ئەم پەڕەیە چاپ بکە

چەند سەرنجێک سەبارەت بە سیستمی پەروەردە

گۆڕانکاری گەورە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بەبێ گۆڕانکاریی لە پەروەردەدا کەموکورتە. هەر کاتێک ویستمان گۆڕانی ڕیشەیی لە کۆمەڵگەیەکدا ئەنجام بدەین ئەوا پێویستە بەر لە هەر شتێک لە پەروەردەوە دەست پێ بکەین. هەموو گۆڕانکارییەک بەبێ سێکتەری پەروەردە گۆڕانێک دەبێت لە بەشێکی کۆمەڵگەدا و گۆڕانێکی سەرتاسەریی و گشتیر نابێت. ڕەنگە نموونەی هەرە دیار و نزیک لە خۆمانەوە وردبوونەوە بێت لە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، کە لە دوای نزیکەی 30 ساڵ تا هەنووکە نەتوانراوە سیستمی پێشکەوتوو و نوێخواز جێگیر بکرێت و هەر چەند ساڵ جارێک بە ناوی ڕیفۆرمەوە دەستکاریی لە بەشێکی سیستمی پەروەردە دەکەن. بەڵام بەشی هەرە زۆری دەستکاریکردنەکان دەستکاریکردنی جەوهەری نین، بەڵکو دەستکاریکردنێکن تەنها لە ڕووکەشی سیستمەکەدا، یان دروستتر بڵێم دەستکاریکردنی توێکڵن، نەک ناوەڕۆک.

دەشێ بپرسین کوێی سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە گۆڕان و دەستکاریکردنە؟ من زوو زوو گوێم لەم پرسیارە دەبێت، بەڵام وەڵامی ئەم پرسیارە هێندە سەخت نییە، بەر لە هەر شتێک پێویستمان بە گۆڕینی میتۆدی وانە وتنەوەیە، کە تا هەنووکەش لە بەشی هەرە زۆری خوێندنگەکاندا بە حکومی و ئەهلییەوە میتۆدێکی بانکییە، نەک میتۆدێکی پێشکەوتنخوازی دیالۆگی. وەکو ئەو میتۆدەی پاوڵۆ فێری پەروەردەکاری بەڕازیلی پێشنیاری دەکات. دەشێ ئەمە هەنگاوی یەکەمی ریفۆرمی پەروەردەیی و سەرەتاکانی گۆڕانکاری بێت لە سیستمی پەروەردەدا. خاڵی دووەم ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ گەیاندنی وانەکان و زەمینەیەکی لەبار و شیاو بۆ فێرخواز، کە هەست بە بێزاریی نەکات و بە دەروونێکی ئارامەوە گوێبیستی وانەکان بێت.
بێگومان دوای ئەم دوو خاڵە ئەوەی زۆر گرنگە ئەو پرۆگرامەیە کە پێویستە بۆ فێرخواز ئامادە بکرێت. بێگومان دەشێ بەشێکی لە وانەکان ساڵانە، یان دوو ساڵ جارێک پرۆگرامەکانی بگۆڕدرێت و وانەکان تەنها زانیاریی جێگر نەبن (بەتایبەت لە پۆلە ناکۆتاکاندا)، بەڵکو دەشێ گۆڕانکارییان تێدا بکرێت و بەشێک لە حەز و خولیاکانی فیرخواز لە هەندێک لە وانەکاندا ڕەچاو بکرێت. (بێگومان ئەو وانانەی کە بواری ئەوەی تێدایە وەکو وانەی کۆمەڵایەتی، یان پەروەردەی مەدەنی). بێگومان ئەم هەنگاوانە هەنگاوی قورس و سەخت نین، بەڵکو تەنها ئیرادەیەکی دەوێت بۆ جێبەجێکردن. ئەگەر تەنها لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بەشێک لەم خاڵانە جێبەجێ بکرایە، ئێستا بەرئەنجامی ئەمانەمان دەبینییەوە.
بۆ ڕیفۆرم و گۆڕانکاریی لە پرۆسەی پەروەردەدا هیچ کاتێک درەنگ نییە، بەڵکو دەشێ ئێستا و لەم بۆنەیەدا کە رۆژی جیهانی پەروەردەیە (24 کانوونی دووەمی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی پەروەردەیە). بکەینە دەرفەتێک بۆ ریفۆرمکردنی سیستمی پەروەردە و پێداچوونەوە بەتایبەت بە میتۆدەکانی وانە وتنەوە و ڕەخساندنی کەشێکی لەبارتر بۆ فێرخواز، تا بە حەز و ئارەزوویەکی زۆرەوە ڕوو لە فێرگەکان بکات و هەست بە ئاسوودەیی بکات تێیاندا، نەک هەست بە ماندووبوون و بێزاری.
بێگومان من نامەوێت هەموو ئەو ریفۆرم و هەنگاوە پەروەردەییانە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە نێو سیستمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا نراون نادیدە بگرم و بەشی هەرە زۆریان جێگەی دەستخۆشین، بەڵام هێشتا گۆڕانکاریی ریشەییتر ماوە کە پێویستە ئەم کابینەیە و ئەم وەزیرەی ئێستای پەروەردە کاری لەسەر بکات. بە جۆرێک تا دوای چەند ساڵێکی دیکە هەست بەو گۆڕانکارییانە بکەین، کە لەنێو سیستمی پەروەردەدا نراوە و بەرئەنجامەکەشی لەسەر فێرخوازان ببینین.