کانونی یەکەم 07, 2019

پرۆفیسۆرێک: دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی زۆر کێشە بۆ عێراق دروست دەکات

هەرچەندە لە ڕواڵەت وا دەردەکەوێت کە خۆپیشاندەرانی عێراق داوای خزمەتگوزاری و دامەزراندن و نەهێشتنی گەندەڵی بکەن، بەڵام هێشتا زۆرن ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەسەر پشتی داوای خۆپیشاندەران خۆیان بگەیەننە دەسەڵات، خۆپیشاندەران هەموویان رەتدەکەنەوە.

میدیای رۆژئاوا کۆکە لەسەر ئەوەی ئەوەی روودەدات، ململانێی ناو ماڵی شیعەیە و ناکۆکی نێوان شیعەکان دۆخی عێراق دەباتە لێواری جەنگی دیکە و کێشەی لە بن نەهاتووی دیکە، هەرچەندە رۆژی هەینی بڕیاری دا دەستلەکارکێشانەوەی بداتە پەرلەمان و پەرلەمانیش پەسندی کرد،بەڵام پێدەچێت کێشەکانی عێراق بەو ئاسانییە کۆتایی نەیەت، تەنانەت قوڵتریش بوونەتەوە، لە یەکشەممەوە ل ١٠ پارێزگای عێراق خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویدا، عەبدولمەهدی دوای بانگەوازی مەرجەعیەتی شیعەکان عەلی سیستانی دەستی لەکارکێشایەوە کە داوای گۆڕانکاری لەسەرکردایەتی عێراقی کرد،بەڵام هەم رەوتی سەدر و هەم لایەنی دیکەش دەڵێن نەمانی حکومەتی ئێستای عێراق سەرەتای کێشەی قووڵە لەو وڵاتە کە دەیان ساڵە شەڕ و ناکۆکی تائیفی رێگەنادات هیچ پێکهاتەیەکی خێر لە خۆیان ببینن.
لەماوەی هەفتەیەکی رابردوودا گرژی و ئاڵۆزی لە پارێزگاکانی عێراق بووەتە هۆی کوژرانی ٦٠ کەس، لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەریشەوە نزیکەی 400 کەس کوژراون، خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتیان کرد، حکومەت و وەزیرەکان دەستیان لەکارکێشایەوە، بەڵام هێشتا گرژی و ئاڵۆزی و ناکۆکیەکان کۆتاییان نەهاتووە، ئێستا لە بەغدا جۆرێک لە شێواوی لە ناو ماڵی شیعە بەدی دەکرێت لەبارەی حکومەتی جێگرەوە،چونکە خۆپیشاندەران زۆربەی لایەنەکان رەتدەکەنەوە،شارەزایان هۆشداری دەدەن بەردەوامی کێشەکان لە عێراق و چەقبەستوویی سیاسی رەنگە عێراق بەرەو لێواری شەڕی ناوخۆ ببات،بەتایبەت کە نە لە پارێزگا سوننیەکان و نە کوردستانیش هیچ خۆپیشاندان نییە، گرژی و ئاڵۆزیەکان تەنیا پارێزگا شیعە نشینەکانی گرتووەتەوە،ئەوە لەکاتێکدایە پێچەوانەی پێشتر ئەمریکا ئەوەندە گرنگی بە دۆخی عێراق نادات،هەرچەندە فەرماندە سەربازیەکانی ئەمریکا دەڵێن پابەندین بە ستراتیژیەتی کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق، بەڵام بۆشایی یاسایی زۆر کێشە بۆ عێراق دروست دەکات، چونکە هەم بەشێکی سوننەکان و هەمیش هەرێمی کوردستان داوای مانەوەی حکومەتی عێراقیان کرد، بەهۆی نەبوونی جێگرەوەی باشتر لە عەبدولمەهدی لەو قۆناغەدا، هەرێمی کوردستان پاڵپشتی خۆی بۆ حکومەتی عێراق دووپات کردووەتەوە، هەرێمی کوردستان عادل عەبدولمەهدی بە هاوبەش و لایەنی سەرەکی گفتوگۆکان دادەنێت بۆ چارەسەری کێشەی ٥ ساڵەی نەوت و بودجەی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەت لەسەر ناردنی بەشە بودجەی کوردستان.
حەیدەر سەعید، لێکۆڵەر لە ناوەندی عەرەبی بۆ توێژینەوەی سیاسی دەڵێت :" گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەو سێ رۆژەی دوایی حیساباتە سیاسیەکانی گۆڕی، هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی هێز پەیامیان نارد بۆ ئێران کە پێویستە عەبدولمەهدی بمێنێتەوە،بەڵام مەرجەعیەتی شیعەکان قسەیەکی دیکە کرد و کێشەکان قووڵتر بوونەوە .
حەسەن ئەحمەدیان، پرۆفیسۆر لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە زانکۆی تاران دەڵێت:"دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی قەیرانی زۆر بۆ عێراق دروست دەکات، پردی دانانی جێگرەوەی عەبدولمەهدی ئاسان نییە و ناتواندێر وەڵامێکی روون بدرێتەوە لەو قۆناغەدا .
عادل عەبدولمەهدی لە ٢٤ـی ئۆکتۆبەر وەکو سەرۆکوەزیرانی عێرا دەستنیشانکرد، دوای دوای چەندین مانگ گفتوگۆی نێوان لایەنەکان وەکو کاندیدی سەرۆکوەزیران دانرا، ئێستا دەستلەکارکێشانەوەی عێراق دەگەڕێنێتەوە خاڵی سفر، هەروەها دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت مانای وایە ناتوانێت هیچ پاکێجێکی چاکسازی جێبەجێ بکات، ئەوەش یەکێک بوو لە داواکاری خۆپیشاندەران، تاکە رێگەی دەربازبوون هەڵبژاردنێکی دیکەیە لە عێراق، ئەوەش پێویستی بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنە، ئەو پرۆسەیەش لە ناو پەرلەمان بێ بەربەست و رێگری نییە ."
بە گوتەی حەیدەر سەعید لێکۆڵەر لە ناوەندی عەرەبی بۆ توێژینەوەی سیاسی :" مەترسی هەیە دەستوەردانی هەندێک وڵات عێراق بەرەو دۆخێکی هاوشێوەی سووریا بات،چونکە چەکدار و هێزی سیاسی زۆر لە بەغدا هەن و چالاکن،بۆیە هەر سەرۆک وەزیرانێکی نوێ دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرێت، سەربەخۆ بێت و بەگوێی وڵات و لایەنی دیکە نەکات."
واشنتۆن هەرچەندە کەمتر لێدوان و هەڵوێستی لەبارەی عێراق هەیە، بەڵام چاودێری دۆخەکەشی دەکات، رۆژی ٢٣ـی ئەو مانگە مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێکی رانەگەیەندراو چووە ئەنبار و سەربازانی بەسەرکردەوە، دواتر هاتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، ئەوەش نیشانەی نیگەرانی قووڵی واشنتۆنە لەو دۆخەی لە عێراق دەگوزەرێت، تاوەکو ئێستاش تەنیا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتویەتی " داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێ بکرێت."
دەیڤید پۆڵۆک، توێژەر لە پەیمانگای واشنتن دەڵێت:" سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق ناگۆڕێت، سەرەڕای زیادبوونی ئاڵۆزیەکان، ئەمریکا بە ئەگەری زۆر هیچ شتێک ناکات لە عێراق،تەنیا بە راگەیەندراو هەڵوەستە لەسەر دۆخەکە دەکات."

© 2017 Hawler