ئەم پەڕەیە چاپ بکە

كێ بازرگانی له‌ هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ و ئاراستە دەکات؟

لەساڵانی ڕابردوو، لەبەر قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان، کڕین و فرۆشتن لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ڕوو لە کزی بوو. بەجۆرێ، بەشێک لە کۆمپانیا و ناوەندە بازرگانییەکان، مایە پوچ بوونی خۆیان ڕاگەیاند. کارییگەریی ئه‌و قه‌یرانه‌ بەجۆرێک بوو، چەندین پڕۆژە ڕاگیران. بەڵام، ئێستا بە‌هۆی باشبوونی باری دارایی لە هەرێمی کوردستان، جووڵە بازرگانییەکان دووبارە دەستیان پێکردۆتەوە، کە ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ باشتر بوونی ئابووریی هەرێمی کوردستان. چەندین کۆمپانیای جیهانی چاویان بڕیوەتە هەرێمی کوردستان، تا پڕۆژە و وەبەرهێنانی تێدا بکەن. لەهەرێمی کوردستانیش، چەندین کۆمپانیا بازرگانی دەکەن. بەشێک لە هاووڵاتییان پێیانوایە بازاڕی هەرێم لەلایەن چەند بازرگانێک قۆرخ کراوە و، بەڵام بازرگانان پێیانوایە بازاڕ ئازادە، تەنیا پێویستی بە کەسانی زیرەک و بە توانایە.

کێن ئەو کەسانە؟ ئاراستەکردنی بازرگانی لە بەرژەوەندیی کێیە؟دانیشتووان یاخود ‌هاووڵاتییان؟
فەتحی محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، بۆ "هەولێر" گوتی: " کۆنتڕۆڵکردن و ئاراستەکردنی بازرگانی و ئابووریی کوردستان، دەتوانین لەسەر سێ تەوەر پۆلێن بکەین:
تەوەری یەکەم: ئاشکرایە کە سیاسەتی دارایی لە هەرێمی کوردستان بە پێی دەستووری عێراق دەگەڕێتەوە بۆ بەرپرسیارێتیی حکوومەتی ناوەند، کە بەشێوەیەکی گشتی ئاڵوگۆڕی دۆلار و دینار کاریگەری دەکاتە سەر بازرگانی و نرخی کاڵاو کەلوپەل. ئەو کارییگەریەش لە ئەنجامی ﻳﺎﺳﺎﻛﺎن و رﻳﻨﻤﺎﻳیەﻛﺎن دێت، ﻛﻪپەیوەستە ﺑﻪ ﺋﺎﺑﻮوریی عێراق.
دووەم تەوەر:ﺣﻜﻮومەتی هەرێمی ﻛﻮردﺳﺘﺎن، ﻟﻪ چەند بڕگەیەک، سەبارەت بە کۆنتڕۆڵ کردن و بازرگانی، ﺗﻮاﻧﺎی ﺋﺎراﺳﺘﻪ ﻛﺮدﻧﻰ هەیە. یاساکانیش و ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و بازرگانی و کشتوکاڵی عێراقییش بێگومان زۆر ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن.
تەوەری سێیەم: کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە ئاراستەکردنی بازرگانی وەک هەر وڵاتێکی تر لە جیهان. ئێستا، وەزارەتی بازرگانی چەندین هەوڵی جددیی داوە لەڕێگەی بازرگانانی ناوخۆ، پەرە بە جووڵەی بازاڕی ناوخۆ بدەن و، بەرهەمی ناوخۆیی گەشەپێبدەن، تا زیاتر دانیشتووانی کوردستان سوودمەندبن"
دکتۆر ڕێبوار بابکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ئەندامی لیژنەی وزە و پیشەسازی و بازرگانی، بۆ "هەولێر" گوتی: "لەهەرێمی کوردستان، وەزارەتێکمان هەیە بەناوی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، کە چاودێریی سەرجەم جووڵە بارزگانییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، چ لە ناوخۆی هەرێم، چ لە خاڵە سنوورییەکان. بەو پێیەی ئێمە زیاتر بەرهەم هاوردە دەکەین، بەرهەمێکی ئەوتۆمان نییە تا هەناردەی دەرەوەی هەرێمی بکەن. بەڵام دەکرێت بڵێین بازاڕی بازرگانیکردن لە هەرێمی کوردستان، تاڕادەیەک بازاڕێکی هەڕەمەکییە، هەندێ بازرگان دەیانەوێت بازاڕەکانی هەرێمی قۆرخ بکەن. بەڵام، وەزارەت لە ڕێگەی لیژنەکانی ڕێگری لەو کارانە دەکات. ئێمەش وەک لیژنەی وزە و پیشەسازی و بازرگانی، چاودێریی ورد و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو پێشێلکارییانە دەکەین کە ڕوودەدەن، ڕێگە نادەیین بازاڕەکانی هەرێم ببێتە شوێنی ساغ کردنەوەی کاڵا و شمەکێک لەگەڵ کوالیتی کۆنتڕۆڵی هەرێم نەگونجێت".
دڵزار قادر سمایل، بەڕیوبەری لقی هەولێری کومپانیای حسن باقی، بۆ "هەولێر" گوتی: " کۆمپانیای ئێمە، جیاواز لە کۆمپانیاکانی تر، وەک بیناسازی، کەلوپەلی ناوماڵ، کەلوپەلی کارەبایی...تد، درەنگتر قەیران دەگاتە ئێمە، چونکە پێداویستیی خۆراکی خەڵک ناتوانن بەکاری نەهێنن، ڕەنگە ‌هەموو ڕۆژێک کەلوپەلی کارەبایی نەکڕێت بەڵام ڕۆژانە دەبێت پێویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان بکڕێت،. ئەمەش، مانای ئەوە نییە ئێمە تووشی قەیران نەبووین، بەڵام لەچاو کۆمپانیاکانی تر ڕێژەکەی کەمترە. لەکوردستان، کڕیاڕ بڕیار دەدەن كێ ئاراستە دەکات، چ پێداویستییەک خواست لەسەری زۆربێت، ئەوا ئەو دەتوانێت کۆنتڕۆڵ بکات. پێموایە، لە کوردستان کەس بازاڕی کۆنتڕۆڵ نەکردووە، بەڵکو بازاڕ ئازادە چۆن مامەڵە دەکەیت، ژینگە لەبارە بۆ کەسی زیرەک، کەسێ پلانی درێژخایەنی هەبێت، بەڵام لە چوارچێوەی یاساکانی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی هەرێمی کوردستان. بەکۆی گشتی، کۆمپانیاکان هەوڵی تەواو دەدەن تا زۆرترین سوود بە خەڵکی کوردستان بگەیەنن، ئەویش بە کوالێتیی باش و نرخی گونجاو".