شوبات 21, 2020

رۆژ بۆ رۆژ بارودۆخی عێراق ئالۆزتر دەبێت

رۆژ بۆ رۆژ بارودۆخی عێراق ئالۆزتر دەبێت، خۆپیشاندان لە زۆربەی پارێزگا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستیپێكردەوە و، داوا لە حكوومەت دەكەن داواكارییەكانیان جێبەجێ بكەن، ئەگەرنا هەڵوێستی توندتریان دەبێت.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، عێراق لە كۆمەڵێك كێشەدایە و خەڵك خۆپێشاندان دەكەن، خۆپیشاندانیش مافی ئەوانە، چونكە گەندەڵییەكی زۆر لە عێراقدا هەیە و ئەمەش بووەتە دەرفەتێك بۆ ئەوەی هەندێك لایەن لە دژی چەند لایەنێكی تر فشار دروستبكەن و بووەتە كارتێكیش بۆ پێكهێنانی حكوومەت. پێشیانوایە، حكوومەتی عێراق بە تائیفی و زۆرینە مامەڵە دەكات، دەبێ كورد بۆ ئەم قۆناغە ئامادەباشییەكی باشی هەبێت، چونكە ئێستا نێوماڵی شیعە پەرتوبڵاوە.
نەتەوەیەكگرتووەكان، راگەیێندراوێكی لەبارەی دۆخی خۆپیشاندەران و كوژران و برینداربوونی خەڵك لە بەغدا بڵاوكردەوە و، دەڵێت: زۆر نیگەرانین لە پێشێلكارییە مرۆییەكان.
جێنین هینیس، نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، لە راگەیێندراوەكەدا دەڵێت: كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەكان قەیرانێكی گەورەی متمانەی دروستكردووە.
جێنین، داوا لە دەسەڵاتدارانی بەغدا دەكات هەوڵەكانیان بۆ دەستپێكردنەوەی چاكسازی دەستپێبكەنەوە و، داواكارییەكانی خۆپیشاندەران بەجێبهێنن.
لە راگەیێندراوەكەی نەتەوەیەكگرتووەكاندا، ئاماژە بەوە كراوە: "دوو مانگ دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیران، سەركردە سیاسییەكان نەیانتوانیوە لەسەر رێگەچارەیەك رێككەوتن بكەن، لەكاتێكدا هەموو لایەنەكان جەختیان لە گرنگیی پیاده‌کردنی چاكسازی كردووەتەوە".
د. ناسر هەركی، پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ رۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ:" بارودۆخی عێراق رۆژ بۆ رۆژ ئالۆزتر دەبێت، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هاووڵاتیان دەیانەوێت خۆپیشاندانێكی ملیۆنی بکەن، رەنگە لایەنە شیعەكانیش وا هەست بكەن كە ئەو خۆپیشاندانە بۆ ئەوەیە كە ئەوان نەمێنن. بۆیە، ئەوانیش لەو دوو رۆژەدا هەوڵ دەدەن كە كەسێك بۆ سەرۆكوەزیران دەست نیشان بكەن بۆ ئەوەی داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات.
بە بۆچوونی ئەو پەرلەمانتارەی كورد، ئەگەر لایەنە شیعەكان نەگەیشتنە رێككەوتن رەنگە هەر عادل عەبدولمەهدی ببێتەوە سەرۆكوەزیران، هەندێك لە لایەنەكانیش ئەو داوایەیان كردووە.
د. ناسر هەركی، پەرلەمانتاری كورد، زیاتر گوتی:" هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەوڵدەدەن كە هاوپەیمانی كوردستان پێك بهێنن، كە گرنگە لە بەغدا هەبێت، چونكە لەم بارودۆخەدا كورد یەكڕیز و یەكگرتوو بێت دەتوانێت دەستكەوتی زیاتر بە دەست بهێنێت، هەوڵیش هەیە، سەرۆكی هەرێم لەو بابەتە زۆر جددییە، چونكە پێویستییەكی هەنووكەییە، هەتا ئێستا هەنگاوی باش نراوە و ئێمە هەموومان لەگەڵ ئەوەین كە هاوپەیمانی كوردستانی هەبێت، چونكە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندایە".

© 2017 Hawler