ئاب 13, 2020

پێنج پردی په‌ڕینه‌وه‌ی هاووڵاتیان‌ لە هەولێر دادەنرێن

 

سلێمان تاشان - هه‌‌ولێر

 

بڕیارە بە هاوکاریی کەرتی تایبەت و بوودجەی شارەوانی و هاتوچۆ، پێنج پردی تایبەت بە پەڕینەوەی هاووڵاتییان لەسەر شەقامە خێراکانی هەولێر دابنرێن و، پۆلیسی هاتوچۆی هەولێریش دەڵێ: شوێنی پێویست بۆ دانانی ئەو پردانە لە هەولێر زۆرن، بەڵام ئێستا گرنگی بەو شوێنانە دەدەن کە زۆر پێویستترن پردیان بۆ دابنرێت.

هەولێری پایتەخت، رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبێت و شەقام و رێگا سەرەکییەکانیشی بەرینتر و خێراتر دەکرێن، جگە لەو شەقامە سەرەکییە مۆدێڕنانەی باوەشیان بە شارەکەدا کردووە. ئەوەی جێگەی تیڕامانە بریتییە لەوەی لەگەڵ گرتنەبەری رێوشوێن بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و جووڵەی خێراتری ئۆتۆمبێلەکان، وەک پێویست بیر لە پیادەڕۆ و هاووڵاتییان نەکراوەتەوە.
جاران شەقامەکان بەرتەسکتر و جووڵە و خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیش، کە یاسا و رێنماییەکان دیاریان کردبوو، کەمتر بوو و، هاووڵاتی ئەگەر لە شەقامێکی وەک 30 مەتری یان 40 مەتری هەولێر ویستبای بپەرێتەوە، ئەوا ترسی رووداوی هاتوچۆی نەبوو و، شوفێر و پیادەڕۆ دەرفەتیان بە یەکتر دەدا، بەڵام لە شەقامە خێراکانی وەک 100 مەتری و 120 مەتری و، ئەو شەقامانەی دەرەوەی هەولێر بە سەنتەر گرێدەدەن، ئەو دەرفەتە نییە و پیادەڕۆ ناتوانێت بە ئاسانی لە لایەکی شەقام بەرەو لایەکی تر بپەرێتەوە و، کاتێکیش هیچ چارەیەکی نەبێت ئەوا تا رادەیەک گیانی دەخاتە مەترسییەوە.
کاتێک لە چوار تا پێنج سایدی جیاوازدا، ئۆتۆمبێلەکان لە خێرایی نزیک 80 کیلۆمەتر دەڕۆن، ئەوا پیادەڕۆ ناتوانێت لە یەک کاتدا خۆی لە سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان رزگار بکات و باشترین چارەسەریش بۆ ئەم دۆخە پردی پەڕینەوەیه‌.
سەرەتای ئەم هەفتەیە لە سەر شەقامی سەرەکی هەولێر کەسنەزان یەکێک لەو پردانە دانرا کە جێگەی دڵخۆشیی هاووڵاتیانە، بەڵام زۆرێک لە شەقامەکانی هەولێر پێویستییان بەو جۆرە پردانە هەیە و لە هەندێک شوێن بە ناچاری تاسە دانراوە کە قەرەباڵغیی بەدواوە بووە. بۆ نموونە لە شەقامی سەرەکی هەولێر- کەرکووک دوای دەرچوون لە پردی 120 مەتری قەرەباڵغییەکی زۆر لە بەرانبەر بەشەناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدین دروست دەبێ و ئەگەر پردێکی پەڕینەوەی پیادەڕۆ لەم شوێنە دابنرێت لە لایەک قوتابیان و هاووڵاتیان بێ ترس دەپەڕنەوە و لە لایەکی تر قەرەباڵغیی شەقامەکەش کۆتایی پێ دێت.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، بۆ هەولیر باسی لەوە کرد کە لەدوای دەستبەکاربوونی دکتۆر فرسەت سۆفی، پاریزگاری هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر ئەم کێشەیان لەگەڵیان باس کردبوو و، هەر ئەوکات بەڵینی دا ژمارەیەک پردی تایبەت بە پیادەڕۆ دروست بکرێن کە دیارە یەکێکیان لە شەقامی کەسنەزان نزیک ماجیدی مۆڵ دانراوە و بەمزووانە چواری تر جێبەجێ دەکرێن.
ئەو گوتی: دوو لەوانە لەسەر بوودجەی شارەوانی و، دووی تریان لەسەر بوودجەی هاتوچۆ و، یەکێکیشیان لەسەر بوودجەی کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکرێن.
لەبارەی ئەو شوێنانەی کە بڕیارە پردی په‌ڕینه‌وه‌یان لێ دابنرێت ئەو بەرپرسەی پۆلیس، گوتی: شوێنی پێویست و پێوسیتر هەیە و، لە قۆناغی یەکەم گرنگی بەو شوێنانە دەدەن کە پێویستترن. نزیک مزگەوتی خەدیجەی کوبرا، قوتابخانەی بارزانی نەمر و، چەند شوێنێکی تر دەستنیشان کراون پردیان بۆ دابنرێت.
ئەو رەتیکردەوە پڕۆژەکە لە ماوەی پێنج سەعاتدا جیبەجێ کرابێت، کە بەشێک لە میدیاکان باسیانکردووە، بەڵکو دانانی پردەکە لە دوای دروستکردن ئەو ماوەیەی پێچووە و، پێشتر کۆمپانیایەکی تورکی چوارچێوەکەی دروستکردووە و دواتر کۆڵەکەی پردەکە لە هەر دوو به‌ری شەقامەکە دانراوە و شەوێکیش چوارچێوەکە لەسەر پایەکان جێگیر کرا کە تا نیوەشەوی خایاند.
هەرچەندە لەو پڕۆژانە هاووڵاتییان بە یەک چاو سەیر کراون و رەچاوی کەمئەندامان و بەساڵاچووان نەکراوە، بەڵام دیسان بە هەنگاوێکی گرنگی پاراستنی مافی پیادە هەژمار دەکرێت.

 

© 2017 Hawler