تەمموز 15, 2020

کوردستان لێدوانەکانی "حەسەن نەسروڵڵا"ی لوبنانی ئیدانە دەکات

لەگەڵ هەڵکشانی ئاستی ململانێ و ئاڵۆزییەکانی عێراق، کوردستان، هاوسەنگیی خۆی لە ململانێکان ڕاگرت و، هەوڵەکانی لە پێناو بەرقەرابوونی ئارامی ناوچەکەبوو. دوای بینینی ئەم ڕۆڵەش، هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، دەستی پێکرد. بەڵام، لەسەر ئاستی باڵی لاوازی پەرلەمان و نێوماڵی هەندێک لە شیعە توندڕەوەکان بوو، کە دەیانخواست هەرێمی کوردستان، لە ململانێ و ئاڵۆزییەکان تێوە بگلێت. تا دواجار، لە نوێترین لێدوانیدا، حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی حیزبوڵلای لوبنانی، بە شێوازێکی ناشایستە باسی لە کوردستان و سەرۆک بارزانی کرد.

بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، وتەکانی "حەسەن نەسروڵڵا" هێرشی ناڕەوان و هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ کوردستان، نەبوو بە بەشێک لە پلانی ئەو هێزە ملیشییانەی ڕۆڵیان هەیە لە دروستکردنی ئاڵۆزییەکان و، بە شێوەیەکی هاوسەنگ و واقیعی مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کرد. سەرەڕای ئەمەش، نەچووە نێو هاوکێشەی خواستی ئەو هێزانە، بۆ دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، کە بوونی ئەو هێزانە بە پێویستیی هەنووکەیی دەزانرێت.
كاوە مەحموود، سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان بۆ "هەولێر" گوتی:" هه‌ڵوێستی حیزبوڵڵای لوبنانی دیارە و بەشێكە لەو شەڕەی كە لە ناوچەكە بە وەكاڵەت دەكرێت، بەتایبەتی ئەو ملمڵانێیه‌ی لە نێوان ئەمریكا و ئێران هەیە، بە نسبەت ئێمەوە كوردستان میحوەرێك نییە لەوەی كە هەیە، بۆیە وتەکانی نەسروڵڵا نەشیاوە و ناگونجێت لەگەڵ راستییەكان، گەلی كوردستان بە درێژایی مێژوو توانیویەتی داكۆكی لە خۆی بكات، ئەگەر گەلی كوردستان توانای داكۆكی كردن لە خۆی نەبووایە بە درێژایی مێژوو، ئێستا شتێك نەدەما بەناوی گەلی كوردستان، بۆیە گەلی كوردستان پشتی بەستووە بە توانا و قوربانییەكانی خۆی.
ئایدن مەعروف، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لە بارەی لێدوانەکانی ناوبراوەوە، دەڵێت: ئەم جۆرە لێدوانانە، لە دەرەوەی تەقالید و کلتووری سیاسییە. ئەم کەسایەتییە، پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە و ئاگاداری نییە. سەرەڕای ئەمانەش، کە باسی سەرۆک بارزانیی کردووە، هۆکارەکەی ئەوەیە کەسایەتییەکی بەهێزی سیاسییە لەسەر ئاستی ناوچەکە و، ئێمە وەک پێکهاتەکان وای دەبینین، کەسایەتییەکی موعتەدیلە و ڕەمزی پێکەوەژیانە لە ناوچەکە.
ئەوەش ڕادەگەیەنێت؛ هەرێم جوانترین هەڵوێستی خۆی لەم ڕووداوانەی دوایی نیشاندا، کە ئەمە زۆر گرنگ بوو. کە لەگەڵ چارسەری ئاشتی و گفتوگۆ بوو، وە هەوڵی بۆ هێورکردنەوەی کێشەکان داوه‌، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە بە ئامانج بگیرێت.
عەبدولسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی، بە "هەولێر"ـی راگەیاند: پەلاماردانی راستییەكان و سەركردە و كارێزماكانی كوردستان شتێكی تازەنییە، تەنیا یەك شت دەڵێم، حەسەن نەسروڵڵایەك كە ناوێرێت لە كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ ئەندامانی خۆی دەربچێت و بە ڤیدیۆ قسە لەگەڵیان دەكات، ئەو مافی نییە كە باسی كەسایەتیەك بكات بە شاهێدی هەموو جیهان خۆی و كوڕەكانی شەو و ڕۆژ لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ بوون دژ بە داعش، ئەمە گەورەییە بۆ كەسێكی وەكو سەرۆك بارزانی، عەرەب خۆیان دەڵێن، ئەگەر كەسێكی ناتەواو قسە بە من بڵێت، ئەوە دەلیلە كە من كاملم.
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی ئازادی (حزبی شیوعی)، بە "هەولێر"ی ڕاگەیاند، سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان، لە پەرلەمانی کوردستان، هاوهەڵوێست بوون، لەسەر لێدوانەکانی "حەسەن نەسروڵڵا" بەیاننامەیه‌کمان هەبێت.
محێدین حەسەن، باس لەوەش دەکات؛ جێگای نیگەرانیمان، کەسانێک لە دەرەو هێرش بکەنە سەر کوردستان و سەرکرادیەتییەکەی و دەیانەوێت، بەمشێوەیە کوردستان و لە ململانێکان بئاڵێنن. ئەوەش دەڵێت؛ ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە، دژی ئەم جۆرە هەوڵانە بوەستنەوە، لەپێناو پاراستنی ئەو ئازادیی و ئارامییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
سەبارەت بە ناوهێنانی، سەرۆک بارزانی، ئەوەی ڕاگەیاند؛ ئێستا سەرۆک بارزانی، ڕەمزێکە لە ڕەمزە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، دەبێت هەڵوێستمان بۆ هەر هێرشێکی لەمشێوەیە هەبێت و ڕێگا نەدەین، سەرکردەکانمان بێڕێزییان پێبکرێت، یا بەئامانج بکرێن.
ئەندامێک لە سەرکردایەتیی حیزبی زەحمەتکێشان، بۆ "هەولێر" باس لە هۆکارەکانی ئەو جۆرە لێدوانە دەکات و، دەڵێت؛ ناوبراو، هیچ پەیوەندییەکی بە کوردستانەوە نییە، سەبارەت بە لێدوانەکانیشی لەسەر کوردستان و شەڕی داعش، گۆران جەلال ئیبراهیم، دەڵێت؛ شۆڤینییەت بە لێدوانەکانییەوە دیارە و هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئێستا خۆی و حزبەکەی، لە مەیدانی سیاسی زەرەمەندن و بەرەو لاوازی دەچن، لەو ڕوانگەیەشەوەیە، هێرش دەکاتە سەر کوردستان. دەشڵێت: هەموو جیهان شاهێدی ئەوەن، پێشمەرگەکان و سەرکردەکانی کوردستانیش، ڕووبەڕووی چەکدارانی داعش بوونەوە و بەرەو تێکشکانیان برد.
دەشڵێت؛ کوردستان، لە ململانێ و ئاڵۆزییەکان پارسەنگی خۆی ڕاگرت، لە ڕاستیشدا، ئەم گرژی و ئاڵۆزییانە پەیوەندیی بە کوردستانەوە نییە و ئەو شەڕەی ئەوان دەیکەن، شەڕی ئێمە نییە، کە نازانین لە پێناو چییە و بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات. باسی لەوەشکرد، لەمێژە ئەوان ئەو سیاسەتە شۆڤینییە، دژی کوردستان پیادە دەکەن و، دەیانەوێت کوردستان بکرێتە ئامانج.
ئەبوبەکر هەڵەدنی، سەرکردەی دیاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بۆچوونی خۆی لەسەر لێدوانەکەی "حەسەن نەسڕوڵڵا" بەمشێوەیە بۆ "هەولێر" خستەڕوو؛ گەلی کوردستان، سوپاسی هەر لایەنێکی کردووە، کە لە تێکشکاندنی داعش، هاوکاری گەلەکەمان بوو. ئەم لێدوانەی "حەسەن نەسروڵڵا" باکگراوندێکی دوژمنکارانە و لە قینی خۆیەوە هاتووە، بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان و دەستکەوتەکانی. بۆیە لای ئێمە جێگای بایەخ نییە و، ئەوەی داعشی تێکشکاند پێشمەرگەی کوردستان و یەکڕیزیی هێز و حزبە کوردستانییەکان بوو، بە جەماوەرەوە. بۆیە، ئەو قسانە، جگە لە نییەتی دوژمنکارانەی خاوەنەکەی، هیچ ئیعتیباری نییە.
موئەیەد تەیب، چاودێری سیاسی، بۆ "هەولێر" دەڵێ :"حەسەن نەسروڵڵا ئەوە جاری یەكەم نییە دژی كوردستان قسە دەكات و كورد تۆمەتبار دەكات و، وەكو ئیسرائیلی دووەم تەماشای كوردستان دەكات، پێش ئێستاش چەندین جار لێدوانی لەو شێوەیەی داوە، پاش كەوتنی رژێمی بەعس دیسان رایگەیاندبوو دیسان كاتێك كە شەڕ لە نێوان ئەمریكا و عێراق روویدا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ئۆپۆزسیۆنی عێراقی هاندا كە دەست بخەنە ناو دەستی سەدام و پشتگیری لە كوردان نەكەن، نەسروڵڵا خۆی كردۆتە سەركردەیەكی بەرگری عەرەبی، بەس نازانین نەسروڵڵا بەرگریی لە چی كردووە، لوبنانی وێران كردووە، هەموو لوبنان دژی ئەون، بۆتە تفەنگێكی بە كرێگیراو، خەڵكی كوردستان گەلێكە داوای مافی خۆی دەكات، بەڵام ئەوان تا ئێستاش نازانن داوای چی دەكەن، بۆیە قسەكانی ئەو هیچ بەهایەكی نییە و گەلی كوردستان، سەرۆك بارزانی، جێگەی رێزن لە هەموو دنیا، سەرۆك بارزانی كەسایەتییەكە هەموو دنیا ڕێزی لێ دەگرێت، جگە لە ئاغاكانی كێ رێز لە ئەو دەگرێت، بۆیە كەس كوردی نەپاراستووە، بەڵكو هێزی پێشمەرگە و سەرۆك بارزانی بە هاوكاریی هێزی هاوپەیمانان كوردستانیان پاراستووە".

© 2017 Hawler