تەمموز 12, 2020

حکوومەتی عێراق ده‌یه‌وێت ئه‌مریكا هێور بكاته‌وه‌

دۆخی تەناهیی عێراق دیسان روو لە گرژی دەکاتەوە و، هێرشەکانیش بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەمەریکا زیادی کردووە. هەر یەک لە سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دەرەوی عێراق، بە جیا هەڵوێستیان لە دژی هێرشەکان هەبووە. بەڵام ئەمەریکا گومانی لەوە هەیە ئەو هێزانەی لە ئێران نزیکن لە پشتەوەی هێرشەکە بن و، بۆیەش چاوەڕوانی هەڵوێستی نوێی لێ دەکرێت بەتایبەتی ئەگەر هێرشەکان درێژە بکێشن.

لە چەند رۆژی رابردوودا، لەگەڵ دووبارە پەرەسەندنی خۆپێشاندانەکان هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریکا و ناوچەی سەوزی بەغداش زیادی کردووە و، ئەمەریکا کە پێشتر هێرش بۆ سەر دیپلۆماتکار و هاووڵاتیانی بە هێڵی سوور هەژمار کردبوو، کۆمەڵێک مووشەک و هاوەنی ئاراستە کراوە و، تەنانەت باس لە برینداربوونی کارمەندی ئەمەریکیش دەکرێت. بۆیەش، ئەمەریکا لەو بارەیەوە هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە نوێترین بەیاننامەی خۆیدا باسی لە نالەبارتر بوون و تێکچوونی دۆخی تەناهی بەغدا کردووە و، وێڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی، داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە بنکەکانی بپارێزیت. وەزارەتەکە تۆمەتی هێرشە مووشەکییەکانی خستووەتە پاڵ ئەو گرووپانەی لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
لە بەیاننامەکە، ئاماری ئەو هێرشانەش خراوەتەڕوو کە لە چوار مانگی رابردوودا کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و، تێیداهاتووە ژمارەی ئەو هێرشانە 14 حاڵەت بووە، کە لە لایەن ئێران و گرووپ و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە کراون.
دوایین هێرش بۆ سەر باڵویزخانەی ئەمەریکا، شەوی یەکشەم لەسەر دووشەمی رابردوو بووە، کە پێنج هاوەن ئاراستەی باڵوێزخانەکە لە ناوچەی سەوزی بەغدا کراوە و، دەگوترێت هاوەنەکان لە خواردنگەیەکی باڵویزخانەکە کەوتوونەتە خوارەوە و شەش برینداریش هه‌ن.
لە ماوەی هەفتەیەکدا، دووەم جارە هێرش دەکرێتە سەر باڵویزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا. بەرپرسانی ئەمەریکا، باسیان لەوە نەکردووە بەهۆی ئەو هێرشانە هیچ کەسێکیان بریندار بووبێت، بەڵام هەندێک سەرچاوە ئاماژە بە برینداربوونی پێنج کارمەندی باڵویزخانەکە دەکەن و، دۆخی بریندارێکیش ناجێگیره‌.
پێشتر، ئەمەریکا هەر جۆرە هێرش و زیان گەیاندنێک بە سەرباز و هاووڵاتییانی لە عێراق بە هێڵی سوور هەژمار کردووە و، گوتوویەتی یەکسەر وەڵامی دەبێت.
مانگی رابردوو، بە هۆی هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازیی k1 بریکارێکی ئەمەریکی گیانی لەدەست دا، ئەمەریکا هەڵویستی وەرگرت و بنکەکانی کەتیبەکانی حزبولای کردە ئامانج و دەیان سەرباز و فەرماندەی لێ کوشتن.
ئەو هێرشەی ئەمەریکا، بووە هۆی توورەبوونی زیاتری هێزەکانی حەشدی شەعبی و کار گەیشتە ئەوەی خۆپێشاندان بە بەشداری ئەو هێزانە لە بەردەم باڵویزخانەی ئەمەریکا رێک بخرێت و، تەنانەت بەشێک لە دەروازە و دیوارەکانی باڵویزخانەی ئەمەریکا بسووتێنرێت.
لە هەشتی مانگیش، ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و، بەهۆیەوە وەک لە دوایین راگەیەنراوی پێنتاگۆن بڵاوکراوەتەوە ژمارەیەک ئەمەریکی بریندار بوون. ئەمەریکا بەرانبەر هێرشەکەی ئێران هەڵویستێکی ئەوتۆی نەبوو و رێگری لە روودانی جەنگێکی نوێ کرد، بەڵام هۆشداری دا هەر جۆرە هێرشێکی تر بۆ سەر هێزەکانیان لە ناوچەکە بە هێڵی سوور هەژمار دەکرێت.
هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوو بۆ سەر باڵویزخانەی ئەمەریکا، مەترسیی ئەوەی لێ دەکەوێتەوە ئەمەریکا هەڵویستی توندتری هەبیت. بۆیەش، هەر دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەکەی ئەمەریکا، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە بەیاننامه‌یەکدا فەرمانی دا رێگری لە هەر جۆرە هێرشێکی تر بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا بکرێت و، لەو هێرشانەش کە پێشتر کراون لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکرێ.
عادل عەبدولمەهدی، پێیوایە ئەم جۆرە هێرشانە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە سومعە و پێگەی عێراق و، یاساکانیش رێگە بەوە نادەن دیپلۆماتکارانی بیانی لە ناوخۆی وڵات بکرێنە ئامانج.
دوابەدوای لێدوانەکانی عادل عەبدولمەهدی، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش، هێرشی سەر ناوچەی سەوزی بەغدای مەحکوم کرد و، باسی لەوە کردووە لەو پێنج مووشەکەی بەرەو باڵوێزخانەی ئەمەریکا هاویشتراون یەکێکیان گەیشتووەتە نێو باڵوێزخانەکە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی بەدواوە نەبووە. ئەو وەزارەتەش ئاماژەی بە بەدواداچوونی چڕی هێزەکانی ئاسایش کردووە بۆ گرتنی ئەو کەسانەی لە پشتی هێرشەکەن.

سلێمان تاشان - هه‌‌ولێر

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 28 کانونی دووەم 2020 05:54
© 2017 Hawler