شوبات 28, 2020

بۆ یەکەمجار گەشتی فڕۆکەوانی لە دوورگەی "کیش"ەوە بۆ هەولێر و سلێمانی دەستپێدەکات

 

سایتی هەولێ ر_ سلێمان تاشان

گەشتە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەر دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی لە پەرەسەندان و لە نوێترین گەشتیشدا بۆ یەکەم جار فڕۆکەیەکی گەشتیاری لە دوورگەی کیشی ئێرانەوە راستەوخۆ لە سلێمانی نیشت و بڕیارە بەمزووانە گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش ئەنجام بدرێن. پەرەسەندنی ئەم گەشتانە کاریگەریی بۆ سەر پەرەپێدانی بازرگانی و گەشتوگوزار هەیە.

وڵاتان رۆژ بەرۆژ پێوەندییە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ دەدەن و فراوانتربوونی هۆکارەکانی گواستنەوەی نێودەوڵەتی کاریگەریی بۆ سەر کرانەوەی زیاتری هەرێمی کوردستان بە رووی بازرگانان و گەشتیارانی جیهانیدا هەیە و هاوکات گەشتیاران و بازرگانانی هەرێمی کوردستانیش ئاسانتر دەتوانن گەشتەکانیان رێک بخەن و لە مەترسییەکانی دووری و خراپیی رێگاکان بپارێزرێن.
لە چەند رۆژی رابردوو یەکەم گەشتی فڕۆکەوانی لە دوورگەی کیشەوە بەرەو فڕۆکەخانەی سلیمانی ئەنجام درا. بەگوتەی میدیاکانی ئێران گەشتەکە بە هەوڵی بەڕێوەبەری گشتی ناوچەی ئازادی ئابووری کیش بە هاوکاری گرووپی گەشتیاری تاپ تورز لە لایەن کۆمپانیای فڕۆکەوانی ماهان ئەنجام درا. رەزا هەمەدانی بەڕێوەبەری گشتی تاپ تورز ئاشکرای کردووە بەمزووانە گەشتی راستەوخۆی فڕۆکەوانی لە کیشەوە بۆ هەولیر و بە پێچەوانەشەوە دەست پێ دەکات.
بەگوتەی دکتور موزەفەری بەڕێوەبەری گشتی ناوچەی ئازادی بازرگانی و ئابووری کیش پەرەی ئابووری هەموو شوێنێک بەوە گرێ دراوە زۆرترین ئاسانکاری بۆ گەشتەکان بکرێت.
پێویستە بگوترێت گەشتەکانی سلێمانی و کیش هەموو رۆژانی یەکشەم و چوارشەم ئەنجام دەدرێت وەک بەرپرسەکەی کیش باسی کردووە بڕیارە لە سلێمانی و هەولیرەوە کۆمەڵێک گرووپی گەشتیاری بهێنرێنە کیش بۆ ئەوەی لەگەڵ ژینگە و دۆخی ئەم دوورگەیە گەشتیارییە ئاشنا بن.
جگەلەمە گەشتەکە بەرەو هەولێریش ئەنجام دەدریت چونکە هەولیر بایەخێکی زۆر تایبەتی هەیە لە گەشتەکان و لە داهاتوودا هاوکاری و هەماهەنگیییەکان تەنیا لە چوارچێوەی ئەوەدا نابێت کە دوو شوێنی گەشتیارانیان سوود لە یەکتر وەربگرن بەڵکوو دەکری بۆ مەبەستی ئابووری و بازرگانی بقۆزرێتەوە.
ئەو هەنگاوە بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستانیش زۆر بە سوودە چونکە کەم نین ئەو بازرگانانەی رێگایەکی دوور دەبڕن بۆ ئەوەی لە کیشەوە کالاکانیان وەربگرن و پاشان بۆ هەرێمی کوردستانی بگوازنەوە. ئەگەر کیش ناوچەیەکی لەبار بێت بۆ ئەوەی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان رووی تێ بکەن ئەوا هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت ناوچەیەکی گرنگ بێت بۆ ئەو کەسانەی لە کیشەوە دەیانەوێت کالا و شتومەک لە هەریمی کوردستان وەربگرن و بۆ ئەم دوورگەیەی بگوازنەوەی یان وەک ترانزیت سوود لە هەریمی کوردستان وەربگرن.
کیش یەکێکە لە دوورگەکانی کەنداوە کە سەر بە پارێزگای هورموزگانە لە باشووری ئێرانە و 12 کیلۆمەتر لە کەنارەکانی ئاوی ئێران دوورە.دوورگەکە لە رۆژهەڵات لەگەڵ گەرووی هورمز، لە باشوور لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و لە رۆژئاواش لەگەڵ سعوودیە و بەحرێن هاوسنوورە، دوورگەکە یەکیکە لە گرنگترین ناوچە گەشتیارییەکانی ئێران و ساڵانە ملیۆنێک و 700 هەزار گەشتیار رووی تێ دەکەن.
رووبەری ئەم دوورگەیە 90 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و لە مەودای ئاسمانییەوە هەزار و 50 کیلۆمەتر لە تاران دوورە.زۆرێک لە گەشتیارانی کوردستان یان بازرگانان کە پێشتر سەردانی کیشیان دەکرد دەچوونە تاران و لەوێوە سواری فڕۆکە دەبوون یان بەرێگای وشکایی گەشتەکەیان دەکرد کە ماوەیەکی زۆری دەخایاند.
بەم گەشتە ژمارەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر زیاد دەکات. فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر دوابه‌دوای پڕۆسه‌ی ئازادیی عێراق له‌ ساڵی2003 دا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا بنكه‌ سه‌ربازییه‌ كۆنه‌كه‌ی هه‌ولێر بگۆڕێ بۆ فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی مۆدێرنی فڕۆكه‌وانیی شارستانیی كه‌ وه‌كو ده‌روازیه‌كی گه‌وره‌ به‌ره‌و جیهان كاربكات. فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیهه‌ولێر له‌ 7/7/2005 دا به‌ فه‌رمیی كرایه‌وه‌ و له‌ دیسه‌مبه‌ری ساڵی دواتردا پێشوازی له‌ یه‌كه‌مین كۆمپانیای هێڵه‌ ئاسمانییه‌كانی كومه‌ڵه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئاسمانی نێوده‌وڵه‌تیIATA كرد.فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیش دەکەوێتە بەکرەجۆ و بەدووری15 کیلۆمەتر لە شاری سلێمانی، فڕۆکەخانەکە لەساڵی2003 بەردی بناغەی بۆ دانراو و لەساڵی2005 بەتەواویبەگەڕخرا.
فراوانبوونی گەشتە ئاسمانییەکان لە شارەکانی کوردستانەوە بەرەو وڵاتانی دەرەوە وێڕای سەلماندنی ئارامی و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان دەرگای بازرگانیی و ئابووری و گەشتوگوزاری کوردستان بەرەورووی وڵاتان واڵاتر دەکات.

© 2017 Hawler