
له سلێمانی به ئاماده‌بوونی محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و به‌رپرسانی هه‌رێم، نووسینگەی پەسەندکردنی بەڵگەنامەکان سه‌ر به وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق كرایه‌وه.
ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه له شاری سلێمانی به ئاماده‌بوونی محه‌مه‌د حه‌كیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و سه‌فین دزه‌یی به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی، فه‌رمانگه‌ی كونسوڵگه‌ری به‌شی په‌سه‌ندكردنی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق كرایه‌وه.
دواتر سه‌فین دزه‌یی به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند ته‌نها رێگه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ئه‌نجامدانی گفتوگۆیه، هه‌روه‌ها سه‌فین دزه‌یی گوتیشی پێش رووداوه‌كانی یه‌كی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو گفتوگۆیه‌كی جددی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌بووه و گه‌یشتبووینه ئه‌نجامێكی باش له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق.
به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی هیوادارین له كابینه‌ی ئاینده‌شدا له گفتوگۆكردندا به‌رده‌وام بین و به لێكتێگه‌یشت كێشه‌كانی نێوانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
سه‌فین دزه‌یی به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی ئه‌م نووسینگه‌یه كارئاسانییه‌ك بۆ هاووڵاتیان ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌كانیان له سلێمانی، كه به هه‌مان شێوه ئه‌مڕۆ له هه‌ولێر كرایه‌وه، هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتی ته‌واوی ئه‌م نووسینگانه ده‌كات بۆ پشتیوانیكردنی هاووڵاتیان.
لای خۆشیه‌وه محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق له‌لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان گوتی: نووسینگه‌كه یارمه‌تی خه‌ڵكی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری ده‌دات بۆ راپه‌ڕاندنی هه‌موو جۆره‌كانی پشتگیریكردن و ئاسانكاریه‌كه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌ركی راپه‌ڕاندنی كاره‌كانیان له به‌غدا.