە پارێزراوبوونیان دڵنیادەبن، دەتوانن لە ماڵەکانیان دەربچن و هاریکاری ئەو کەسانە بکەن کە سەرقاڵی کارکردنن بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە کۆڤید – 19. هەروەها ئەوان، چونکە دژەتەنیان هەیە، دەتوانن لە بواری چاودێری تەندروستیدا کار بکەن و بە بەردەوامی و بە پەرۆشەوە لەگەڵ ئەو نەخۆشانە بن کە دۆخەکەیان ناجێگیرە.

زیادبوونی رێژەی ئەو کەسانەی دەژەتەن یان به‌رگری له‌شیان هەیە لە نێو کۆمەڵگه‌دا، رێگایەکە بۆ نەمانی پەتاکە: لەگەڵ کەمبوونی ژمارەی تووشبووان، ڤایرۆسی کۆرۆنا هێزەکەی لە دەست دەدات و هەتا ئەوانەی بەرگرییان لاوازە، لە مەترسی ئەم ڤایرۆسە به‌ دوور ده‌بن.

بە هەبوون و زیادبوونی ئەوانەی دژەتەنییان هەیە، گەیشتن بە چارەسەی خێراتر دەکات, چونکە لە توانايدایە سوود لەو تەنانە کە لە جەستەی چاکبووەکاندا دروست دەبن بۆ هاریکاریکردنی تووشبووەکان وەربگیرێت.

 لە رۆژی سێشەممە 24ی ئادار، کارگێڕی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی رازیبوو لەسەر بەکارهێنانی پلازمای خوێنی چاکبووەکان بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتە نالەبارەکانی ئەم نەخۆشییە، و لە رۆژی یەکشەممە 22ی ئادار، ئەندرۆ  م. کۆمۆ  Andrew M. Cuomo، حاکمی نیۆیۆرك رایگەیاند، کە نیۆیۆرک دەبێتە یەکەمین شار پلازمای چاکبووەکانی کۆڤید - 19 بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانەی کە دۆخەکەیان ناجێگیرە بەکاربێنێت.

کۆمۆ گۆتیشی: "ئەم ئەزموونەمان لەسەر ئەو کەسانە دەبێت کە رەوشەکەیان نالەبارە، هەرچەندە وەزارەتی تەندروستی لە ویلایەتی نیۆیۆرک بە هەماهەنگی لەگەڵ باشترین ئاژانسەکانی بواری تەندروستی کار دەکات، وا پێدەچێت کە ئەنجامەکان ئۆمیدبەخش بن".

یەکێك لە ئەرکەکانی لەشی مرۆڤ بەرگریکردنە لە ڤایرۆسە گوازراوەکان و ئەم بەرگرییە بە رێگای تەنێك بە ناوی ئیمیونۆگڵۆبولین  M  Immunoglobulin M ئەنجام دەدرێت، کە پاسەوانی لەش دەکات و بۆ کوئەندامی بەرگری لەش لە دژی مشه‌خۆره‌كانی وەکو ڤایرۆس و بەکتریا زەنگی هۆشیاری لێ دەدات.

لە دوای چەند رۆژێك لە تووشبوون، کۆئەندامی بەرگری لەش ئەم دژەڤایرۆسە یان ئیمیونۆگڵۆبولین- M ، بۆ جۆریکیتر دەگۆڕێت و پێیدەگۆترێت ئیمیونۆگڵۆبولین G - Immunoglobulin G کە بە شێوەیەکی یەگجار رێکوپێکە و ڤایرۆسە دەستنیشانکراوەکان دەناسێت ولایان دەبات.

لە لایه‌كی دیكه‌وه‌، لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر چەند مەیموونێک لە جۆری  ماکاک macaques بە دیارکەوت کە هەر بە تووشبوونی مەیموون بە ڤایرۆسەکە، تەنێك لە لەشیدا دروست دەبێت کە هێزی بەرگریی لەش زیاتر دەکات، بەڵام نازاندرێت دژەتەنی مەیموونەکە یان کەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە تا چەند دەمێنێت.   

د. ڤینیێت د. میناچیری  Vineet D. Menachery، زانای بواری ڤایرۆسلۆژی لە زانکۆی پزیشکی تێکساس – لقی گالڤیستۆن، دەڵێت کە زۆربەی ئەو کەسانەی بە ڤایرۆسەکانی سارس SARS و مێرس MERS، کە بە ئامۆزای  KOVID  -19  دەناسرێن و دەبنە خاوەن دژەتەنێکی درێژخایەنی نێوان 8 هەتا 10 ساڵ.

د. ڤینیێت، ئاماژە بە ئەوەش دەدات کە ئەوانەی تووشی کۆرۆناکانی پێشووتر بوونە، ماوەیەکی کەمتری دژەتەنییان هەیە، رەنگە تووشبووانی کۆڤید-19 پارێزبەندییەکی ساڵێک یان دوو ساڵیان بۆ دروست ببێت. به‌ڵام ناتوانین پیشبینی زیاتر بکەین".

 لە لای خۆیەوە د. فلۆریان کرامەر Florian Krammer، زانای مایکرۆلۆژیست لە کۆلیژی ئیکانی پزیشکیی ماونت سینای لە نیۆیۆرک Icahn School of Medicine at Mount Sinai in New York ، ئاماژە بەوە دەدات کە هەتا ئەگەر ماوەی دژەتەنی لەش کەمیش بوو،  کەسەکە جارێکیتر بە کۆڤید-19 تووشبووەوە، کاریگەری ڤارۆسەکە بە هێزی جاری یەکەم نابێت و کەمتر دەبێت.

لێرە پرسێکی گرنگ دێتە پێشەوە، ئەویش ئەوەیە ئایا ئەو منداڵ و گەنجانەی هەندێک نیشانەی سووك لەسەریان دەردەکەون، دەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن هەتا ڤاکسینێک بەردەست دەبێت؟ 

 سەبارەت ئەم پرسە، د. ماریۆن کوپمانز Dr. Marion Koopmans، ڤایرۆسلۆژیست لە زانکۆی ئیراسموس لە رۆتردام – هوڵەند، و تیمەکەی هەستاون بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەك لە سەر 15 نەخۆش و کارمەندانی چاودێری تەندروستی.

تیمەکە سەمپڵ لە 100 کەسی تووشبوو بە یەکێک لە هەر چوار ڤایرۆسی کۆرۆنای پێشوو کە دەبنە هۆی دروستبوونی هەڵامەت وەرگرتبوو.

د. کوپمانز، دەبێژیت کە ئەگەر ئەم سەمپڵانە وڵامدانەوەیان بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ هەبوو، ئەو کات بۆمان دەردەکەوێت کە هەندێک کەس – منداڵەکان – تەنیا چەند نیشانەی سووك لەسەریان دەردەکەوێت، چونکە لاشەکانیان دژە ڤایرۆسی کۆرۆنای تیدایە کە توانایان هەیە لە دژی کۆڤید – 19 یش بوەستن.  

 

لە نووسینی: ئەپووڕڤا مانداڤیللی    Apoorva Mandavilli

وەرگێڕانی: شەماڵ ئاکرەیی

لە25 ی ئاداری 2020

 

© 2017 Hawler