نیسان 06, 2020

حكوومه‌تی كوردستان ١٨٠ ملیار دینار بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سلێمانی ته‌رخان ده‌كات

چواس خالید - هەولێر

 

وه‌زیری پلاندانانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاشكرای ده‌كات، پار ٣٣ ملیار و بۆ ئه‌مساڵیش حکوومه‌ت بڕی ١٨٠ ملیار دیناری عێراقیی بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سلێمانی دابین كردووه‌ و، له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا له‌ پڕۆژه‌ گرنگه‌كانی سلێمانی ده‌ست به‌ كاركردن ده‌كرێت.

١٩ی شوبات، دارا ڕه‌شید، وه‌زیری پلاندانانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: له‌ ساڵی ڕابردوو توانرا خه‌رجی بۆ كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌، كه‌ ٨٥% یان ته‌واو بوونه‌، له‌ په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان دابین بكه‌ن.
دارا ڕه‌شید، گوتی: پار نزیكه‌ی ٣٣ ملیاریان بۆ پارێزگای سلێمانی دابین كردووه‌، ئه‌مساڵیش بڕیار دراوه‌ ١٨٠ ملیار دینار بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سلێمانی ته‌رخان بكه‌ن.
هه‌ر له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، وه‌زیری پلاندانان، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد؛ شه‌قامی ١٠٠ مه‌تریی سلێمانی و پڕۆژه‌كانی ئاوی دووكان و ده‌ربه‌ندیخان له‌ پێشینه‌ن و به‌و زووانه‌ كاریان تێدا ده‌كرێت.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد؛ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و خزمه‌تكردنی شاری سلێمانی، ئه‌مساڵ هه‌ندێك شه‌قامی دیكه‌ و ئه‌و قوتابخانانه‌ی ته‌واونه‌كراون، كاریان تێدا ده‌كرێت و ته‌واو ده‌كرێن.
له‌به‌ر چڕیی ژماره‌ی دانیشتووان، پێشترێ بوودجه‌ی ته‌رخانکراو بۆ سلێمانی له‌ جێیه‌کانی دیکه‌ پتربوو، که‌چی ئه‌گه‌ر پارێزگای سلێمانی له‌گه‌ڵ پارێزگاکانی دیكه‌ی كوردستان به‌راورد بکرێن، كه‌مترین پڕۆژه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزاریی تێدا جێبه‌جێ كراوه‌، به‌ڵام دوای ده‌ستبه‌كار بوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گرنگیی زیادتر به‌و پارێزگایه‌ ده‌درێت و كاره‌كان له‌ژێر چاودێریی حكوومه‌ت ده‌كرێن، كه‌ پارێزگاری سلێمانی هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، له‌م كابینه‌یه‌ به‌ به‌راوردی كابینه‌كانی دی، زیادتر نازی سلێمانی هه‌ڵده‌گیرێت و خزمه‌تی زیاتری پێشكه‌ش ده‌كرێت.

© 2017 Hawler