ئەم پەڕەیە چاپ بکە

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی عێراق: هەواڵی کشانەوەی سێ وڵاتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش هەڵبەستراوە

 

سلێمان تاشان - هه‌‌ولێر

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی عێراق، بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە بارەی داخوازیی سێ وڵاتی هاوپەیمانیی نێودەولەتیی دژی داعش، بۆ کشانەوەیان لە عێراق رەتدەکاتەوە و، دەڵێ: ئەوەی گوتراوە دوورە لە راستییەوە و پرسەکەش هیچ پێوەندییەکی بە ئەوان نییە و، لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەت و پەرلەماندایە. ئەو داواشی لە میدیاکان کرد هەواڵی ناراست بڵاو نەکەنەوە.

تەحسین خەفاجی، بۆ سۆمەریەنیوز گوتوویەتی: هەواڵیک لەبارەی ئەوە بڵاوکراوەتەوە گۆیا هەر یەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فڕەنسا و ئوسترالیا داوایان لە ئەوان کردووە کاتێکی دیاریکراو بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق دیاری بکرێت، لە کاتێکدا هیچ داواکارییەکی لەم شێوەیە بە دەست ئەوان نەگەیشتووە.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش داوە فەرماندەیی ئوپەراسیۆنی هاوبەشی عێراق هیچ جۆرە بەرپرسیارێتییەکی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق نییە و، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق بۆیان هەیە لەو بارەیەوە بڕیار بدەن، چونکە هێزەکانی عێراق تەنیا بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن و هەوڵی هەماهەنگی و هاوکاری دەدەن.
ئەم هەڵویستەی گوتەبێژی فەرماندەیی ئوپەراسیۆنی هاوبەش دوای ئەوە دێت کە بەدر زیادی ئەندامی کۆمسیۆنی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، رۆژی دووشەم بۆ میدیای فەرمیی حکوومەتی عێراق گوتبووی هەر یەک لە ئوسترالیا، فڕەنسا و ئەڵمانیا داخوازییەکیان پێشکەش بە فەرماندەیی ئوپەراسیۆنی هاوبەش کردووە کاتیک بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق و هەرێی کوردسستان دیاری بکرێت.
ئەو، باسی لەوەش کردبوو هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئێستا سەرجەم چالاکییەکانی خۆیان لە دژی داعش راگرتووە و، هیچ بەرپرسیارێتیشیان پێ نەسپێردراوە و ئەوە هێزەکانی عێراقین کە بەرپرسیارێتی پاراستنی عێراقیان بە تەواوی بە ئەستۆ گرتووە.
قسەکانی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدایە لە چەند هەفتەی رابردوودا هێزەکانی هاوپەیمانان چەندین جار لە دژی مۆڵگەکانی داعش چالاکییان هەبووە و، لە پێشکەشکردنی یارمەتییەکانیان بەردەوامن.
پێویستە بگوترێت قسە و باسی کشانەوە یان نەکشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لە دوای ئەوە سەری هەڵداوە کە سەرەتای مانگی رابردوو پەرلەمانی عێراق بە دەنگی لایەنەکانی شیعە پڕۆژەیەکی پەسند کرد، بە گوێرەی پڕۆژەکە دەبێت هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بکشێنەوە.
کورد و زۆرینەی لایەنەکانی سوننە، لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بەشدارییان نەکرد و راشیان گەیاند: ئەوان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان نین تا ئەو کاتەی هەڕەشە و مەترسیی داعش لە ناوچەکە مابێت.
هەڵوێستەکەی پەرلەمانی عێراق زیاتر هەڵویستێکی پەرچەکردارانە بوو لە دژی ئەو هێرشەی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە دژی فەرماندەیەکی باڵای ئێران و حەشدی شەعبی کردی.
لە سێی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و، ئەبومەهدی موهەندیس، جیگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و، ژمارەیەک پاسەوان و فەرماندەی تری کردە ئامانج. ئەم هێرشە تارادەیەک شیعەکانی لە دەوری یەکتر کۆ کردەوە و لە دژی ئەمەریکا هەندێک هەڵویستی توندیان دەربڕی.
دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لەسەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەولەتی، ئەمەریکا هەڵویستی وەرگرت و سەرۆکی ئەو وڵاتە داوای قەرەبووی هێزەکانی ئەمەریکای کرد و، تەنانەت هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووریشی لە دژی عێراق کرد.
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە چەند ساڵی رابردوودا رۆڵی زۆر کاریگەریان بینیوە لە لەناوبردنی داعش و ئەو وڵاتانە هاوکاری و راهێنانیان پێشکەشی پێشمەرگەش کردووە. لەدوای ئەو مەترسی و هەڕەشانەی بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دروستبووە، هاوپەیمانان زیاتر سوورن لە سەر مانەوەیان لە عێراق و رەتیدەکەنەوە عێراق بۆ لایەنی تر جێبهێڵن.
لە هەشتی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئێران کۆمەڵێک مووشەکی ئاراستەی بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق کرد، کە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوو.