کانونی دووەم 25, 2020

سەدان هەزار هاووڵاتی کوردستان بە شێوازی جیاجیاوە بێسەروشوێنکراون

لە میانەی کۆبوونەوەکانی خولی (١١٨) مینی تیمی کاری پەیوەست بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە جنێڤ بەسترا، داوای لە حكوومەتی عێراق کراوە کە زانیاری تەواویان پێ بدات دەربارەی چارەنووسی (١٦٤٢٠) کەسی بێسەروشوێنبووی سەردەمی رژێمی بەعش کە زۆربەیان هاووڵاتیی کوردستانن، لەلایەن خۆیەوە حكوومەتی فیدراڵ لیژنەیەکی ناوەندەی پێکهێناوە کە حكوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەندامە لەو لیژنەیە بۆ بەدواداچوونی کەیسەکان و یەکلایی کردنەوەیان و ئەو کەیسانە دەگەڕێنەوە بۆ پێش پەسەند کردنی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە پاراستنی کەسەکان لە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە.

 د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حكوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنەی ناوبرا و چارەنووسی ئەو (١٦٤٢٠) بێسەروشوێنبووە، رایگەیاند: حكوومەتی فیدراڵی لیژنەیەکی ناوەندیی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە کە نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم ئەندامە لەم لیژنەیە بە مەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتێک دەربارەی چارەنووسی (١٦٤٢٠) بێسەروشوێنبووی سەردەمی رژێمی بەعس و پێشکەش کردنی بە تیمی کاری پەیوەست بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی یەکلایی کردنەوەی کەیسەکان (رووداوەکان) و لە ئێستادا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حكوومەتی هەرێم بەدواداچوونیان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی لیژنەی ناوەندی حكوومەتی فیدراڵەوە راپۆرتێک پێشکەش بە تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بکرێت.
 رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حكوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەو کەیسانە کە لەلایەن تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان باس کراون و زیاتر وتی: لە سەردەمی رژێمی بەعس سەدان هەزار هاووڵاتی کوردستان بە شێوازی جیاجیاوە بێسەروشوێنکراون و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و ئەو کەیسانەی کە تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان باسیان لێدەکات بەشێکی زۆر کەمن بە بەراورد بەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجامدراون. لە ساڵانی (١٩٨٠) تاکو (2010) بە رێگای جیاجیاوە چەندین سکاڵا پێشکەش بە تیمی کاری نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ کراوە لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و خاچی سووری نێودەوڵەتی یان لەلایەن کەسوکارییانەوە بۆ زانینی چارەنووسیان، ئەو کەیسانەی کە تایبەتن بە عێراق ژمارەیان (١٦٤٢٠) دەبێت کە بەشی زۆریان هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن و لە پرۆسەکانی ئەنفالی بارزانییەکان و بادینان و هەڵەبجە بێسەروشوێنکراون و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە، تیمی کاری نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لە رێگای ئەو لیژنە ناوەندییەوە کار دەکات بۆ یەکلایی کردنەوە و داخستنیان بەتایبەتی لە بابەتی قەرەبوو کردنەوەی کەسوکاریان، چونکە لە رووی یاساییەوە حكوومەتی ئێستای عێراق میراتگری حكوومەتەکانی پێش خۆیەتی و هەر پابەندبوونێکی یاسایی بکەوێتە سەری پێویستە جێبەجێی بکات.
 لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حكوومەتی هەرێمی کوردستان وتی: تیمی کاری نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1980 لەلایەن لیژنەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە و لە ژمارەیەک پسپۆڕی سەربەخۆ پێکهاتووە، بەدواداچوون دەکات بۆ کەیسەکانی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ لەو وڵاتانەی کە رێککەوتننامەی نەهێشتنی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێیان پەسەند کردووە، تا ئێستا تیمی ناوبراو کاری لەسەر (50،000) حاڵەت کردووە لە زیاتر لە (٨٠) وڵات و بەپێی پێویست کۆبوونەوەکانی خۆی ئەنجام دەدات، بە ئامانجی زانینی چارەنووسی قوربانیان کەسوکاریان بەتایبەتی ئەوانەی سکاڵایان پێشکەش بە تیمی کاری پەیوەست بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە.

© 2017 Hawler