شوبات 26, 2021

پارێزگاری هەولێر چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە ناحییەی دیبگە کردەوە


د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری شاندێک، هەردوو ناحییەی شەمامک و دیبگەی بەسەرکردەوە و بەشێک لە پڕۆژەکانی ناوچەکەی کردەوە گوتی: ئێمە بۆ ئەو دەڤەرە کە بە بەشێکی گرنگی دەزانین.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە 2020.2.11 بەمەبەستی بەدوا داچوونی کێشە و کەم و کوڕییەکان و کردنەوەی بەشێک لە پڕۆژەکانی ناوچەکە، د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری شاندێک کە پێکهاتبوو لە قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر و قایمقامی قەزای مەخمور و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی هەولێر و نوێنەری کۆمپانیای کار، هەردوو ناحییەی شەمامک و دیبگەی بەسەرکردەوە و بەشێک لە پڕۆژەکانی ناوچەکەی کردەوە.

پارێزگاری هەولێر لە سەرەتای سەردانەکیدا لە ناحییەی شەمامک، لە دانیشتنێکیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحییە و بەرپرسانی دیکەی ئیداری و حکومی ناوچەکە،  لەکەم و کوڕی و کێشە و گرفتەکانی دەڤەرەکەی کۆڵییەوە و لەلایەن ئامادەبووانەوە تیشک خرایە سەر پێویستی ناوچەکە بە فراوانکردنی قوتابخانە و کردنەوەی داینگە و دروستکردنی بنکەی تەندروستی و قیرتاوکردنی بەشێکی شەقام و کۆلانەکانی ناحییەکە، پارێزگاری هەولێر لەلایەن خۆیەوە ئاماژەی بەوەدا وەکو پارێزگای هەولێر هەرچی لە تواناماندا هەبێ بۆ چارەسەرکردنی کەم و کوڕییەکان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیانی دەڤەرەکە دڵنیابن دەیکەین و درێغی لێ ناکەین.

پاشان پارێزگاری هەولێر سەردانی ناحییەی دیبگە کرد و لەلایەن بەڕێوەبەری ناحییە و بەرپرسانی دیکەی ئیداری و حکومی و پیاوماقوڵ و ڕیش سپیانی دەڤەرەکە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا، لەدانیشتنێکدا لەگەڵیان پارێزگاری هەولێر وتی: "ئەمرۆ ئێمە وەکو پارێزگای هەولێر هەردوو ناحییەی شەمامک و دیبەگەمان بەسەرکردەوە، هەم بۆ بە دواداچوونی کێشە و کەم و کوڕییەکان و هەمیش بۆ کردنەوەی بەشێک لەو پڕۆژانەی کە بە شێکی لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ کراوە و بەشێکیشی بە سوپاسەوە لەلایەن کۆمپانیای کار جێبەجێ کراوە، لەو سەردانەماندا ویستمان هەم سوپاسیان بکەین هەمیش پڕۆژەکان بەسەر بکەینەو".

پارێزگاری هەولێر لەدرێژەی قسەکانیدا هەروەها وتی: "ئەو دەرفەتەشمان بە پێویست زانی ئەمڕۆ لەو سەردانەماندا لەگەڵ پیاو ماقوڵ و ریش سپیانی دەڤەرەکە کۆببینەوە و گوێ لە پێویستی و کەم و کوڕییەکانتان بگرین، سەبارەت بە ئێمە وەکو پارێزگای هەولێر ئەم سنورە سنورێکی زۆر گرنگە و بە تەئکید لە پلانی کاری داهاتووماندا وەکو پارێزگای هەولێر بە پشتیوانی خوا ئەگەر دۆخی دارایی بەرەو باشی بڕوات و هەنگاوەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق دوای تەشکیلکردنی ئەو کابینە نوێیەی عێراق تەواوبێت، ئێمە بۆ ئەو دەڤەرە کە بە بەشێکی گرنگی دەزانین لە پارێزگای هەولێر هەرچی لە تواناماندا هەبێت و هەرچی پێمان بکرێ بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم سنورە و بۆ پشتیوانیکردنی ئەم سنورە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکان درێغی ناکەین و بەهیچ شێوەیەکیش ئامادەنین دەست بەرداری ئەم ناوچانە بین،  ئەو ناوچەییە بەنیسبەتی ئێمەوە وەکو پارێزگای هەولێر ناوچەیەکی گرنگ و هەستیارن، جارێکی تر سوپاس بۆ پێشوازی گەرمی ئێوە و سوپاس بۆ برای بەڕێزم کاک باز خاوەنی کۆمپانیایی کار کە دەستیکی باڵایان هەبووە لە ئاوەدانکردنە و گەیاندنی خزمەتگوزاری بەم ناوچەیە، کە لەلایەکی تریش بەشێک لەو پڕۆژانە لەسەر بودجەی حکومەتی ئیتحادی و بەشێکیشی لەلایەن ئێمەوە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان جێ بەجێکراون، پەنابەخوا لە ئایندەدا هەوڵ دەدەین ئەوەی کە پێمان بکرێت درێغی نەکەین و لەسەر هەموو ئاست و سێکتەرەکانی (ڕێگاوبان و کارەبا و ئاو و پێداویستیەکانی تری گرنگی خزمەتگوزاری وەک کەرتی پەروەردە و تەندروستی) هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەک و ئیدارەی پارێزگای نەینەوا کە هەماهەنگییەکی زۆرباشمان هەیە لەگەڵیان و هەوڵ دەدەین ئەو هەماهەنگی و هاوکارییەش پەرەی زیاتری پێبدەین بۆ ئەوەی لە دەرەنجامدا بتوانین خزمەتی زیاتری هاوڵاتیانی ئەو دەڤەر و سنورە بکەین".

دوای کردنەوەی هەردوو پڕۆژەی یاریگای وەرزشی کەندێناوە لە ناحییەی دیبەگە و بنکەی تەندروستی گوندی حەسارۆک لەلایەن د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری، پارێزگاری هەولێر هەر یەک لە پڕۆژەکانی (هۆڵی بۆنەکانی گوندی دارەخورما) و (خولی دورمانی ئافرەتانی ناحیەی شەمامک و کەندێناوە) و (بنکەی تەندروستی گوندی شێخ شێروان) و (یاریگای وەرزشی گوندی چل هەوێزە) و (بیری ئیرتیوازی و گەیاندنی تۆڕی ئاوی گوندی چل هەوێرە) و (تێکەڵە ڕێژکردنی شەقامی گوندی یەدیقۆ) و (نوژەنکردنەوەی قوتابخانەی ئامەدی ناحییەی کەندێناوە) و (هۆڵی بۆنەکانی گوندی بەرزەوار) و (هۆڵی بۆنەکانی گوندی خۆشناو) و (پڕۆژەی ئاوی گوندی هێلەوە) و (پڕۆژەی ئاوەڕۆیی گەڕەکی تەعجیلی نوێی لە ناحییەی شەمامک) و (هۆڵی بۆنەکانی ناحییەی کەندیناوە)ی بەسەرکردەوە.

 

© 2017 Hawler