نیسان 06, 2020

مەسیحییەكانی كوردستان بە دیداری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و پاپا دڵخۆشن

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

دوێنێ، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڤاتیكان لەگەڵ پاپا فرەنسیس، پاپای ڤاتیكان، كۆبووەوە. سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سوپاسی پاپای ڤاتیكانی كرد، لە بەرامبەر پەیام و ئامۆژگارییەكانی بۆ قووڵكردنەوەی گیانی ئاشتیخوازی و لێبووردن و بەیەكەوەژیان لە نێوان گەلان و پێكهاتە جیاوازەكانی جیهان و عێراق و ناوچەكە.

ڤاتیكان، بە جوگرافیا بچووكە، بەڵام دەنگێكی كاریگەر و گەورەیە، لە جیهانی سیاسەت و ئایین، پاپا رەمزی، ئایینی باوەڕدارانی مەسیحییه‌تە، خاوەن سەرمایە و رەمزیەتی ئەو بەشە جیهانەیە كە زەوی بەرێوەدەبه‌ن و بریارەكانیان كاریگەرە.
مەسیحییەكان، هەڵوێستی سەرۆك بارزانی بەرز دەنرخێنن، كە هەردەم پشت و پەنایان بووە و بەردەوام داكۆكیی لە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان كردووە.
لە كوردستان، پێچەوانەی وڵاتانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەسیحییەكان و هەموو نەتەوە و ئایینەكان بەشێوەیەكی ئاشتییانە و دۆستانە لەگەڵ یەكتر دەژین و، بەشداریی خۆشی و ناخۆشییەكانی یەكتر دەكەن.
هەیسەم پاتریوس، جێگری یانەی نوهەداری رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی لە دهۆك، بۆ "هەولێر" خستییه‌ڕوو: دیداری مەسروور بارزانی و پاپای ڤاتیكان نەك تەنیا مەسیحییەكانی كوردستان، بەڵكو هەموو مەسیحییەكانی جیهانی خۆشحال كردووە، پەیامێكیش بوو بۆ جیهان كە كوردستان لانكی پێكەوەژیانە و لە داهاتوودا زیاتر گرنگی بەو پێكەوەژیانەی كە هەیە دەدرێت. پەیامێكیشە بۆ لایەنە عێراقییەكان كە مەسیحییەكان پێكهاتەیەكی رەسەنی ناوچەكەن، نابێت چی دیكە پشتگوێ بخرێن.
شەمعون، گووتی:" لەو دیدارەدا ئاماژە بەرەوشی مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستان كراوە، سەرۆكی حكوومەت ئەو پەیامەی گەیاندۆتە پاپا، كە مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستان مومارەسەی مافە مرۆیی و ئایینی و كولتوورییەكانیان دەكەن. بۆیە، هەرێمی كوردستان نەك تەنها بۆ مەسیحییەكانی كوردستان، بەڵكو بۆ مەسیحییەكانی تەواوی عێراق، ناوچەیەكی ئارامە و دەتوانن بە ئازادی بژین.
معەن شلیمون میخۆ، بەرێوەبەری كاروباری مەسیحییەكان لە پارێزگای دهۆك، بە "هەولێر"ـی گوت:" دیداری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیكان، بۆ مەسیحییەكانی كوردستان گرنگ بوو و هەموو مەسیحییەكان بەو دیدارە خۆشحاڵن و چاوەڕێن بۆ ئەوەی بزانن لە رۆژانی داهاتوودا چی روو دەدات. جگە لەوەی پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان هەرێمی كوردستان و ڤاتیكان هەیە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە لە داهاتوودا پەرە بەو پێكەوەژیانە دەدرێت كە لە هەرێمی كوردستان هەیە و مافی پێكهاتەكان زیاتر پارێزراو دەبێت. بۆیە، ئێمە وەكو مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە دیداری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پاپای ڤاتیكان دەكەین و، هەڵوێستی سەركردایەتی كورد، بەتایبەتی سەرۆك بارزانی، بەرز دەنرخێنین كە هەردەم پشت و پەنای مەسیحییەكان بووە و بەردەوام داكۆكی لە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان كردووە.
كلارا عۆدیشۆ، سەرۆكی فراكسیۆنی كلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی كوردستان، گووتی:" پاپا، مەرجه‌عی سەرەكی مەسیحییەكانە لە هەموو جیهان، بۆیە، لەم كات و ساتەدا دیداری سەرۆكی حكوومەت و پاپای ڤاتیكان زۆر گرنگ بوو بۆ مەسیحییەكان، چونكە هەڕەشە لەسەر مەسیحییەكانی عێراق هەیە و ناوچەكانی خۆیان بەجێ دەهێڵن و روو لە هەرێم و وڵاتانی دیكە دەكەن. سەرۆكی حكوومەت ئەو پەیامەی گەیاندە پاپا كە كوردستان ماڵی هەموو پێكهاتەكانە و، مافی مەسیحییەكان چۆن لە رابردوو پارێزراوە لە داهاتووشدا زیاتر پارێزراو دەبێت. سەرۆكی حكوومەت سوپاسی پاپایشی كرد كە لە هەموو وتارەكانی لە بەرامبەر پەیام و ئامۆژگارییەكانی بۆ قووڵكردنەوەی گیانی ئاشتیخوازی و لێبووردن و بەیەكەوەژیان لە نێوان گەلان و پێكهاتە جیاوازەكانی جیهان و عێراق و ناوچەكە.
عۆدیشۆ، گوتیشی:" هەر لە دیدارەكەدا، سەرۆكی حكوومەت داوای لە پاپا كرد كە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و، بە چاوەكانی خۆی ئەو پێكەوەژیانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە ببینێت كە چۆن ئەو 8 پێكهاتەی لە هەرێم هەن بە ئاشتییانە و برایانە پێكەوە دەژین و پێكەوە كار دەكەن بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، بێ ئەوەی بچووكترین كێشەیان هەبێت، سەردانی پاپا گرنگە بۆ ئەوەی ڕۆڵی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان بە چاوی خۆی ببینێ كە چۆن بەرگریان لە پێكهاتەكان كردووە، پاپا هەردەم لە دیدار و چاوپێكەوتنەكانی خۆیدا رۆڵی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە لە پاراستنی پێكهاتەكان بەرز دەنرخێنێت، لەگەڵ ئەوەی ئەو دیدارە كاریگەریی لەسەر هەڵوێستی سەركردەكانی عێراق دەبێت كە لێرە بەدواوە مافی پێكهاتەكان بپارێزن، نەك كار بۆ ئەوەی بكەن هاووڵاتیانی مەسیحی عێراق بەجێ بهێڵن و روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، كە وەكو ئێستا دەبینین لە كۆی 3 ملیۆن مەسیحی تەنیا 150 هەزار مەسیحی ماون، ئەوانیش لە هەرێمی كوردستان دەژین. بۆیە، بەو دیدارەی سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ پاپای ڤاتیكان خۆشحاڵین و هەست بە ئارامی و ئازادی لە كوردستان دەكەین.
لە كۆتاییدا، میناس یوسف سیفو، كەسایەتی مەسیحی و مامۆستای زانكۆ، بۆ "هەولێر" باس لە دیداری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و پاپای ڤاتیكان دەكات و، دەڵێ:" بۆ مەسیحییەكان جێگەی فەخر و شانازییە و هەست بە ئارامی دەكەین، سەردانی مەسرور بارزانی بۆ ڤاتیكان و كۆبوونەوەی لەگەڵ پاپا، پەیامێكە كە مەسیحییەكانی كوردستان خەڵكی رەسەنی هەرێمی كوردستانن و، ئەو پێكەوەژیانەی كە لە هەرێم هەیە زیاتر گرنگی پێ دەدرێت، پاپاش زۆر گرنگی بە هەرێمی كوردستان دەدات و دەزانێت لەناوچەكە چ روو دەدات و كێ پێكهاتەكانی لە شەڕی داعش پاراست".

© 2017 Hawler