تەمموز 12, 2020

یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێچییەكان دروست دەكرێن

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری هەرێم، لە هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 200 هەزار كرێچی هەن. كرێچییەكانیش داوا لە حكوومەت دەكەن یەكەی نیشتەجێ بوونیان بۆ دروست بكرێت، بۆ ئەوەی لە كرێچی ڕزگار بن. سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی هەرێمی كوردستان، دەڵێ: پرۆژەیەكمان بۆ باشتركردنی ژیانی كرێچییەكان پێشكەشی حكوومەت كردووە، كە مانگانە بە 100 دۆلار دەبنە خاوەن یەكەی نیشتەجێ بوون.

موراد مستەفا، كە زیاتر لە 15 ساڵە كرێچییە، بۆ "هەولێر" گوتی:" كرێچی زۆر ناخۆشە، جگە لەوەی هەموو مانگ دەبێت پارەی خانووەكە بدەی، هەر دوو مانگ جارێك خاوەن خانووەكە دێت داوای پارەی زیاتر دەكات. داوا لە حكوومەت دەكەین یان یەكەی نیشتەجێ بوون بۆ كرێچییەكان دروست بكات، یانیش پەرلەمانی كوردستان بە یاسایەك كرێ خانوو لە شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دیار بكات، بۆ ئەوەی هەر دوو مانگ جارێك خاوەن خانووەكان كرێ لەسەر كرێچییان گران نەكەن.
حاجی ئەحمەد، كە زیاتر لە 25 ساڵە لە سۆران لە خانووی كرێدا دەژیت، بۆ "هەولێر" دەڵێ:"لەوەتەی ژیانی هاوسەرگیریم پێكهێناوە هەر لە خانووی كرێدا دەژیم، منداڵی كچ و كۆڕم هەنە، كچەكان شوویان كردووە، دوو كوڕیش ژیانی هاوسەرگیرییان پێكهێناوە و بوونەتە خاوەن خانووی خۆیان، هێشتا نەمتوانیوە دوو ژوور خانوو بۆ خۆم دروست بكەم و لە كرێچی ڕزگار بم. بۆیە، داوا لە حكوومەت دەكەم یەكەی نیشتەجێ بوون لە شاروشارۆچكەكانی كوردستان دروست بكات، بۆ ئەوەی لە كرێچییاتی ڕزگار بم و ببمە خاوەن خانووی خۆم، كە ئەوە یەكێك لە ئاواتەكانی منە.
سادق شەمسەدین، كە خەڵكی دهۆكە، هەر ساڵه‌و لە خانوو و گەڕەكێكی ئەو شارەدا دەژیت، دەڵێ: هەر ساڵه‌و لە خانوو و گەڕەكێكی نوێی دهۆك دەژیم. ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە لە توانامدا نییە پارچە زەوییەكی دوو سەد مەتری بۆ خۆم بكڕم و خانوو لەسەر دروست بكەم، جگە لەوەی خاوەن خانووەكە هەر شەش مانگ جارێك نرخی خانووەكە گران دەكات، لەبەر ئەوەی هیچ مووچەیەكم نییە و كرێكاری دەكەم، بە پارەی كرێكاری ناتوانم كرێی خانووەكە بدەم. بۆیە، ناچارم هەر چەند مانگ جارێك بەدوای خانوویەكی نوێدا لە یەكێك لە گەڕەكەكانی دهۆك بگەڕێم و، خانوویەك پەیدا بكەم، كە لەگەڵ ژیان و گوزەرانی من دەگونجێت.
حوسێن عەلی، كرێچییەكی دیكە، بە "هەولێر"ـی گوت:" ئەو خانووەی كە من تێیدا دەژیم، خانوویەكی زۆر ناخۆشە، هەر كاتێك باران ببارێت دلۆپە دەكات، جگە لەوەی زۆر ساردە، لەگەڵ ئەوەش مانگانە دوو سەد هەزار دینار كرێیەكەی دەدەم، چەندین جار بە خاوەن خانووەكەم گوتووە یان وەرە نۆژەنی بكەوە، یان كرێیەكەی هەرزان بكە، بەڵام نە كرێیەكەی هەرزان دەكات، نە نۆژەنی دەكاتەوە، منیش لە توانامدا نییە خانوویەكی دیكە بە كرێ بگرم، بۆیە، بەو زستانە ساردە لەناو ئەو خانووەدا دەمێنمەوە، كە هەموو رۆژێك لەبەر سەرما منداڵەكانم نەخۆش دەكەون. بۆیە، داوا لە حكوومەت دەكەین یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێچییەكان دروستبكەن، ئەگەر خانووەكان بچووكیش بن بەس لە كرێچییاتی ڕزگار بین.
بەرهەم قەرەداغی، سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان لە هەرێمی كوردستان، بە "هەولێر"ـی گوت:" نزیكەی 90 هەزار كرێچی لە كۆمەڵەكەمان تۆمار كراون و لە خانووی كرێدا دەژین. بەڵام بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری هەرێم، زیاتر لە 200 هەزار كرێچی لە هەرێمی كوردستان هەن، ساڵانە ژمارەی كرێنشینان زیاد دەبێت، كە تا ئێستا مۆڵەت بە 192 هەزار یەكەی نیشتەجێ بوون دراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو یەكانە بۆ كەسانی كەم دەرامەت دروستنەكراون، ژمارەی كرێنشینان رۆژ بۆ رۆژ زیاد دەبێت.
سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان لە هەرێمی كوردستان، دەشڵی:" ساڵانە پرۆژەمان پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، پرۆژەیەكی زۆر باشە، ئەگەر حكوومەت تەنیا زەوی دابین بكات، ئێمە لە رێگەی كۆمپانیاكان یەكەی نیشتەجێ بوون بۆ كەم دەرامەتەكان دروستدەكەین و بە قیستێكی كەم و مانگانە بە 100 دۆلار كرێنشینان لە كرێ ڕزگار دەبن و، دەبنە خاوەنی یەكەی نیشتەجێ بوون، كە داوامان كردووە لە هەر شوێنێكی كوردستان حكوومەت زەوی بۆ ئێمە دابین بكات، ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بكەین".

 

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

© 2017 Hawler