ئەیلول 20, 2020

ئەگەر کورد خاوەنی دەوڵەت بوایە ڕۆژهەڵات سەقامگیرتر دەبوو

ساڵانە، لە ڕۆژە ساردەکانی وەرزی زستان لە شارۆچکەی داڤۆس، کۆڕبەندی داڤۆس دەبەسترێت، لەم کۆڕبەندەدا، نوێنەری چه‌ندین وڵات و سەرۆکی وڵاتەزلهێزەکان و بازرگان و ئابووریناس و ڕۆژنامەنووس و کەسایەتییە سیاسییەکان، بەشداریی له‌و کۆڕبەندە دەکەن.

ڕێكخراوی داڤۆس، ڕێکخراوێکی ناحكوومیی قازانج نەویستە و له ساڵی 1971 لەلایەن زانای بواری ئابووری (كلاوس شواب) دامەزراوە. زیاتر لە هەزار كۆمپانیای نێودەوڵەتی و فرەڕەگەز لەو كۆڕبەندە ئەندامن، لە ناویاندا كۆمپانیای نەستەلە و نیكی و مایكرۆسۆفت و دەیان كۆمپانیای زەبەلاحی دیکه‌ی دنیا، گەورە بەرپرسانی كۆمپانیاكانی دنیا و سەركردە سیاسییەكان، ساڵانە لەو شارە كۆ دەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر كێشە گەورەكانی ئابووری و سیاسەتی دنیا دەكەن.
ئەم ساڵ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەشداری له‌و کۆڕبەندە دەکات، کە لە ڕووی ئابووری و سیاسی، گرنگییه‌کی بەرچاوی هەیە.
سیپان شێروانی، شارەزای ئابووری، باس لە گرنگیی بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات لەڕووی ئابووری لە کۆڕبەندی داڤۆس، گوتی: (ساڵانە لە وڵاتی سویسڕا کۆڕبەندی داڤۆس، بەڕێوەدەچێت. ئەم کۆڕبەندە گرنگییەکی بەرچاوی هەیە لە ڕووی ئابووری، سیاسی، زانستیی جیهانی، بەڵام دەتوانین بڵێین زیاتر گرنگییەکەی لە ڕووی ئابووری دەبێت. لەم ساڵدا سێ هەزار کەس، لە ١١٧ وڵاتەوە بەشدار دەبن، وەک کەسایەتییە به‌ناوبانگەکانی وەک دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەنجێلا مێرکل، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆک حکوومەتی ئیتاڵیا، و چەندیین کەسایەتیی دیکه‌. لەهەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ‌هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، بەشدار دەبن. ئەم کۆڕبەندە دەتوانرێت بەپردی بە یەک گەیاندن و کۆکردنەوەی کەسایەتییە سیاسی و ئابووریناس و سەرمایەداران و ڕۆژنامەنووسانی جیهان دابنرێت. لەم کۆڕبەندەدا، باس لە چەند خاڵێکی گرنگ دەکرێت، لەوانە: ڕەوشی ئابووریی جیهان بەگشتی، ڕەوشی سیاسی جیهان، کۆمەڵی خاڵی گرنگیش هەن، کە لەم کۆڕبەندەدا باسی لێوە دەکرێت، لەوانە:گۆڕانی کەشوهەوا، زیانەکانی و چارەسەرەکانی. کار لەسەر پرسە ئابوورییەکان دەکرێت. بۆ هەرێمی کوردستانیش بەشداریکردنی لەو کۆڕبەندە گرنگیی بەرچاوی هەیە، چونکە لەو کۆڕبەندە داڕشتنەوەی ئابووری و سیاسیی جیهان دەکرێت، سەرۆکی هەرێمیش بەشداریی ئەو داڕشتنەوەیە دەکات، کاریگەر دەبێت، وە بوونی نوێنەری هەرێمی کوردستان مانای ئەوەیە هەرێمی کوردستان و ئابووریی هەرێمی کوردستان قابیلی پشت گوێخستن نییە.)
دکتۆر ڕێبین سەلام، مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، کۆلیژی یاسا، باسی گرنگیی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی، لە ڕووی سیاسییه‌وه‌ کرد لەو کۆڕبەندە، گوتی: "نێچیرڤان بارزانی، لەگەل بەڕێزان دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەنتیتۆ گۆتیز، سکرتێری نەتەوەیەگرتوەکان و بەرپرسانی باڵای دنیا کۆدەبێتەوە".
داوەتکردنی فه‌رمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو کۆڕبەندە، لە ڕۆژانی ٢١ تا ٢٤ی ئەم مانگە، هاوکاتە لەگەڵ یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوە. وتارەکەی سەرۆکی هەرێمیش بریتی دەبێت لە (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناسەقامگیر) کە ئامانجەکەی بریتییە لە (لەپێناو جیهانێکی یەکگرتویی گەشەسەندووی بەردەوامدا)، لەو ناونیشانەوە لەچەقی نیشانەکە دەدات و دەڵێت ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی جیهان، کە هەندێ فەیلەسووفی ئەوروپایی لەم دوواییە ئاشکرایان کرد، ئەگەر کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی هەبووایە، ڕۆژهەڵات سەقامگیرتر دەبوو. ئێستا، نەک هەر ئەمە، بەڵکو جەنگی جیهانی دووەمیش رووی نەدەدا، لێرەوە سەرۆکی هەرێم عەرشی سەرۆکەکانی داڤۆس دەورووژێنێت، کە بریتییە لە( سەرۆک و قەڵەمڕەوانی دونیا ئایا جارێکی تر هەمان هەڵە دووبارە دەکەنەوە و مرۆڤایەتی بە ئاگری جەنگی جیهانی سێیەم دەسووتێنن...؟؟؟؟یاخود پێویستە دەرسێکمان وەرگرتبێت و بە کێشە و هەڵەکانی دوێنێمان چارەسەری کێشەکانی ئەمڕۆمان بکەین).

© 2017 Hawler