نیسان 06, 2020

وڵاتانی ڕۆژئاوا مەبەستییانە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوردستان بەهێزتر بکەن

پاڤین ڕەمەزان - هەولێر

 

دیداری تایبەتی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پاپا فرانسیس، پاپای فاتیکان، لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان دەنگدانەوەی هەبووە. ئەم دیدارە و تەوەری گفتوگۆکان، لێکدانەوەی فرە ڕەهەند هەڵدەگرێت. بایەخی سیاسیی خۆی هەیە و، شرۆڤەکارانی سیاسیش باس لەوە دەکەن، ئەو پێشوازییە و ئەو گرنگییەی پاپای فاتیکان بە سەرکردەکانی کوردستان دەدات، پاداشتی ئەو پێکەوە ژیانەی کوردستانە، کە بە هەوڵ و له‌خۆبووردنێکی زۆر بەدەستهاتووە؛

هەرێمی کوردستان، نموونەیەکی دەگمەنی ناوچەکە
د.پەروێز ڕەحیم، پسپۆڕی سیاسی، لەبارەی دیداری نێوان سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و پاپای فاتیکان، بۆ "هەولێر" دەڵێ:" هەرێمی کوردستان، نموونەیەکی دەگمەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەڕووی پێکەوەژیانی ئایینی و کەمە نەتەوەییەکان و بە دەگمەنیش توندوتیژی و ئایینی و نەتەوەیی تێدا ڕوونادات.
د.پەروێز، باس لەوە دەکات؛ لە هەرێمی کوردستان، چ لە ئاستی حکوومەت و چ لە ئاستی خەڵکەکەی، هیچ هەوڵێک بۆ سەپاندنی ئایینی و نەتەوەیی و ئیتیکی، نادرێت. بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ کریستیانییەکان، بۆ کەمە نەتەوەییەکان و، بە دەگمەنیش توندوتیژی مەزهەبی و ئایینی نابینین، لە کاتێکدا زۆربەی هەرە زۆری ململانێ و هەڕەشەی گروپە توندڕەو و تیرۆرستییەکان لەم ناوچەیەیە.
دەڵێت:" دوای هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان لە سوریا و عێراق، تاکە پەناگەی ئارام، هەرێمی کوردستان بوو کریستیانەکان پەنایان بۆ برد. ئەم دیدارەش جۆرێک لە سوپاسگوزارییە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، لە هەمان کاتیشدا، بەهێزی پێگەی هەرێمی کوردستانە.

ئاسایشی پاراستنی پێکهاتەکان
د.پەروێز ڕەحیم، گرنگیدانی پاپای فاتیکان، بە سەرکردەکانی کوردستان، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە کوردستان سەرکەوتوبووە لە ئاسیشی پاراستنی پێکهاتەکان و پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی کە هێزی نەرمە. پێی وایە؛ هەرێمی کورداتان دەتوانێت ئەم خاڵە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی زەمانی ئاسایشی خۆی بکات و، هاوکات لە ناوەندەکانی بڕیاری جیهانیش لە پێش چاو بگیرێت، بە بڕوای ئەو، ڕاستە جیهانی ڕۆژئاوا سکۆلارە. بەڵام، ڕای گشتی ڕۆژئاوا مەسیحییە و وا دەناسرێت.

پاپای فاتیکان دەسەڵاتێکی جیهانیی هەیە
د.سەباح سوبحی، پێی وایە، پاپای فاتیکان، بەهۆی ئەوەی نوێنەر و ڕابەری گەورەترین ئایینی جیهانە، کە ئایینی مەسیحییە، پێگە و دەسەڵاتێکی جیهانی هەیە و گرنگی پێشوازییەکەش لەمەوە سەرچاوە دەگرێت. سەبارەت بە سوودی ئەم پێشوازییەی پاپای فاتیکان لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د. سەباح دەڵێت: پێگەیەکی بەهێزی دبلۆماسی دەبەخشێتە هەرێمی کوردستان و، کوردستان دەخاتە نێو بازنەی وڵاتە دیموکراتییەکانی جیهان. د. سەباح باس لەوەش دەکات، پاپای فاتیکان لە دەسەڵاتی سیاسییەوە دوور نییە و، ڕۆڵێکی بەهێز لە بڕیارە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان دەبینێت، کە ئەمەش وا دەکات گرنگی دیدارەکە لە ڕووی دبلۆماسییەوە بەهێزتر بێت و سوودی زیاتر بە پێگەی هەرێم بگەیەنێت.

هێزی پێشمەرگە سەلماندووییەتی پارێزەری پێکەوەژیانە
سەروەر حەمە ئەمین، شرۆڤەکاری سیاسی، پێشوازیی تایبەتی پاپای فاتیکان لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هۆکارگەلی زۆری هەیە، یەکێکیان؛ داڵدەدانی هەزاران ئاوارەی کریستیانەکانی پاریزگاکانی عێراقە، کە بەهۆی فشاری گروپە توندڕەوەکانی عێراقەوە هانایان بۆ کوردستان هێناوە و کوردستان باوەشی ئارامی خۆی بۆ کردوونەوە، هۆکارێکی دیکەش؛ ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەیە، کە سەلماندووییەتی ئەرکی پاراستنی سەر و ماڵی کەمە نەتەوە و ئایینییەکانە لە ناوچەکە.

تایبەتمەندی دیداری پاپای فاتیکان
سەروەر حەمە ئه‌حمه‌د، پێی وایە دیداری پاپای فاتیکان، تایبەتمەندی خۆی هەیە.ئەو لەڕووی سیاسییەوە تایبەتمەندییەکان باس دەکات و، دەڵێت:" ئەم دیدارە، دەرخەری چەند ئاماژەیەکە، یەکێک لەو ئاماژانە؛ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانە، لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان. ئاماژەشە بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا، مەبەستیانە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی ئابووری و سیاسی و کلتووری و ڕۆشنبیری، لەگەڵ هەرێمی کوردستان گرێ بدەن و، پەیوەندییەکان بگوازنەوە بۆ قۆناغێکی پێشکەوتووتر.

کیانی بەهێزی سیاسی کوردستان
ئومێد عەبدلقادر، شرۆڤەکاری سیاسی، باس لە کەسایەتی و ڕۆڵی پاپای فاتیکان دەکات، لەسەر ئاستی سیاسەتی جیهانی و دەڵێت:" پاپای فاتیکان، تەنیا پێشوازی لە سەرۆکی وڵاتە بەهێزەکان دەکات. ئەو شرۆڤەکارە، باس لەوەش دەکات؛ دیدارەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی ئاسایشی موینشن، هاوشێوەی سەرۆکی وڵاتانی زلهێزی جیهان بوو. دەشڵێت:" پێشوازی کردن و دیداری پاپای فاتیکان، بایەخێکی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بە هەرێمی کوردستان دەبەخشێت و دەرخەری ئەوەیە کەسایەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کەسایەتییەکی بەهێز و جیهانییە و ئەم دیدارەش زیاتر بەهێزتری دەکات.

© 2017 Hawler