ئەم پەڕەیە چاپ بکە

نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ كۆده‌بێته‌وه‌

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ داوه‌تێكى فه‌رمى به‌شدارى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووريى جيهانيى داڤۆسدا ده‌كات كه‌ ڕۆژانى 21 تا 24ى ئه‌م مانگه‌ له‌ يادى په‌نجا ساڵه‌ى دامه‌زراندنيدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و تيايدا به‌ ناونيشانى لەپێناو جیھانێکی یەکگرتووی گەشەسەندووی بەردەوامدا، تيشك ده‌خرێته‌ سه‌ر پرسه‌ جيهانييه‌كانى تايبه‌ت به‌ ئابوورى و سياسه‌ت و ئاسايش و سه‌قامگيرى.

له‌ ميانى به‌شداريكردنيدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا و ئه‌نتۆنيۆ گۆتێرێز، سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و ژماره‌ك له‌ سه‌ركرده‌ و وه‌زيران و به‌رپرسانى باڵاى وڵاتان كۆده‌بێته‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و سياسه‌ت و هه‌ڵوێستى هه‌رێم و گۆڕينه‌وه‌ى بيروڕا ده‌رباره‌ى پرسه‌ هه‌رێمى و جيهانييه‌كان تاوتوێ ده‌كرێن.

هه‌ر له‌ ميانى به‌شداريكردنيدا، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانی له‌ دانیشتنێکی داڤۆسدا به‌ ناونيشانى “ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى ناسه‌قامگير” قسه‌ ده‌کات. تيايدا لێكه‌وته‌ درێژخايه‌نه‌كانى ئاڵۆزى و پشێوييه‌‌ به‌رده‌وامه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست‌ كه‌ بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى ترس و نيگه‌رانييه‌كى گه‌وره‌ى جيهانى و ناوچه‌يى باس ده‌كرێن و تيشك ده‌خرێته‌ سه‌ر كاريگه‌ريى ستراتيژيى قه‌يرانى ئێستا له‌سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگيرى له‌ كه‌نداو، عێراق و سووريا.