ئەیلول 20, 2020

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان کۆدەبێتەوە

لە ئەمڕۆوە، دیدار و کۆبوونەوە و پانێلەکانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆسی سویسرا دەستپێدەکات. داڤۆس بۆ ٤ رۆژ دەبێتە سەکۆی کۆکردنەوەی سەرکردەکانی جیهان و تاوتوێی پرسە گەرمەکان. سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش، سیاسەتی دەرەوەی کوردستان و پەیامی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان تاوتوێ دەکات. ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەشی دەبێت، لە نێویاندا کۆبوونەوەی لووتکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا .

WEF چییە و ئەرکی چییە ؟
دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ دیداری ئابووری، کە بە دەبلیو ئی ئێف ناسراوە، دامەزراوەیەکی گشتیی کەرتی تایبەتە. تایبەتە بە تاوتوێکردنی پرسە سیاسی و بازرگانی، کولتوورییەکان. داڤۆس شوێنی سەرەکیی کۆبوونەوەی ئه‌و سەرکردانه‌ی جیهانە کە رۆڵیان هەیە لە دانانی بناغە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و پرسە ئابوورییەکان .
دامەزراوەکە، وەکو دامەزراوەیەکی قازانج نەویست، کە بارەگاکەی لە جنێڤە لە سویسرا لە ساڵی ١٩٧١ دامەزراوە. سەربەخۆیە و وابەستەی هیچ ئەجێندایەکی سیاسی نییە. دیدارەکە هەوڵدەدات هاوسەنگی و نێوەندگیری بۆ چارەسەری پرسەکان بکات، بەتایبەت ئەو پرسانەی جێگەی گرنگی خەڵک و سیاسییەکانن، بەگوێرەی پێناسەی دامەزراوەکە، چالاکییەکانیان لە رێگەی گرووپی کولتووری و تایبەت سەرپەرشتی دەکرێت، کە بەردەوام تیۆر و توێژینەوە دەخەنەڕوو، هەموو رووەکانی کۆمەڵگە دەبینن و راپۆرت و بۆچوونی خۆیانی لەسەر دەردەبڕن، بە وریاییەوە هاوسەنگیی نێوان هەموو دامەزراوەکانی خۆی رادەگرێت، لە کەرتی گشتی و تایبەتدا .
دامەزراوەکە، وا خۆی پێناسە دەکات کە لەو بڕوایەدان دەکرێت پێشکەوتن بە کاری پێکەوەیی بێت لەنێوان خەڵك لە هەموو ئاستەکاندا، بۆ ئەوەی بەرەو کاریگەریی ئەرێنی و گۆڕانکاریی باش هەنگاو بنێت .

ئەمساڵ لە داڤۆس باسی چی دەکرێت ؟
پێش دوو رۆژ لە دەستپێکردنی کۆڕبەندەکە، شاندی زۆربەی وڵاتان دەگەنە داڤۆس. ئامانج ئەوەیە زۆرترین کۆبوونەوە و دیداری دوو قۆڵی لە بەرزترین شوێنی سویسرا و ساردترین ناوچە بکرێت. کۆڕبەندەکە، هەوڵدەدات لێکتێگەیشتن لەسەر کێشە گەورەکانی جیهان و چارەسەرکردنیان دروست بکات. بۆیە، لە ٤ رۆژدا هەموو چاوەکان دەچنە داڤۆس و کۆڕبەندەکە دەبێتە سەکۆیەکی بەهێزی کۆکردنەوەی سەرکردەکان .
ئەمساڵ، لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی ٧ تەوەر تاوتوێ دەکرێن. لە پشت هەر تەوەرێک کۆمەڵێک پانێل و دیدار و گفتوگۆ بەڕێوەدەچن، پرسەکان روون و ئاشکرایانە بێ باکگراوند و بەرژەوەندی دەخرێنە بەرباس . کۆڕبەندەکە، ٤ رۆژ بەردەوام دەبێت و زیاتر لە سێ هەزار سەرکردە و شارەزا و شرۆڤەکار و میدیاکار بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن. نیو سەدەیە بەردەوامە و ئەمساڵیش بە ٧پرسی گەرمی جیهان،چاوەکانی لە خۆی کۆکردووەتەوە. لە داڤۆسدا، پرسەکانی چۆن زەوی بپارێزین؟، داهاتووی کار، تەکنەلۆژیا، بازرگانی، داهاتووی تەندروستی، لە پشت رووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکان، ئەو پرسانەن که‌ تاوتوێ دەکرێن، ئامانجیش لێی لێکنزیکردنەوەی هەڵوێستەکان، چارەسەری کێشە گەورەکان، گرێبەستی بازرگانییە .

بەشداریی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا
چەند ساڵێکە، هەرێمی کوردستان وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکات. پێشتر، سەرۆک بارزانی و دواتریش نێچیرڤان بارزانی، وەکو سەرۆکوەزیران و ئەمساڵیش وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت .
هێشتا لەمێژووی کۆڕبەندەکەدا بەشداریی سەرۆک بارزانی ماوەتەوە و، ئاماژە بە هۆکاری بەشداریکردنی سەرۆک بارزانی کراوە. پێش چەند ساڵێک، کۆڕبەندەکە بۆ بەشداریی سەرۆک بارزانی نووسیویەتی، لێبڕاوانە کاری بۆ دیموکراسییەت لە عێراق و پاراستنی مافی خەڵکی کوردستان کردووە. رۆڵی گەورەی هەبووە لە دروستکردن و گەیشتنی کورد بە بەشێکی مافەکانی،هاوکار بووە لە گەیشتنی کورد بە داننانی فەرمی بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥، یەکەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە، دوو خول وەکو سەرۆک هەڵبژێردراوەتەوە .
لە کارنامە و ئەرشیفی کۆڕبەندەکە، ناوی هەموو ئەو سەرکردە و بەرپرسانەی کورد ماوە بەشدارییان لە کۆڕبەندەکەدا کردووە، لەوانە نێچیرڤان بارزانی، هۆشیار زێباری، رۆژ نووری شاوەیس، بەرهەم ساڵح،ئاشتی هەورامی، عەلی سندی و فەلاح مستەفا و کۆمەلێک بەرپرسی دیکەش.
ئەمساڵیش، نێچیرڤان بارزانی،سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کارنامەیەکی چڕی کۆبوونەوەی هەیە لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسان، بڕیارە لە پانێلێک لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق دۆخی عێراق تاوتوێ بکەن، ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەشی دەبێت، لەگەڵ وەزیر و سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی. وه‌ک وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەسەرووشیانەوە کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا .
کۆڕبەندی داڤۆس ٥٠ ساڵە به‌رده‌وامه‌ و، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا کۆڕبەندەکە بووەتە سەکۆیەکی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتان، بەرپرسانی کۆمپانیاکان، شارەزایانی بواری ئابووری و رۆژنامەنووسان. لەوکۆڕبەندەدا، کوردستان هەڵوێستی خۆی وەکو ناوچەیەکی دوور لە ململانێی سیاسی دووپاتدەکاتەوە. ساڵی ڕابردوو، نێچیرڤان بارزانی، لە داڤۆس لەگەڵ شای ئوردن، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، بەرپرسانی دیکەی وڵاتان کۆبوونەوەی دوو قۆڵیی هەبوو. ئەمساڵیش، بە هەمانشێوە ژمارەیەک کۆبوونەوەی دەبێت . هەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش پەیوەندیی دۆستانەی هەیە. نوێنەرایەتیی لە زۆربەی وڵاتان هەیە و سەرکردەکانی ئەو وڵاتانە بەردەوام پاڵپشتیی خۆیان بۆ کوردستان دووپات دەکەنەوە.

 

© 2017 Hawler