ئەیلول 19, 2018

دکتۆر عەدنان عەبدوڵا رەشید پسپۆڕی یاسایی: کورد دەبێت بە یاسا هەوڵی گەڕاندنەوەی کەرکووک بدات

کەرکووک گرنگترین خاڵی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا لە چەند دەیەی رابردوودا بووە و دوای ٢٠٠٣ کە رژێمی سەدام حوسێن رووخا و دەستوورێکی نوێ نووسرایەوە لە چوارچێوەی مادەی ١٤٠ چارەسەری کۆتایی بۆ چارەنووسی ئەم شارە دەستنیشان کرا، بەڵام یاساکە هەرگیز جێبەجێ نەکرا. دکتور عەدنان عەبدوڵا رەشید پسپۆڕی یاسایی بۆ هەولێر پێی وایە پێگەی کورد راستە لە رووی سیاسییەوە لە عێراق لاواز بووە، بەڵام یاسا هەر لە جێگای خۆیەتی و کورد دەبێت بە یاسا کێشەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکاتەوە.

بە پێی مادەی ١٤٠ ی دستووری هەمیشەیی عێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٥ پەسند کرا. یاساکە بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت. ئەوانەی دەرکراون دەبێت بگەڕێنەوە جێی خۆیان و دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە پاشان ئاماری گری و لە قۆناغی کۆتاییش ریفراندۆم بەڕێوە بچێت و بڕیار بدەن سەر بە حکوومەتی ناوەندی بن یان هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان یەکلایەنە ریفراندۆمی بەڕێوە برد و زۆرینەی رەهای خەڵکی کەرکووکیش دەنگیان بەوەدا لەگەڵ هەرێمی کورستاندابن، بەڵام ریفراندۆمەکە لە لایەن بەغدا رەت کراوەتەوە و دۆخێکی تایبەت بەسەر کەرکووک زاڵ کراوە.
بە بۆچوونی ئەو پسپۆڕە یاساییە یاسا پێویستی بە هێزە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت و دەگوترێت مادەکە لە ساڵی ٢٠٠٧ مردووە و کۆتایی پێهاتووە، بەڵام ئەمە شتێکی راست نییە. یاسا بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت پێویستی بە هێز هەیە و کێشەی مادەی ١٤٠ تەنیا ئەوەیە جێبەجێ نەکراوە ئەگەرنا کێشە لە خودی یاساکەدا نییە و دەکرێت کورد هەوڵ بدات ئەم یاسایە لە داهاتوودا جێبەجێ بکات.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە هێزی شیعی دەستی بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە و هیزی پشت یاسایە و حەز ناکات ئەم مادەیە جێبەجێ بکرێت، بەڵام دکتۆر عەدنان دەڵێت کورد جگە لە یاسا چارەی تری لەبەردەمدا نییە.
یەکێک لەو گازندانەی لە کورد دەکرێت ئەوەیە لەو ماوەیەی لە بەغدا بەهێز بوون زیاتر پشتیان بە لایەنە سیاسییەکە بەست و لایەنە یاساییەکەیان پشتگوێ خست. دکتۆر عەدنان پێی وایە کاتێک یاساکە جێبەجێ نەکرا، دەبوایە کورد لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵا تۆمار بکات کە دەرەنجامەکەشی دەبوو بە بەڵگەنامەیەکی یاسایی و مێژوویی کەچی ئەمەیان نەکرد و بۆیە ئێستەش درەنگ نییە و دەکرێ ئەم جۆرە سکاڵایە بۆ دادگای فیدراڵی بەرز بکرێتەوە. دەبێت شەڕێکی یاسایی بکەین و لایەنە یاساییەکە دەبێت پەرەی پێ بدەین، چونکە پێگە سیاسییەکە کەم بووەتەوە عەبادی خۆیشی داوای جێبەجێ کردنی دەستوور دەکات و دەکرێت کورد زۆر یاسایانە کار بکات بۆ جێبەجێکردنی دەستوور.
پێویستە بگوترێت لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دەستیان بەسەر کەرکووکداگرتووە و تەنانەت هەمان سیاسەت لەسەر کەرکووکن جێبەجی دەکەن کە کاتی خۆی رژێمی بەعس جێبەجێی دەکرد و هەڵبژاردنی داهاتووش ئەگەر کورد بە وریاییەوە بجووڵیتەوە و پێگەیەکی سیاسی بۆ خۆی لە بەغدا مسۆگەر بکات ئەوا دەبێت هەر لە رەهەندی یاسایییەکەیەوە هەنگاو بۆ گەڕاندنەوەی کەرکووک بنێت.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.