ئەیلول 20, 2020

وەستانی پرۆژەکانی کەرتی تایبەت هەزاران ئەندازیاری ده‌سبه‌تاڵ کردووە

لە ساڵی ٢٠١٣ەوە، بە بڕیارێک، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، له‌به‌ر قه‌یرانی دارایی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆی بە فەرمی ڕاگرت. ئەگەرچی ئەندازیاری یەکێکە لە پلە بەرزەکانی بڕاوانامە و نمرەیەکی زۆری پێویستە تا قوتابیانی دواقۆناغی ئامادەیی بتوانن لەو زانکۆیە وەربگیرێن. بەڵام، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەمانی دامەزراندنەوە، ئێستا دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی و ئەندازیاریش تووشی گرفتی بێکاری دەبن. بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست "هەولێر" کەوتووە، لە شاری هەولێر هەزاران ئەندازیار بێکارن، یا کاری سەربەخۆ و لە بوارێکی دیکەدا کاردەکەن، کە پێویستی بە شارەزایی و بڕوانامەی ئەندازیاری نییە.

ڕێژەی دەرچووانی کۆلێژی ئەندازیاری
بە پێی بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەی "هەولێر" ساڵانە ژماره‌یه‌ک ئه‌ندازیار له‌ بەشە جیاوازەکانی ئەندازیاری ده‌رده‌چن. بە پێی سیاسەتی ئەو زانکۆیانەی بەشی ئەندازیارییان هەیە و قوتابی وەردەگرن، ئه‌و ژماره‌یه‌ش ده‌گۆڕێ. بەڵام، بە پێی ئەو زانیارییانەی لە سەندیکای ئەندازیاران بە "هەولێر" گوتراوە؛ ساڵانە هەزار قوتابی دەرچووی بەشی ئەندازیاری لە زانکۆ جیاوازەکانی هەولێر، بە حکوومی و ئەهلییەوە، پەیوەندی بە سەندیکای ئەندازیاران دەکەن بەو مەبەسته‌ی ببنه‌ ئەندام لەو سەندیکایە.

نزیکەی ٢٠ زانکۆی کوردستان بەشی ئەندازیارییان هەیە
ساڵانێکە، یەکێک لە نیگەرانییەکانی قوتابیانی زانکۆ حکوومییەکان، کە بە پلەی بەرز دەتوانن کورسییەکی خوێندن لە زانکۆ حکوومییەکان بەدەستبهێنن بۆ خوێندنی کۆلێژەکانی پزیشکی و ئەندازیاری. ئەوەیە، کە قوتابیانی نمرە نزمیش دەتوانن لە چەندین زانکۆی ئەهلی، کە ژمارەیان یەکجار زۆرە بە کرێی ساڵانەی خوێندن، هەمان بڕوانامە بەدەستبهێنن. بە پێی زانیارییەکانی "هەولێر" نزیکەی٢٠ زانکۆی ئەهلی لە کوردستان بەشی ئەندازیاریان هەیە. ئەم ڕێژە زۆرەی زانکۆش وایکردووە، ڕێژه‌ی داواکار بەرامبەر هەلی کار لە بازاڕی کاری کوردستاندا به‌رزبیته‌وه‌ و، ئەگەرچی کەرتی تایبەتیش بە بەراورد بە ساڵانی پێش٢٠٠٥ بەرەو پێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، دەرچووانی زانکۆ نەتوانن بە ئاسانی و لەو بوارەی لێی دەخوێنن کار بەدەست بخەن.

لاسەنگی ڕێژەی ئەندازیاران و هەلی کار
عەبدلخالق عەلی، لە بەشی کارگێڕیی سەندیکای ئەندازیاران، بە "هەولێر"ی ڕاگەیاند؛ تا ساڵی ٢٠٠٥، دەرچووانی بەشی ئەندازیاری بە نووسراوێکی سەندیکا لە فەرمانگە و دەزگاکانی حکوومەت بە سوپاسەوە دادەمەزران. بەڵام، لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە ڕێژەی دامەزراندنی ئەندازیاران لە کەرتی حکوومی سنووردارکرا. تا لە ساڵی ٢٠١٢-٢٠١٣ بە یەکجاری دامەزراندنی ئەندازیاران ڕاگیرا. قەیرانی داراییش لە ساڵی ٢٠١٤ەوە وایکرد پرۆژەکانی کەرتی تایبەت کارەکانیان ڕابگرن، بەم هۆیەوە، ژماره‌یه‌کی زۆری ئەندازیار بێکار مانەوە و، تا ئێستاش ساڵانە هەزار ئەندازیاری دەرچووی بەشە جیاوازەکانی ئەندازیاری بێکار دادەنیشن، یا کارێک دەکەن دوور و نزیک پەیوەندیی بە بڕوانامەکانیانەوە نییە.

سەندیکای ئەندازیاران داوای دامەزراندنی ئەندازیاران دەکات
عەبدلخالق عەلی، لە بەشی کارگێڕیی سەندیکای ئەندازیاران، سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ دامەزراندنی ئەندازیاران. بە "هەولێر"ی ڕاگەیاند، ئەوان داوای ئەوەیان کردووە، هاوشێوەی کۆلێژەکانی پزیشکی، دوای دوو یا سێ ساڵ، لە حکوومەت دابمەزرێنرێن. بۆ ئەوەش نووسراویان ئاراستەی سەۆکایەتیی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە. بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە. پێشتر، پەرلەمانتاران باسیان لەوه‌ کردووە، بە پەسەندکردنی پرۆژە یاسای چاکسازی داهاتێکی زۆر لە خەرجییەکان دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت و، حکوومەت دەستکراوە دەبێت لە دەستپێکردنەوەی دامەزراندن.

پرۆژەکانی کەرتی تایبەت دەکەونەوە کار
لە ڕابردوودا، بە دیاریکراوی لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٣دا، کوردستان لە لایەک کەوتە بەر هێرشی تیرۆرستانی داعش و، لە لایەکی دیکەوە بەهۆی پێنەدانی بوودجەوە، کەوتە نێو ئەزمەیەکی قووڵی دارایی و زۆربەی ئەو پرۆژانەی حکوومەت و کۆمپانیا ئەهلییەکان سەرپەرشتییان دەکرد، کارەکانیان وەستا. ئەمەش کێشەی بۆ ئەندازیاران دروستکرد و بێکاری بەرۆکی گرتن. "هەولێر" بۆ بەدوداچوون سەبارەت بە کەوتنەوە کاری ئەو پرۆژانە، پەیوەندی بە؛ گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونەوە کرد. مەریوان حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتەکە، ئەوەی ڕاگەیاند؛ ئیستا حکوومەتی هەرێم لە هەوڵی جددیدایە ئەو پرۆژانەی لە ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستان، دووبارە دەستپێبکاتەوە. ڕاشیگەیاند؛ بەشێکی زۆری ئەو پرۆژانەی کەرت تایبەت سەرپەرشتی دەکردن و کارەکانیان وەستا، ئێستا دەست بەکار دەکەنەوە و حکوومەت کار ئاسانیان بۆ دەکات تا لەماوەیەکی نزیکدا سەرجەمیان بکەوێتە کار. باسی لەوەشکرد، لە پلانی وەزارەتەکەیاندا هەیە؛ سی پرۆژەی نیشتەجێبوون و دەیان پرۆژەی شەقامی خێرا و دووساید دروست بکەن.

© 2017 Hawler