حوزەیران 23, 2018

د سالار عوسمان: بە چەندین ناونیشانی جیاواز بەشداریمان کردووە و پەیوەندییە کلتووریەکان قووڵتر دەکەینەوە

رۆژی ٤ تا ١١ ی ئادار، لە شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان حەوتەمین پێشانگای کتێب بەڕێوەچوو.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە شاندێکی باڵا و لە ڕێگەی ھەر چوار بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە و بە چەندین ناونیشانی کتێب بەشداری لەو پێشانگایە کرد.
لە دەسپێکی ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگاکەدا، د سالار عوسمان بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا، سوپاسی وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد و بەشداریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بە پێویستزانی و جەختیشی لەو ڕاستییە مێژووییە کردەوە، کە شاری سنە و تەواوی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ھەموو ئەو پەیوەندییە کلتووریانەیش کە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا ھەیە، ڕەگوڕیشەیەکی مێژوویی قووڵیان بەیەکەوە ھەیە و لێک جیا نابنەوە.
سەرۆکی شاندی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، د سالار عوسمان ئامادەیی تەواوی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی دەربڕی بۆ ھەماھەنگیی پتر و قووڵکردنەوەی ئەو پەیوەندییە کلتوورییە و کارکردنی ھاوبەش لە سەرجەم بوارە کلتوورییەکاندا.
دوای تەواوبوونی مەراسیمی وتار، کە ھەریەک لە بریکاری وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێران و پارێزگاری سنەیش وتاریان پێشکەیش کرد، بریکاری وەزارەت و شاندی یاوەری، بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ بریکاری وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێران و پارێزگاری سنە شریتی پێشانگاکەیان بڕی و دواتر بەشە جیاجیاکانی پێشانگاکەیان بەسەرکردەوە و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن.
لە ڕۆژانی مانەویاندا، د سالار عوسمان بە یاوەری شاندی وەزارەت سەردانی ھەریەک لە شاعیری بەنێوبانگی کورد جەلالی مەلەکشا و ھونەرمەندی پەیکەرتاشی بەنێوبانگی کورد ھادی زیائەدین و خاتوو سیمین چایەچی شاعیر و نووسەر کرد و ھیوای سەرکەوتن و بەخششی پتری بۆ خواستن.
شاندەکەی وەزارەت بەشداریان لە شەوە کۆڕێکی شیعر خوێندنەوەیش کرد، کە ( کافێ وشە ) بۆ چەندین شاعیر و ھۆزانڤانی باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان سازیان کردبوو، لەو شەوە شیعرەدا و لە وتەیەکدا، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ویڕای دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرانی ( کافێ وشە )، بەڵێنی پێشکێشکردنی سەد کتێبی کوردی و دە تابلۆی شارە کوردییەکانی ھەر چوارپارچەی کوردستانی بە ( کافێ وشە ) دا.
شاندەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە درێژەی سەردان و چالاکییەکانیدا، ڕۆژی ٧ ی ئادار سەردانی سەرۆکایەتی دانشگای کوردستانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی دانشگاکە و ئەندامانی ئەنجوومەنی دانیشگاکە. سەبارەت بابەتگەلی پێوەندی کلتووری، گۆڕینەوەی کتێب، کۆنفرانسی زانستی بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد و دواتریش بەیەکەوە سەردانی بەشی کوردستانناسی - یان کرد و ویڕای دەستخۆشی، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن و ئامادەیی و ئەوپەڕی ھاریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشیان بۆ زانکۆی کوردستان لە سنە و بەشی کوردستانناسی دووپاتکردەوە.
دواتر و ھەر لەو ڕۆژەدا شاندەکە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی فەرھەنگ و ئیرشادی پارێزگای کوردستان/ سنەیان کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرانی بەشە جیاوازەکان کۆبوونەوە و سەبارەت ( بەیپەڕی لێکترتێگەیشتن ) بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد و ھەردوولا گەیشتنە ئەو بڕوایەی، کە پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدەن لە پێناو خزمەتکردنی کلتووری کوردی و بەیەکەوەکارکردن لەو پێناوەدا.
ھەر لەو سەردانەدا، کە پێنج ڕۆژی خایاند، شاندەکە وێڕای بەسەرکردنەوەی ماڵی مەستوورەی ئەردەلان و ماڵی کورد و مۆزەخانەی سنە، بەشداریان لە چەندین پانێڵ و سیمینار کرد و چاویان بە چەندین نووسەر و شاعیر و ھونەرمەند و لئکۆڵەر و ئەکادیمیستی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کەوت و ھیوای پەیوەندیی بەردەوام و بەیەکەوەکارکردنیان بۆ خواستن.
شایانی باسە شاندەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە بە فەرمی داوەتکرابوون، لەم بەڕئزانە پێکھاتبوون د سالار عوسمان، جەمال حوسێن، محمد گەردی، نەوزاد جەلال، نامیق ھەورامی، محمد کوردۆ، تاریق ئاکرەیی، مەریوان حەلبجەایی، یوسف لەتیف، ئەمین حەمەد، کاوە ئیسماعیل، سیزار جەودەت)

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.