شوبات 28, 2020

فراكسیۆنەكان پاڵپشتی لە حكوومەت دەكەن بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكان

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

 

پەرلەمانتارێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ: لە داهاتوودا حكوومەت پڕۆژەی دیكەی چاكسازیی دەبێت. ئەوەی كە ئێستا هەیە، سەرەتای چاكسازییە و هەموو چاكسازی نییە، لەبواری داهات، وەبەرهێنان، لە هەموو بوارەكان چاكسازی دەكرێت.

لایەنە سیاسییەكان و هاووڵاتیان چاویان لەوەیە پڕۆژە یاسای چاكسازی گۆڕانكاری لە ژیان و گوزەرانی خەڵك بكات و، ستایشی هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەت و كابینەی نۆیەم دەكەن بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەكە، چونكە پێیانوایە حكوومەتی هەرێم بووژانەوەی كەرتی ئابووری و زیادكردنی سەرچاوەكانی داهاتی كردووەتە یەكێك لە بنەماكانی كاركردنی.
بەهمەن كاك عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ " هەولێر" گوتی:" وەكو فراكسیۆنی پارتی، پشتیوانی لە هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم دەكەین، كە لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بێت. گەڕانەوەی داهات بۆ حكوومەت ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات.
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی، روونیشیكردەوە:" دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان، لایەنە سیاسییەكان، پەسەند كردنی پڕۆژەیاساكە بە كارێكی گرنگ و پێویست دەزانن و پشتگیری لە هەنگاوەكانی حكوومەت دەكەن بۆ جێبەجێكردنی یاساكە.
بەبڕوای بەهمەن كاك عەبدوڵڵا، پرۆژەی چاكسازی گرنگیی زۆری هەیە بۆ هەرێمی كوردستان، سەرەتای چاكسازییە و رێكخستنەوەی لیستی مووچە و خانەنشینی و جیاكردنەوەی حەق و ناحەقە لە یەكدی، سەرەتایەكی باشە بۆ بووژانەوەی دۆخی ئابووریی هەرێم و خەرجییەكانی حكوومەت كەمدەكاتەوە.
بە بۆچوونی ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی، لە داهاتوودا حكوومەت پرۆژەی چاكسازیی دیكەی دەبێت. ئەوەی كە ئێستا هەیە، سەرەتای چاكسازییە و هەموو چاكسازی نییە، لەبواری داهات، وەبەرهێنان، لە هەموو بوارەكان چاكسازی دەكرێت.
بەهمەن كاك عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، زیاتر گوتی:" لە پڕۆژە یاسای چاكسازی، بە بڕگەیەك جێگیر كراوە، كە دەبێت حكوومەت قەرزەكانی خۆی وەربگرێتەوە، چونكە گەڕانەوەی قەرزەكان و داهات ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات".

دواترین دەستکاریکردن لەسەر دوو شەممە, 27 کانونی دووەم 2020 05:53
© 2017 Hawler