ئاب 13, 2020

دوای ڕاسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی، بۆ سەرۆکوەزیرانی عێڕاق، خۆپێشاندان و دۆخی نێوخۆی عێراق بەرەو چارسەر نەچووە. بەردەوامی خۆپێشاندانەکان و فراوانتربوونیان نیشانەی ئەوەیە، بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە هەنگاوی دیکە پێویستە.

لە درێژەی خۆپێشاندانەکان، توندوتیژی و کوشتن و بەکارهێنانی بۆمبی فرمێسک ڕێژ و بەکارهێنانی چەک ڕوو له‌ زیادییه‌ و، خۆپیشاندەران لە چەند ناوچەیەک پەلاماری دامودەزگا حکوومییەکان و زانکۆ و ناوەندە حکوومییەکانیان داوە و، لە وەڵامدا هێزە ئەمنییەکان تەقەیان بە ئاراستەی خۆپێشاندەران کردووە، بەو هۆیەوە لە پارێزگای زیقار، خۆپێشاندەرێک کوژراوە و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
لە چەندین پارێزگای دیکەش، خۆپێشاندەران ڕێگا سەرەکییەکانیان گرتووە و، هاتوچۆیان بە تەواوی پەکخستووە.
باڵێۆزخانەی ئەمریکاش لە عێراق، هۆشداری داوە لەوەی لە ٣ ڕۆژی داهاتوودا، دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت و خۆپێشاندانی بەرفراوانتر لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەڕێوە بچێت. باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێڕاق، ھۆشداریشی بە ھاووڵاتیانی داوە، خۆیان لەو شوێنانە بەدووربگرن و داوایلێكردن، له‌ بینایه‌ی باڵیۆزخانەش‌ نزیك نه‌بنه‌وه‌.
ئەمەش لە کاتێکدایە، موقتەدا سەدر، ئێستا ڕاستەوخۆ دەستی خستووەتە نێو یارییەکەوە و هانی لایەنگرانی خۆی داوە، بچنە نێو خۆپێشاندەران و هەوڵی بەلاڕێدابردنی خۆپێشاندانەکان بدەن. ئەمەش کێشەی خستووەتە نێو شەقامەکانی بەغدا و خۆپێشاندەرانی سەدر هەوڵدەدەن خۆپێشاندەرە مەدەنییەکان لە جێگا و شەقامە سەرەکییەکان دوور بخەنەوە و خۆیان تێیدا جێگیر ببن.
ڕاوێژکارێکی موقتەدا سەدریش، لەبارەی کاندیدکردنی محەمەد تۆفیق عەلاوییەوە، ڕایگەیاندووە؛ ئەگەر سەرۆکوەزیرانی داهاتوو حکوومەتەکەی لە کەسانی حزبی پێکبهێنێت، ئەوا عێراقی بۆ دەکەینە دۆزەخ و لە ماوەی سێ رۆژدا حکوومەتەکەی شکستپێدەهێنین".
ئەو ڕاوێژکارە ئەمنییەی سەدر، ئەوەشی ڕاگەیاندووە؛ دەبێت عەللاوی بەر لە کۆتاییهاتنی وادەی دەستووری کابینەی حکوومەتەکەی پێشکەش بە پەرلەمان بکات".
ئەمەش لە کاتێکدایە، محەمەد تۆفیق عەلاوی، ڕایگەیاندبوو، لە پێناو پێکهێنانی کابینەیەکی سەرکەوتوو، لەگەڵ خۆپێشاندەران و پەرلەمانتاران و لایەنە هاوبەشەکانی نێو حکوومەت کۆدەبێتەوە و بڕیارە سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات.
لە کۆتاییەکانی پارەوە، عێراق بە زنجیرەیەک تەنگەژەی نێوخۆیی و ئیقلیمیدا تێدەپەڕێت. خۆپێشاندانی بەرفراوانیش بەغدای پایتەخت و چەندین پارێزگای دیکەی عێراقی گرتووەتەوە و ئەم ڕووداوانەش، دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدلمەهدی و کوژرانی سەدان خۆپێشاندەری بەدوای خۆیدا هێنا.

© 2017 Hawler