ئەیلول 19, 2018

گووتەبێژی حكوومەتی هەرێم: بەغدا بەڵێنی داوە تا نەورۆز مووچەی مانگێكی مامۆستیان بدات و فڕۆكەخانەكانیش بكاتەوە

حكوومەتی عێراق پێی باشە ڕاستەوخۆ پارەكە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەنێرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لەبەر مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان ڕەزامەند نیە بەو كارە، هەر بۆیە وەكو چارەسەرێك لە نێوان هەر دوو حكوومەت پێشنیازیان كردووە كە مووچە لە ڕێگەی وەزارەتەكانەوە دابەش بكرێت.

دوای وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی كوردستان، حكوومەتی هەرێم ئێدی هەموو ئەو بیانۆیانەی حكوومەتی عێراقی بڕی كە مووچەی فەرمانبەران نەنێرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندە كە حكوومەتی عێراق ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی وەزارەتەكانەوە مووچە بداتە فەرمانبەرانی كوردستان. وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەوەی ڕاگەیاندووە، ئاساییە ئەگەر بەغدا ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی وەزارەتەكانەوە مووچە بدات بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەفین دزەیی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەماوەی رابردوو هەردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە رێگای پەیوەندی تەلەفۆنەوە گفتوگۆیان لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكان كردووە، لەم ماوەیەدا گفتوگۆیەكی جددی هەبووە لە نێوان هەردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق و هەرێم لە رێگای تەلەفۆن و لە رووی مەبدەئەوە بابەتی مووچە و فڕۆكەخانەكان نزیكبوونەوەی هەیە و بڕیاریشدراوە پێش جەژنی نەورۆز مووچە بنێرێت.
ئەوەشی گوت، ئێمە هەوڵمانداوە چارەسەری كێشەكان بەپێی دەستوور و یاسا بێت، نامانەوێت كارتی فشار ببێتە بنەما و هیچ لایەك ناكرێت كارتی فشار دژی لایەنێكی دیكە بەكاربهێنێت.
د. پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، بەڵێنیان بە ئێمە داوە كە پێش جەژن حكوومەتی هەرێمی كوردستان مووچەیەكی مامۆستایان بدات، لە هەمان كاتدا لە بەغداش ئەو بەڵێنە بە ئێمە دراوە كە پێش جەژن مووچەیەكی مامۆستایان بدرێت، بۆیە داوا لە مامۆستایان دەكەم دەوامی خۆیان دەست پێ بكەنەوە، چونكە كاتی خوێندن بڕوات بە هیچ شێوەیەك قەرەبوو ناكرێتەوە و ماوەیەكی زۆر كەمیش ماوە.
حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە گوتاری هەفتانەیدا رایگەیاند، بەر لە هاتنی نەورۆز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت.
سەعد حەدیسی، گووتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی كردەوە، بەر لە هاتنی جەژنی نەورۆز بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكات و، میكانیزمی ناردنی مووچەش لەڕێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەبێت.
حەدیسی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، ناردنی مووچەی فەرمانبەران تەنیا لەسەر چەند ڕێكارێكی تەكنیكی لەنێوان وەزارەتی دارایی عێراق و لیژنەكانی وردبینی ماوەتەوە و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەئان و ساتدایە و بە هەموو ئەگەرەكانیەوە ناگاتە 21ی ئەم مانگە.
گووتەبێژی نووسینگەی عەبادی ئاشكراشی كرد، وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەردوو وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی تەواو بووە و لیژنەكانی وردبینی لە وەزارەتەكانی دیكەی هەرێم سەرقاڵی كاری وردبینین، هەركاتێك وردبینی لەو وەزارەتانەش تەواو بوو، مووچەی ئەوانیش دەنێرین، ئەو سیستەمەی مووچە كە لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق پەیڕەو دەكرێت، لە هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ دەكرێت و، پرۆسەی ناردنی مووچەش لەڕێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەبێت".

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.