تەمموز 15, 2020

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌دواداچوون بۆ نادادپه‌روه‌ری له‌ پرۆسه‌ی دامه‌زراندن له‌ په‌روه‌رده‌ی كه‌ركووك ده‌كات

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: بەهۆی ئەو دابەشکردنە نادادپەروەرانەی کە لە پرۆسەی دامەزراندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکووک بۆ پێکهاتەکانی ئەو شارە کراوە، هەریەک لە وەزیری پەروەردەی حکوومەتی فیدراڵ و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکووک بانگهێشتی لیژنەی پەروەردەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە هەولێری رایگەیاند:”دوای ئەوەی تێبینی کرا لە پرۆسەی دامەزراندن لە دامودەزگاکانی پارێزگای کەرکووک و پشکی وەزارەتەکان لەو شارە نا دادپەروەرییەک دەکرێت کە رەچاوی هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکان ناکرێت، ژمارەیەک لە ئەندامانی کەرکووکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچوونیان بۆ ئەو بابەتە کرد و بۆیان دەرکەوت کە دوایین خشتەی دامەزراندن لە وەزارەتی پەروەردە کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەرکووکەوە دەرچووە نادادپەروەریی تێدایە و، پێکهاتەی کورد و تورکمان بەشی پێویستیان پێ نەدراوە لەو دامەزراندنە، بۆیە بڕیارماندا هەریەک لە وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکووک لەسەر ئەو بابەتە بانگهێشت بکەین و داوای روونکردنەوەیان لێ بکەین بزانین ئەو دامەزراندنە لەسەر بنەمایەک بووە “.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەشی بەوەدا: بەهۆی ئەوەی وەزیری پەروەردە پرسەی هەیە و لە نێو بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی دایە، رەنگە خۆی ئامادە نەبێت، بەڵام نوێنەری وەزارەتەکەی ئامادە دەبێت و خودی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش سەربەرشتیی کۆبوونەوەکە دەکات.
دکتۆر بەشیر حەداد، راشیگەیاند: “دەبێت کورد پشکی تەواوی خۆی لەو دامەزراندنانە وەربگرێت و ئەو رێژەیەش، کە نزیکەی ٢ هەزار و ٨٠٠ پلەیە، دەبێت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر هەموو پێكهاتەکانی کەرکووک هەریەک بە قەبارەی خۆیان دابەش بکرێت و، بە هەریەک لە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکوکمان راگەیاندووە ئەو دامەزراندنانە رابگیرێن، تاوەکو کۆبوونەوەکە دەکرێت و پاش ئەوە لەسەر میکانیزمێکی تازە و دابەشکردنێکی نوێ ئەو دامەزراندنانە بکرێنەوە”.
بەپێی ئەو خشتەیەی کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکووک بڵاوکراوەتەوە، لە کۆی نزیکەی هەزار و ٨٠٠ پلەی دامەزراندن، تەنیا ٥٠٠ پلە دراوە بە کورد و ئەوەش نیگەرانیی لەلایەن دانیشتووانی کوردی ئەو شارەوە لێکەوتەوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، راشیگەیاند: ئەوان تەنیا بۆ وەزارەتی پەروەردە ئەو کارە ناکەن و بۆ هەموو وەزارەتەکانی دیکە ئەو کارە دەکەن و، ئەو وەزارەتانەش کە دامەزراندنیان هەیە بۆ نموونە وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتەکانی دیکەش، پێوسیتە رەچاوی ئەو تایبەتمەندییە بکەن و هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان بپارێزن”.
پاش هەڵپەسێردرانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، شاری کەرکووک تایبەتمەندییەکی پێدرا، ئەویش ئەوەبوو کە چاودێریکردنی کاروباری فەرمانگەکان و پارێزگاری ئەو پارێزگایە درایە ئەندامانی کەرکووکی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش خوی سەرپەرشتیار و چاودێر دەبێت بەسەر کاروبارەکانی ئەو پارێزگایەوە .

© 2017 Hawler