کانونی دووەم 29, 2020

به‌مزووانه‌‌ پڕۆژه‌ی ئاوی ئیفرازی چوار ده‌ستپێده‌كرێت

لە راگەیەندراوێکدا، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزاری هه‌رێمی کوردستان، ئاماژەی بۆ كێشەی سەرەكیی گەڕەكی هەشتی حەسارۆك لە شاری هەولێر و نەبوونی خزمەتگوزاری کردووە و، رایگەیاندووە؛ حكوومەت دەتوانێت پڕۆژەی خزمەتگوزاریی وەك دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ و كارەبا بگەیەنێت، بەڵام كێشەكە پەیوەندیی بە نەبوونی پڕۆژەی ئاوەوه‌ هه‌یه‌ لەو سنوورە و، لە رێگەی پڕۆژەی ئیفرازی چوارەوە ئەو كێشەیە چارەسەر دەکرێت.

لەبارەی کێشەی خزمەتگوزاری لە گەڕەکی ٨ حەسارۆک، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، روونیکردۆتەوە؛ كەرتی هەشتی حەسارۆك، گرفتە سەرەكییەكەی نەبوونی خزمەتگوزاری نییە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەتوانێت چەندین خزمەتگوزاریی وەك دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ و كارەبای بۆ دابین بكات، یان لە رێگەی وەبەرهێنانەوە دەكرێت ئەم بابەتە جێبەجێ بكرێت.
وەزیری شارەوانی، ئاماژەیشی بۆ هۆکاری سەرەکیی کەمیی ئاو لەو گەڕەکانە کردووە و دەڵێت: "گرفتی سەرەكی لە كەرتی هەشتی حەسارۆك نەبوونی پڕۆژەی ئاوە بۆ ئەو سنوورە، لەبەر ئەوەی كەرتی هەشتی حەسارۆك لەگەڵ كەرتی هەولێری نوێ، ناوچەیەكی بەرزترە و سلۆپی ئاوی ژێر زەوی تێیدا نزمە، ئەو كەرتەش زۆر فراوانە و 16 هەزار پارچەی زەویی نیشتەجێی هەیە. بۆیە، شاره‌وانی ناتوانێت ئەو ژمارە زۆرەی بیر لێ بدات، چونكە ئێستا لە هەولێر 1100 بیری هەیە، بێجگە لەو بیرانەی بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان لێدراون، یەكێك لە پلانەكانی حكوومەت دەستگرتنە بە ئاوی ژێرزه‌وییه‌وه‌ و سوودوەرگرتنی زیاترە لە ئاوی سەر زەوی".
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، جەختیش دەكاتەوە لەسەر ئەوەی حكوومەت پلانی هەیە پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی چوار دەستپێبكات و، ئەم پڕۆژەیەش تایبەت دەبێت بە چارەسەكردنی كێشەی ئاو لەو سنوورە، كە كەرتی هەشتی حەسارۆك و هەولێری نوێش دەگرێتەوە و تا ماوەیەكی درێژمەودا گرفتی كەمیی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەكات. بۆیە، لەگەڵ دەستپێكردنی ئەم پڕۆژەیە، وێڕای ئەوەی خزمەتگوزارییەكانی دیكەی وەك شەقام و دروستكردنی ئاوەڕۆیان بۆ جێبەجێ دەكرێت، ئەوسا لەلایەن شارەوانییەكانەوە مۆڵەتیان پێ دەدەرێت بۆ ئەوەی خانوو لە سەر زەوییەكانیان دروستبكەن.
لەبارەی کاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئیفرازی چوار، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، رایگەیاند: "بۆ ئەم پڕۆژەیە كۆنتراكت كراوە و هەندێك گرفت ماوە بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت، بەڵام، سەرۆكایەتیی حكوومەت هاتوونەتە ناو پرسەكە و هەوڵیان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەر بكەن".

© 2017 Hawler