شوبات 23, 2020

هەر هاووڵاتیەك پێوەری كارەبای نەبێت یان زێدەڕۆیی كردبێت سزا دەدرێت

ڕائیب جادر - سۆران

 

لە سنووری قەزاكانی سۆران، هەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا بەردەوامە، تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر لە هاوبەشانی كارەبا بەسەر كراونەتەوە و ئەو شوێنانەی سەرپێچیان كردبوو سزا دراون. هاووڵاتییانیش ئەو هەنگاوەی حكوومەتی هەرێم بە كارێكی باش دەزانن لە بواری چاكسازی لە كەرتی كارەبا. بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆرانیش دەڵێ:" بە نەهێشتنی زێدەرۆیی و سەرپێچییەكان بڕێكی زۆر لەو وزەیە دەگەڕێتەوە و، دۆخی كارەباش باشتر دەبێت.

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای سۆران كە هەر چوار قەزای سۆران، مێرگەسۆر، رواندز و چۆمان بە هەموو ناحیەكانەوە لە خۆ دەگرێت، هەڵمەتی لابردنی سەرپێچییەكانی سەر تۆڕی كارەبا دەستیپێكرد، داوا لە هاووڵاتییان كراوە، ئەوەی سەرپێچی هەیە بە زووترین كات سەرپێچییەكەی لابدات پێش ئەوەی لیژنەكان ببینن، چونكە لەكاتی بینینی سەرپێچی غرامە دەكرێن و دەدرێنە دادگا.

هاووڵاتییان ئەو هەنگاوەی حكوومەتی هەرێم بە كارێكی باش دەزانن
موحسێن عەزیز، هاووڵاتییەكی سۆرانە، بۆ "هەولێر" دەڵێت:" داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین وەكو یەك تەماشای هەموو هاوبەشانی كارەبا بكەن، نەك كارەبای هەژاران ببڕن و سزا بدەن، كارەبای بەرپرسانیش هەر وەكو خۆ بێت و سزایا نەدەن.
خدر وەیسی، هاووڵاتییەكی دیكەیە، بۆ "هەولێر" گوتی:" ئەو هەنگاوەی حكوومەتی هەرێم بە كارێكی باش دەزانین لە بواریی چاكسازی لە كەرتی كارەبا، هیوادارین ئەو هەڵمەتە بەردەوام بێت، ئەو كەسانەی زێدەڕۆییان كردۆتە سەر كارەبا سزا بدرێن، بۆ ئەوەی رەوشی كارەبا باشتر بێت.
زیاد حاجی، هاووڵاتییەكی شارۆچكەی رواندزە بۆ "هەولێر" دەڵێت:" لەو بڕیارەی حكوومەتی هەرێم خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت سوودمەندی یەكەم دەبن، چونكە بە نەمانی زێدەڕۆییەكان كاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاتر دەبن، پێش ئەو هەڵمەتە بە دەیان كەس دەناسم بە زێدەڕۆیی كارەبایان راكێشاوە، یان پێوەریان نەبووە، مانگانە یەك دیناریان نەدەدا، كەچی هەر دوو مانگ جارێك زیاتر لە 45 هەزار دینارم دەدا، ئێستا ئەوانیش ناچار دەبن وەكو من پێوەر ببەستن و پارەی كارەبا بدەن، بەوەش هەم پارەیەكی زۆر بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە، هەمیش كاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر دەبن، بۆیە دەستخۆشی لە پارێزگاری هه‌ولێر دەكەین و هیوادارین لەسەر ئەو هەڵمەتە بەردەوام بێت.

هەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا بەردەوامە
فەیسەل حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای قەزاكانی سنووری سۆران، بۆ "هەولێر" دەڵێت:" هەڵمەتەكە بەردەوامە رۆژانە تیمەكانمان لە شاروشارۆچكەكان دەگەڕێن، لە بڕینی سەرپێچییەكان جیاوازی لە نێوان كەسدا ناكەین، هەموو ماڵ و شوێن و كەرتێك دەگرێتەوە و جیاوازی لە نێوان كەسدا ناكرێت، واتە چ بەرپرسێك، یان هاووڵاتییەكی ئاسایی بێت، دەبێ سەرپێچییەكانی سەر كارەبا لاببردرێت، تا ئێستا زیاتر لە 700 ماڵمان بەسەر كردۆتەوە، بۆ ئەوەی هەر كەسێك زێدەڕۆیی كردبێتە سەر كارەبا، یان پێوەری كارەبای نەبەستبێت، سزا بدرێت، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین لەگەڵ تیمەكانمان هاوكار بن.

دۆخی كارەبا باشتر دەبێت
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای قەزاكانی سنووری سۆران، دەشڵێ:" بە نەهێشتنی زێدەرۆیی و سەرپێچییەكان بڕێكی زۆر لەو وزەیە دەگەڕێتەوە و دۆخی كارەباش باشتر دەبێت، بۆیە ئامانجی ئەو هەڵمەتە خۆی لە دوو خاڵی گرنگ دەبینێتەوە، یەكەم باشتركردنی دۆخی كارەبا، دووەم ئەو زیانانەی كە بەر تۆڕی كارەبا دەكەون بۆ نموونە سووتانی كێبڵ یان سووتانی بگۆڕی كارەبا، لەناو گەڕەكەكان كە زۆربەی هەرە زۆری بەهۆی ئەم سەرپێچیانەوەیە ئەویش چارەسەر دەكرێن.

سەرپێچییەكانی كارەبا دابەشكراون بەسەر دوو جۆر
فەیسەل حوسێن، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" سەرپێچیەكانی كارەبا دابەشكراون بەسەر دوو جۆر هەر هاوبەشێك پێوەری كارەبای نە بەستووە یان بەجۆرێك لە جۆرەكان دەستكاری پێوەری كردبێت، یان زێدەڕۆییان لەسەر تۆڕەكانی كارەبا كردبێ، ئەوانەی لەلایەن یەكە ئیداری و شارەوانییەكان پشتگیری نەكرا‌ون بۆ پێدانی كارەبا ئێستا تەزووی كارەبایان پێ دەدرێت، بەبێ پێ بژاردنێك بۆیان دابنرێت، چونكە زۆربەیان لەبەر حاڵەتێك پێشتر لە لایەن یەكە ئیداری و شارەوانییەكان پشتگیری نەكراون پەنایان بردووە بۆ سەرپێچی، ئەوانە پێوەریان بۆ دەبەسترێت و هیچ غرامەیەك ناكرێن، ئەوانی تر كە پێوەریان سووتاوە سەردانی بنكەكانی كارەبایان نەكردووە یان دەستكاری مۆری پێوەریان كردبێت، پێشتر پشتگیری كراون، بەڵام زێدەڕۆیی كردووە هێڵی زیاتریان راكێشاوە یان بە هەر جۆرێك زێدەڕۆیی و سەرپێچیان لەسەر تۆڕی كارەبا كردبێت، ئەوانە بە دوو ساڵ بە پێی جەردی ناوماڵ ئەو كەلوپەلانەی رۆژانە بەكاردێنن پارەكەیان بۆ هەژمار دەكرێت، لەگەڵ بڕی 60 هەزار دینار سزای سەرپێچی.

هاوبەشانی كارەبا زیاتر لە 50 ملیار دینار قەرزدارن
فەیسەل حوسێن، روونیشیكردەوە:" خەڵكێكی زۆر لەو دوو مانگەدا سەردانی فەرمانگەی كارەبایان كردووە بۆ نەهێشتنی زێدەڕۆیی، یان بەستنی پێوەری كارەبا، داواش لەو هاووڵاتییانە دەكەین كە زێدەڕۆییان كردۆتە سەر كارەبا یان پێوەری كارەبایان نەبەستووە سەردانی فەرمانگەكانی كارەبا بكەن، پێش ئەوەی تیمەكانی ئێمە سەردانی ئەو ماڵانە بكەن و سزا بدەن، هاوبەشانی كارەبا لە سنووری ئەو چوار شارۆچكەیە زیاتر لە 50 ملیار دینار قەرزدارن".

دوا ژمارە

  • رۆژنامه‌كان
    شوبات 23 2020
  • رۆژنامه‌كان
    شوبات 20 2020
  • رۆژنامه‌كان
    شوبات 19 2020
  • 1
  • 2
  • 3
© 2017 Hawler