ئەیلول 20, 2020

وەزارەتی تەندروستی ڕێکخستنەوە بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەکات

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای لیژنەیەکی باڵا، بە ئەندامێتی وەزارەتی تەندروستی و سەندیکاکانی پزیشکان و بەڕێوبەرایەتی پشکنین و دڵنیایی جۆری و سەرجەم بەڕێوبەرەکانی تەندروستی لە شارەکانی کوردستان، پێداچوونەوە و رێکخستنەوە بۆ نەخۆشخانە ئەھلییەکان دەکات و پلەبەندیان پێدەبەخشێت.

بەڕێوبەری گشتی پشکنین و دڵنیایی جۆری سەر بە وەزارەتی تەندروستی، دەربارەی کاری لیژنەکە، ئەوەی ڕاگەیاندووە؛ مەبەستیان ڕەوایی دان نییە بە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، بەڵکو مەبەستیانە هانیان بدەن و پلە بەندیان بۆ بکەن، لە پێناو ئەوەی خزمەتی زیاتر بگەیەنن.
پلە بەندی و ڕێکخستنەوەی نەخۆشخانە ئەهلییەکان، لە ڕێگای ٦٠ پێوەرەوە دەبێت. لە ڕێگای هەلسەنگاندنەو لە لایەن ئەو لیژنەیەوە، ئەستێرە دەدرێت بە نەخۆشخانە ئەهلییەکان و بە پێی ژمارەی ئەستێرەیان نرخی چارسەر و نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان دیاری دەکرێت.
پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنیش، شوێنی نەخۆشخانە و دیزاین و خزمەتگوزارییەکانی نەخۆش و پاکوخاوێنی و گونجاوی هۆڵەکانی نەشتەرگەری و چەندین پێوەری دیکەیە، کە دەبێت بە پێی ستاندەری تەندروستی لە نەخۆشخانەکاندا هەبن.
نەخۆشخانە ئەهلییەکان ساڵانێکە، ژمارەیان لە زیادبووندایە لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش تا ڕادەیەک ئەرک و فشاری سەر نەخۆشخانە حکوومییەکان کەمتر کردووەتەوە. بەڵام، هاووڵاتیان گلەیی لە گرانی نرخی ئەم نەخۆشخانانە دەکەن و وەزارەتی تەندروستیش لە هەوڵی ئەوەدایە لە ڕێگای ئەم لیژنەیەوە خۆی نرخی چارسەر و نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکان دیاری بکات.

© 2017 Hawler