شوبات 28, 2020

بۆ پێشکەوتن و گۆڕانکاری پێویستە سەربەخۆ بین

 

سایتی هەولێر _ دێکان عەلی 

بێگومان سەرجەم وڵاتان، سیستەمێک، بۆ پێشکەوتن و بەرەو پێشخستنی تاک و کۆمەڵ بەڕێوەدەبەن. تا گۆڕانکاری و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بچەسپێنرێت.تاکێکی داهێنەر بۆ کۆمەڵگەکەی پەروەردە بکەن. سیستەمی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ...تد. لەو هۆکارە دیارانەنکه‌ تاکێکی ڕۆشنبیر پێده‌گه‌یه‌نن

دکتۆر زریان کاکەیی، مامۆستای زانکۆ، بۆچوونی وایە تا سەربەخۆ نەبین، ناتوانین بەتەواوی خاوەن گۆڕانکاریی و گەشەکردن و پێشکەوتنی جددیی بین. بۆ" هەولێر" گوتی: " خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ کۆمەڵگەیەکی ڕۆژئاوایی، جیاوازە لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی. چونکە لەوێ سیستەمێکی کۆمەڵایەتی پتەو و گشتگیر هەیە، کە ئاڕاستەی کۆمەڵگە دەکات. خاڵێکی تر، گرنگترین سیستەم کە بتوانێت کۆمەڵگە ئاڕاستە بکات، ئابووری، یاسا، هزر. لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا کە نامانتوانییوە دەستوورێکی خۆمان هەبێت، کە دایکی سەجەم یاساکانە، نەبوونی سیستەمێکی سیاسیی گشتگیر کە ئینتیما بۆ تاک دروست بکات. وابکات کیانیک لە کوردستان هەبێت، لە بارودۆخی ئێستای هەرێـمی کوردستان، گرنگترین خاڵ سەربەخۆییە. تا سەربەخۆ نەبین، تا ژێر دەستەی عێراق بین، کە سەرچاوەی ئاژاوەیە پێش ناکەوین. سادەترین نموونە لە بەسڕە خۆپیشاندانە، نرخی دینار و دۆلار لە هەولێڕ بەرزدەبێتەوە، کە ئابووریی هەرێم زەرەرمەند دەبێت. نەوت لە بەغدا گران دەبێت کوردستان دەبێت باجەکەی بدات. کەواتە هەنگاوی یەکەم جیابوونەوەیە لەعێراق تا خاوەن بڕیار و سیستەم و دەستووری خۆمان بین. بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی و گەشە بە هەرێمی کوردستان بدەین. خاڵێکی تر کە زۆر گرنگە، ئەویش سیستەمی پەروەردەیە، کە لە خێزان دەست پێدەکات. تاک بەرهەم دەهێنێت، تا دەگاتە ئەوەی خۆی خێزان پێکدەهێنێت. سیستەمی خیزان و پەوەردەمان سەرکەوتوو نەبووە و لە ئاستی باڵا، پێویستی بە رێکخستن و پێداچونەوەیە. دوو سەرچاوە لە هەموو دونیا هەیە، کە بە بناغەی گەشەسەندن و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دادەنرێت، ئەویش سەرچاوەکانی ژێر خاک، وەک نەوت و کانزاکان، کە گەشە بە ئابووری دەدات. سەچاوەی دووەم عەقڵ و هزری هاووڵاتیان، وەک یابان، چین، ئەمەریکا، کە بە سەچاوە عەقڵی دادەنرێت. چ گەشەسەندنێکیان بۆ کۆمەڵگەکانیان بنیاتناوە. ئێمە هەردوو سەچاوەکەمان لەژێر دەست خۆمان نییە. خاڵێکی تر، کارنەکراوە لەگەڵ پیشه‌گەری جۆراوجۆری گەنجان. تا گەنجان بەرهەمداربن. هەمیشە پشت بە دەستی کاری بیانی دەبەستین، لە زۆربەی شوێنەکان کرێکاری هندی، نیپاڵی، فلیپینی....تد کاردەکەن. ئەمەش ئاستی گەشەسەندن و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی دادەبەزێنێت.کۆتا خاڵ کە گرنگترینە بۆ باشتر ئاراستەکردنی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی، ئەویش ئافرەتانن، کە نیوەی کۆمەڵگەن. نەیانتوانیوە خۆیان بناسن. لە پەرلەمان ئافرەتان کەمیینەن، چونکە بڕوایان بەیەکتر نییە، تادەنگ بەیەکتر بدەن.٪٥٠ دواکەوتن و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی خەتای ئافرەتانە، ئەبێ ئافرەت هۆشمەند بێت. پەرلەمان و یاسا پشتگیری ئافرەت بێت، تا گۆڕانکاری و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بهێنینەدی.
ئاشنا بابان، مامۆستای زانستەسیاسییەکان، باسی لە کاریگەریی سیستەمی سیاسی کرد لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، بۆ "هەولێر" گوتی" ﺑﻴﮕﻮﻣﺎن ﺣﺰب و ﭘﺎرﺗﻪ ﺳﻴﺎﺳﻴیﻪﻛﺎﻧﻦ ڕۆڵ و ﻣﻴﻜﺎﻧﺰﻳمی داﻳﻨﺎمیکی ﻛۆﻣﻪڵگە ﺑﻪڕێوەدەبەن، لەڕێگای ﺋﺎراﺳﺘﻪﻛﺮدنی چین و توێژەﻛﺎن و جێبەجێکردنی بەرنامە و پەیڕەو پڕۆگرامی خۆیان، ﺟﺎ ئەو ﭘﺎرﺗﻪ ﺑﻪ ﺷێوازی ئایدولۆجیایی خۆیان ئاراﺳﺘﻪی دهﻛﻪن ﻳﺎﺧﻮد ﺑۆ ﻫﺎﺗﻨﻪ دیی ﺧﻮاﺳﺖ و بڵاوکردنەوەی بیروبروای(عقیدە)ﺧۆﻳﺎن ﺋﺎراستەی کۆمەڵگە دەکەن. واﺗﺎ پارتی ﺳﻴﺎﺳﻴﻪ ﻟﻪﻛﻮﺗﺎﻳﺪا ده بێتە هۆکاری پێشکەوتن ﻳﺎﺧود دواکەوتنی. هەندێک پارتی سیاسی، ﻛﺎر دهﻛﻪن ﻟﻪ ﺳﻪر پێشنەکەوتنی کۆمەڵگە، چونکە ئەگەر هاووڵاتی هۆشمەند بێت، درک بەهەڵەی ﺣﺰب دهﻛﺎت .ﻟﻪ ﺋﻪ ﻧﺠﺎﻣﺪا لەبەرژەوەندی حزب نابێت. بۆیە زیاتر کار لەسەر چاوگرتن و مێشک بچوککردنەوەی کۆمەڵگە دەکەن.
هەردەوان نەقشبەندی، مامۆستای زانکۆ، بەشی ڕاگەیاندن. پێیوایە، ئامرازەکانی ڕاگەیاندن ڕاستەوخۆ کاریگەری تەواو دروست دەکەن لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بۆ پێشکەوتن و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی. بۆ "هەولێر" گوتی: " بێگومان چەند فاکتەر هەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە ئاراستە بکەن. بەرەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی. گرنگترین ئەو فاکتەرانەی ئەتوانن کاریگەربن لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، ناوەندە پەروەردەییەکان، ناوەندە ئایینییەکان و مزگەوتەکان، زانکۆکان، بەجۆرێک لە جۆرەکان خێزان. ئەو وێستگە پەروەردەییانەی کەوا تاک ئاراستە دەکەن، ستراتیژیەتی حکوومەت. ئەمە بەشێوەیەکی گشتی. لەلایەکی تر ئەوەی کارییگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لە ئاراستەکردنی کۆمەڵایەتی، بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ تاکەکان هەیە، ڕۆڵی هەیە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان، هەموو ئامرازەکانی میدیایە بە هەموو شێوە جیاوازەکان. بۆچوونێک هەیە لە میدیادا، دەڵێت: ئەگەر میدیا نەتوانێت وا لە تاکەکانی کۆمەڵگە بکات کە چۆن بیربکەنەوە، لانی کەم دەتوانێت وایان لێبکات کە بیر لە چی بکەنەوە. ئەمە بۆخۆی ئاماژەیەکە، کە پێمان دەڵێت میدیا دەتوانێت چ گۆڕانکارییەک بکات، لە مێنتاڵیەتی، لە عەقڵیەتی تاکەکانی کۆمەڵگە، چۆن هانیان بدات بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی. بۆیە زۆر گرنگە ئەگەر بمانەوێت تاکەکانی کۆمەڵگە ئاراستە بکەین بەرەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، گرنگە میدیایەکی پەروەردەیی نیشتمانی تۆکمەمان هەبێت. تا بتوانین، لەوڕێگەیوه‌ تاکەکانی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی دروست ئاراستەبکەین.
شاخەوان محەمەد ساڵح، مامۆستای زانستەسیاسییەکان، زانکۆی سەڵاحەدین. پێیوایە سەرەکیترین هۆکار بۆ گۆڕانکاری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، سیستەمی سیاسییە. چونکە، سیاسەت حکوومی کۆمەڵگە دەکات. بۆ "هەولێر" گوتی: سیستەمی سیاسی (دیموکراسی، دیکتاتۆری، یا هەر شێوازێکی حوکمڕانی بێت)، لەهەر کۆمەڵگەیەکدا، پێشکەوتوو یان پاشکەوتوو، یاخوود تازە گەشەسەندوو بێت.ڕۆڵ و کاریگەری و ئەرکی تایبەتی خۆی هەیە. کە گرنگترینیان، هێنانەدیی داواکاری و داخوازی تاکەکانی کۆمەڵگەیە. دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی. بۆیە سیستەمی سیاسی، بریتییە لەو کارلێکانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوودەدات، لەمیانەیەوە دابەشکردنی سەرچاوە دەگمەن و بەهاکان بەشێوەیەکی دەسەڵاتی دەکرێت. بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت، کەوا سیستەمی سیاسی پەیوەستە بە کۆمەڵگە، کاریگەری هەیە لەچۆنێتی ئاراستەکردن و پێش خستنی کۆمەڵگە. ناکرێت گۆڕانکاری و پێشکەوتن بێتەدی، ئەگەر سیستەمێکی سیاسی دادپەروەر نەبێت. پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و تەواوکار هەیە لە نێوان سیستەمی سیاسی و ئاراستەی کۆمەڵایەتی. کە خۆی دەبینێتەوە لە دیاریکردنی ئامانج، ئاستی ڕۆشنبیری، وشیاریی تاکەکان، پابەندبوون بە ڕێساو یاساکان(واتە ژینگەی کۆمەڵایەتی گونجاو). توانای جێ بەجێکردنی گۆڕانکاری و پشت بەستن بە توانا بەردەستەکان، توانای گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە کردارییە پێشبینیکراوەکان. بۆیە پێویستە سیستەمی سیاسی هەموو ئەم فاکتەرانە فەراهەم بکات، دەتوانێت بەشێوەیەکی ئاسانتر و ڕێکوپێکتر گۆڕانکاری و گەشەکردنی کۆمەڵایەتی بهێنێتە کایەوە، بەپێچەوانەشەوە. ئەگەر نەیتوانی ئەم ئەرکە بەباشی جێ بەجێ بکات، ئەوا سیستەمێکی لاواز و لەرزۆک دروست دەبێت.ئەگەری زۆری هەیە بەفشار و گوشارێکی چ ناوخۆی، چ دەرەکی مەترسی هەڵوەشاندنەوە و لەناوچوونی لەسەر بێت.

© 2017 Hawler