کانونی یەکەم 07, 2019

ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت و بوودجە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی دەبێت

لە درێژەی دانوستانەکانیان، هەرێم و عێراق، جارێکی تر شاندە دانوستانکارەکانیان کۆبوونەوە و شاندی هەرێم بۆ سێیەم جار سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە.

هەرچەندە وا چاوەڕواندەکرا بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدلمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دانوستانەکان دوابخرێن تا کاتێکی نادیار، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە بەردەوامی بە سەردان و کۆبوونەوەکان بدرێت لە پێناو واژوو کردنی ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بابەتی بوودجە و نەوت.

بە پێی گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش لە پەرلەمانی عێراق، گفتوگۆکانی نێوان شاندی هەردوولا گەیشتووەتە ئاستی کۆتایی و ڕێککەوتنی نێوانیان ئەمجارە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی دەبێت.
بە پێی زانیارییەکان، لە ئێستادا گفتوگۆکانی نێوان شاندی هەردوولا لە کۆتاییدایە و شاندی هەرێمی کوردستان داوای تەواوی مافە داراییەکانی خۆی لە حکومەتی عێراق دەکات لە بوودجەدا کە %١٧ی بوودجەی عێراقە، بەڵام حکومەتی عێراق لەو بڕە کەمتری دیاریکردووە و داوایان کردووە بە %١٤ ڕازی ببن، لەبەرامبەر ئەوەشدا حکومەتی هەرێم ئامادەیی و ڕەزامەندی خۆی دەربڕیوە بەوەی لە ڕێگای سۆمۆوە و ڕۆژانە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خام ڕەوانە بکات.
ساڵانی ڕابردوو، بە تایبەت دوای بڕینی بودجە لە لایەن عێراقەوە، حکومەتی هەرێم کەوتە شەڕی وەرگرتنەوەی مافە داراییەکانی خۆی و هەموو ساڵێک لەسەر پەسەندکردنی بوودجە ناڕەزایی هەبووە و پێی وابووە ماف و ئیمتیازە دەستوورییەکانی وەرناگرێت، بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی نوێی هەرێم یەکەم هەنگاوی ئەوە بوو لە ڕێگای دانوستانەوە ئەم بابەتە چارەسەر بکات و ڕێککەوتنی یەکجاری لەگەڵ عێراق ئەنجامبدات.

© 2017 Hawler