ئازار 29, 2020

دەرماڵە و پێداویستییەکانی خۆپاراستن بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دابین دەکرێت

سلێمان تاشان - هه‌‌ولێر

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەرماڵە و سەرجەم پێداویستییەکانی خۆپاراستن بۆ ئەو پزیشک و کارمەندانەی تەندروستی دابین دەکات کە راستەخۆ بەرکەوتنیان، لەگەڵ تووشبووان و ئه‌وانه‌ی گومانی تووشبوونی کۆرۆنایان له‌سه‌ره‌، هەیە. گوتەبێژی وەزاروەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کورستان ئاماژەی دا بڕی ئەو دەرماڵەیەی بۆ ئەو توێژە بڕدراوەتەوە 500 هەزار دینارە.

پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، رۆڵ و بەرپرسیارێتییان زیاتربووه‌، وەک چۆن هێزەکانی پێشمەرگە بەرانبەر داعش وەستان و چۆکیان پێ دادا، ئەوە لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش چاوەڕوان دەکرێ چۆک بە کۆرۆنا دادەن و، ببنە قەڵغانی رووبەرووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەی سنووری وڵاتان ناناسێت و، تا ئێستا لە جیهاندا 111 هەزار کەسی تووش کردووە و نزیکەی چوار هەزار کەسیشی کوشتووە.
ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبونی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان زۆر بە کەمییه‌ و تا رۆژی دووشەم گەیشتووەتە 13 کەس. ئەمەش ئەو راستیییە دەرده‌خا کە گرتنەبەری رێوشوێنەکان بەرانبەر بە کۆرۆنا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە و، جێبەجێکاری سەرەکیی ئەم رێوشوێنانەش پزیشکان و کارمەندانی تەندروستین.
ژمارەی پزیشک و کارمەند لە هەرێمی کوردستان زۆرە و، هەر چەندە سەرجەمیان لە ئامادەباشی دان بۆ رووبەرووبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا، بەڵام بەشێکیان جیا کراونەتەوە کە لە نۆ گرووپی جیاواز پێکدێن و لەو شوێنانە کار دەکەن و چالاکییان هەیە کە بە شوێنی بەرکەوتەی راستەوخۆی کۆرۆنا هەژمار دەکرێن. ئەوانە، زیاترلە هاوکار و هاوپیشەکانیان لە دامەزراوەکانی تر، لە ژێر مەترسی دان و، شایانی ئەوەن سەرجەم پێداویستییەکانی خۆپارێزییان دژی په‌تای کۆرۆنا بۆ دابین بکرێت.
لە سەرجەم شوێنەکانی تایبەت بە کەرەنتینەکردنی ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوە دەگەڕێنەوە، سەرجەم ئەو نەخۆشخانانەی کە تایبەتن بە چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی کۆرۆنا و سەرجەم ئەو تاقیگە پزیشکییانەی تایبەت کراون بە پشکنینی ئه‌وانه‌ی گومانی تووشبوونیان لێ ده‌کرێ، کە پزیشک و کارمەندی تایبەتیی تەندروستی کاریان تێدا دەکەن، زیاتر لە ژێر مەترسیی تووشبوونی کۆرۆنان و، هاوشێوەی ئەو پێشمەرگانەن کە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ دژی داعش دەجەنگان.
دکتور محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ هەولێر باسی لەوە کرد: وەزارەتی تەندروستی هەموو پێداویستییەکی خۆپاریزیی بۆ ئەو پزیشک و کارمەندە تەندروستیییانە دابین کردووە کە لەو شوێنانە کار دەکەن مەترسیی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لێ دەکرێت و لەگەڵ نەخۆشەکان بەرکەوتەیان هەیە.
ئەو روونی کردەوە: نۆ گرووپ هەن بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ ڤایرۆسەکە هەیە، چ لە خاڵە سنوورییەکان و چ لە نەخۆشخانە و تاقیگەکانی پزیشکی و، جگە لە دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە پزیشکییەکان و سەرجەم کەرەستەکانی خۆپاراستن، دەرماڵەیەکی تایبەتیشیان پێ دەدرێ کە 500 هەزار دینارە و حکوومەتی عێراق دابینی کردووە و، ئەگەر لە ناوەندیش پارەکە خەرج نەکرێت ئەوا هەرێمی کوردستان بۆیان خەرج دەکات.
ئەو روونی کردەوە: ناتوانن ئەو پێداویستییانە بۆ سەرجەم پزیشکان و فەرمانەرانی تەندروستیی کورستان دابین بکەن و، تەنیا ئەوانە هەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین دەکرێ کە لەبەردەم مەترسیی تووشبوونی ڤایرۆسەکەدان.
لەبارەی کۆکردنەوەی پێداویستی و کەرستەی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، ئەم بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی دا: لە گەڵ بەغدا لەسەر خەتن و هاوکات لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کونسوڵخانەکان پێوەندی و هەماهەنگییان هەیە و هەموو هەوڵێکیان بەگەڕ خستووە زۆرترین پێداویستی و کەرستەی پزیشکی بۆ ئەم مەبەستە بهێننە کوردستان، تا لانیکەم لەو شوێنانەی کە تایبەتن بە رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا هیچ کەم وکورتییەک په‌یدانه‌بێ.
پێویستە بگوترێت، لە وڵاتانی چین و ئێران دەیان پزیشک و کارمەندی تەندروستی، لە کاتی چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی کۆرۆنا، بەهۆی کەمتەرخەمی یان نەبوونی کەرستەی پێویستی خۆپاریزی تووشی ڤایرۆسەکە بوون و تەنانەت هەندێکیشیان گیانیان لەدەست داوە، بۆیەش، ئەوە دەکرێ بۆ پزیشکانی هەرێمی کوردستان ببێتە ئەزموونێک تا توندترین رێوشوێن بەرانبەر کۆرۆنا بگرنە بەر و، لە هەمان کاتدا لە بیری سەلامەتی خۆشیاندابن. لە وڵاتی ئێرانی دراوسێ، تا ئێستە 10 پزیشک و پەرستار بەهۆی تووشبوونیان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە و، دەیان پزیشکی تریش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی، کە رۆڵیان هەیە لە رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بە خاڵێکی گرنگ هەژمار دەکرێت و، ئەمەش بەوە بەستراوەتەوە حکوومەت پێداویستییەکانیان بە تەواوی بۆ دابین بکات.
هەرچەندە ڤایرۆسەکە لە چین تا رادەیەکی باش کۆنترۆڵ کراوە و، رۆژانە ژمارەیەکی کەم تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و مردنیش که‌مبووه‌ته‌وه‌، بەڵام لە وڵاتانی تری وەک ئێران و ئیتاڵیا رێژەکە لە بەرزبوونەوەدایە و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت هەنگاوەکان بەرنبەر ئەم ڤایرۆسە شل نەبنەوە.

© 2017 Hawler