حوزەیران 23, 2018

لە كوردستان بەردەوام پشتگیری لە داوا و داخوازی پێكهاتەكان دەكرێت

پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینە جیاوازەكان لە كوردستان كۆدەنگن لەسەر ئەوەی كە بڕیاردان بە زۆرینە كاریگەریەكی خراپ لەسەر داهاتووی عێراق دروست دەكات و زەرەرمەندی یەكەمیش گەلی كورد و پێكهاتەكان دەبن. پێكهاتەكانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، پەیڕەوكردنی زۆرینە و كەمینە لە عێراق زەنگێگی مەترسیدار و ڕەتكردنەوەی پێكەوەژیانە.

لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە پڕۆسەی لەنێوبردن و قڕكردنی كریستیانەكان لە عێراق دەستی پێ كردووە، ئەگەر ڕەوشی ئەمنیی عێراق وەك ئێستا بمێنێت، ئەوە گومانی تێدا نییە ئەوانەشی لە ناوچەكانی عێراق ماون ئەوانیش كۆچ دەكەن، چونكە لە هەموو لایەكەوە كار بۆ كوشتن و ڕفاندنی ئەوان دەكرێت.
هورمز سەرگیز، كەسایەتیەكی مەسیحییە بۆ "هەولێر" دەڵێ، لە عێراق بە زۆرینە زوڵم و ستەم لە پێكهاتەكان دەكرێت، بە تێپەڕاندنی بوودجە بە زۆرینە زوڵمێكی زۆر لە كوردستان كرا، ئەوەش شتێكی چاوەڕوان كراو بوو، چونكە لەوەتەی دەوڵەتی عێراقی دروست بووە، هەتا ئێستا ئەو عەقلیەتە سیاسییەی كە لە عێراق حوكم دەكات، عەقلیەتێكی فاشیلە و هەمیشە ویستوویەتی پێكهاتەكان بچەوسێنێتەوە، ئەو دەسەڵاتەی ئێستاش عێراق بەڕێوە دەبات، دەسەڵاتێكی مەزهەبی، تائیفییە و دەیەوێت هەموو شتێك بە زۆرینە تێپەڕێنێت.
كلدۆ حەنان، كەسایەتییەكی دیكەیە بۆ "هەولێر" ڕوونیكردەوە، مافەكانی گەلی كوردستان لە عێراق زەوت كراون و پێویستە سەركردایەتی كورد بڕیاری كۆتایی بدات، چونكە عێراق جارێكی دیكە سەڵماندی كە هیچ بڕوای بە مافی نەتەوەكانی دیكە نیە، باشترین نموونەش تێپەڕاندنی یاسای بوودجەی عێراق بوو بە بێ ئامادە بوونی كورد، كە ئەمە خۆی لە خۆیدا نیشانەی ئەوەیە كە عێراق ترسی لە نەتەوەی كورد هەیە، بۆیە دەبێت كورد بڕیاری كۆتایی بدات.
شم هارون، بۆ "هەولێر" دەڵێ، بوونی فرە ئاینیی و نەتەوە لە هەر كۆمەڵگەیەكدا سەروەتێكی گرنگە، ئەگەر بە سیستەمێكی دادپەروەری و دیموكراسی ماف و ئازادییەكان دیاری بكرێن، بەڵام لە عێراقدا ئەو سەروەتە خراپ بەكارهێنراوە و ڕێز لە پێكهاتەكان نەگیراوە و مافی پێكهاتەكان نەدراوە، هەر ئەوەش وای كردووە كە رۆژانە لە عێراق مەسیحییەكان بكرێنە ئامانج.
پێشتر وەحیدە یاقو هرمز، نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە "هەولێر"ـی راگەیاند بوو، مەترسی لەسەر كریستیانەكان هەرماوە، ئەوانەی لە ناوچەكانی عێراق ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە، ئاوارە بوونە و ئەوانی دیكەش كۆچیان كردووە بۆ دەرەوە و تا ئێستا كۆچكردنیان بەردەوامە، بۆیە جیاوازیەكی زۆر لە نێوان ئەو كریستیانانەی كە لە كوردستان دەژین لەگەڵ ئەوانەی كە لە عێراق دەژین هەیە، لە كوردستان بەردەوام هاوكاری كریستیانەكان دەكرێت و پشتگیری لە داوا و داخوازی پێكهاتەكان دەكرێت.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.