کانونی دووەم 25, 2020

لایه‌نه‌ شیعه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ قه‌ناعه‌ت كه‌ ڕێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر بودجه‌ جێبەجێ بكرێت

شارزای ئابووری و په‌رله‌مانتاری لیژنه‌ی دارایی له ‌خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق گوتی، هه‌موو لایه‌نه‌ شیعه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ قه‌ناعه‌ت كه‌ پێویسته‌ ڕێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر بودجه‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت و كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو لاش به‌پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن و ده‌ستووریش باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ پێویسته‌ به‌غدا پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ ڕه‌وانه‌ بكات، بۆیه‌ تا بودجه‌ش په‌سه‌ند ده‌كرێت، وه‌كو ساڵی پێشوو به‌غدا مانگانه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ڕه‌وانه‌ ده‌كات.

نه‌جیبه‌ نه‌جیب، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق پێوست بوو له ‌مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت، به‌ڵام به‌هۆی كێشه‌كانی عێراق و خۆپیشاندانه‌كان بودجه‌ ڕه‌وانه‌ نه‌كرا و ئێستا هه‌وڵ ده‌درێت ڕه‌وانه‌ بكرێت و ئه‌گه‌ر ڕه‌وانه‌ كرا ئه‌وكات له‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ئه‌وه‌ی كراوه،‌ وه‌كو خۆی به‌یاسایی ده‌كرێت و په‌سه‌ند ده‌كرێت، چونكه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ شیعه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌تەی‌ پێویسته‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌كوخۆی جێبه‌جێ بكرێت و ناكرێت چیتر پشكی هه‌رێم ڕه‌وانه‌ نه‌كرێت و كێشه‌كان به‌پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن، كه‌ له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌، پێویسته‌ به‌غدا مانگانه‌ پشكی هه‌رێم ڕه‌وانه‌ بكات، كه‌ ئه‌گه‌ر بودجه‌ ڕه‌وانه‌ كرا، پشكی هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ ترلیۆنێك و 200ملیار دیناره‌."
ئه‌و شاره‌زای ئابوورییە گوتیشی: "تا بودجه‌ی ئه‌مساڵ په‌سه‌ند ده‌كرێت، به‌پێی یاسا حكوومه‌ت یه‌ك له‌سه‌ر 12ی بودجه‌ خه‌رج ده‌كات و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا مانگانه‌ هاوشێوه‌ی ساڵی ڕابردوو مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ڕه‌وانه‌ ده‌كات، بۆیه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دروست نابێت، هه‌ر چۆنێك بێت."

© 2017 Hawler