کانونی یەکەم 13, 2019

"یاسایی خانه‌نشین" كارمه‌نده‌ به‌ته‌مه‌نه‌كانی حكوومه‌ت له‌ خانه‌نشینبوون بێبه‌ش ده‌كات

له‌ كوردستان بوون به‌ كارمه‌ندی حكوومه‌ت خواسترینه‌ تا له‌ دواڕۆژدا به‌ خانه‌نشینبوونیان دواینی ڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نیان ئه‌رخه‌یان به‌ڕێ بكه‌ن، به‌ڵام له‌ فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت فه‌رمانبه‌رانێك هه‌ن كه‌ به‌ ته‌مه‌نی گه‌وره‌ دامه‌زراون، به‌ ١٤ ساڵ خزمه‌تكردنه‌وه‌ ناتوانن خانه‌نشین ببن و له‌ ته‌مه‌نی ٦٣ ساڵی به‌ ده‌ستخۆشانه‌یه‌ك به‌ره‌و ماڵیان ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانیش ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندابێت ده‌یكه‌ین له‌ وه‌چه‌نگ خستنه‌وه‌ی مافی ئه‌و كارمه‌ندانه‌".

له‌ گه‌نجیدا ده‌ستاڕی زه‌مانه‌ بێ ره‌حمانه‌ ده‌یهاڕێت و دایك و باوكی لێ ده‌ستێنێت، ڕابی شه‌ریف ئه‌حمه‌د له‌ دوو ژووری دووره‌ ده‌ستی شاری قه‌ڵادزێ به‌ ته‌نیا ده‌هێڵێته‌وه‌، جیا له‌ ته‌نیایی؛ نه‌بوونی ژیانی قورستر ده‌كات، تامی زۆرێك له‌ ناخۆشییه‌كانی پێ ده‌چێژێت، دواجار به‌ بوونی به‌ كارمه‌ندی حكوومه‌ت پێیوایه‌ ژیان ڕووی گه‌شی پیشانداوه‌ و خۆشی باوه‌شی بۆ كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و كه‌ كه‌س نییه‌ به‌خێوی بكات، له‌ ١٥ ی كانوونی دووه‌می ٢٠٠٥ به‌ كارگوزار له‌ شاره‌وانی قه‌ڵادزێ داده‌مه‌زێت، دامه‌زراندنی به‌ مانگانه‌ی ٣٠٠ هه‌زار دیناری عێراقی، دڵخۆشی ئه‌و ده‌گه‌یه‌نێته‌ ترۆپك، كه‌ دواجار په‌نایه‌كی بۆ په‌یدابووه‌ لێیه‌وه‌ داهاتێك وه‌چه‌نگ ده‌خات و له‌ خه‌می دواڕۆژ ئه‌رخه‌یان بووه‌، ڕۆژانه‌ به‌ر له‌ هه‌مووان و كۆتایی ڕۆژیش دوا كه‌س به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی جێ ده‌هێڵێت، ترسی له‌ده‌ستدان و ده‌ركردن، گرجوگۆڵ و به‌جۆرێك كار ده‌كات ڕێگه‌ی گازنده‌ بۆكه‌س نه‌هێڵێته‌وه‌، باكی به‌وه‌ش نه‌بووه‌ كه‌ چه‌ندین جار له‌ ڕۆژانی پشوو بۆ پاككردنه‌وه‌ بانگ كراوه‌ته‌وه‌، ڕابی هه‌موو ڕۆژێك باڵه‌خانه‌یه‌كی دوو نهۆمی به‌ مێز و تاقه‌ و دۆڵابی ژووره‌كانیشه‌وه‌ پاك ده‌كاته‌وه‌، تا دواجار نه‌خۆشی دڵ ته‌نگی پێ هه‌ڵده‌چنێت و كه‌سێكی دی ده‌بێته‌ یارمه‌تیده‌ری، باڵه‌خانه‌ی شاره‌وانی كه‌ ده‌بێته‌ به‌شك له‌ ژیانی و ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر په‌یوه‌ست ده‌بێت پێیه‌وه‌، به‌رزی ژماره‌ی ساڵه‌كان به‌ری ڕووناكی لێ ده‌گرێت و یاسایی مرۆیی ده‌یخاته‌ چاڵه‌وه‌، له‌ یه‌كی ته‌مووزی ٢٠١٨ كاتێك ته‌مه‌نی ده‌بێته‌ ٦٣ ساڵ، ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ چیدی ناتوانێ ده‌وام بكات و كه‌می خزمه‌تیش ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی نادات خانه‌نشین ببێت، چونكه‌ پێویسته‌ به‌رله‌وه‌ی ته‌مه‌نی بگاته‌ ٦٣ ساڵ، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ١٥ ساڵ خزمه‌تی هه‌بێت، كه‌ وه‌زاره‌ت فه‌رمانی وزاری و كارگێڕییان بۆ ده‌ركردووه‌، تا له‌بری زیاتر له‌ ١٢ ساڵ خزمه‌تكردنی، ته‌نیا پاداشتێكی پێ بدرێت، ئه‌و پاداشته‌ش له‌ ملیۆنێك دیناری عێراقیی تێپه‌ڕ ناكات و ڕه‌نگبێت كه‌متر بێت له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ مانگانه‌ بۆ خانه‌نشینبوونی لێی گێڕدراوه‌ته‌وه‌.
به‌پێی یاسا هه‌ر كارمه‌ندێكی حكوومه‌ت ١٥ ساڵ له‌ فه‌رمانگه‌كانی خزمه‌ت بكات و ته‌مه‌نی بگاته‌ ٦٣ ساڵ، خانه‌نشین ده‌كرێت، كه‌چی له‌سایه‌ی ئه‌و یاسایه‌وه‌ كه‌ تێیدا ڕه‌چاوی كه‌سانی ته‌مه‌ن گه‌وره‌ نه‌كراوه‌،ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی به‌ ته‌مه‌نی گه‌وره‌وه‌ دامه‌زراون و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موو مانگێك بڕێك له‌ مووچه‌كه‌یان بۆ خانه‌نشینی لێ گێڕدراوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ١٤ ساڵیش خزمه‌تیان هه‌بێت، له‌ ته‌مه‌نی ٦٣ ساڵی به‌ ده‌ستخۆشانه‌یه‌ك به‌ره‌و ماڵیان ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی دامه‌زراندنیان ئاگادار كرابنه‌وه‌ له‌وه‌ی دواڕۆژ ناتوانن خانه‌نشین ببن.
ئه‌و كاته‌ی رابی دامه‌زراوه ‌ئاگادار نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌مه‌نی ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ نادات له‌ دواجار خانه‌نشین ببیت و ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر بمزانیبا خانه‌نشین ناكرێم قه‌ت ده‌وامم نه‌ده‌كرد، من بۆ ئه‌وڕۆ ئه‌و ده‌وامه‌م كردووه‌، ئاخر به‌ گه‌نجی هه‌موو كارێكم پێ ده‌كرا و ده‌متوانی كار بۆ خه‌ڵكی بكه‌م، كه‌ پاره‌ی زیاترم ده‌ست ده‌كه‌وت، ئێستاش كه‌ به‌ره‌و پیری ده‌ڕۆم، پشتم له‌سه‌ر كاری شاره‌وانی داناوه‌..."، لێره‌دا هه‌ستی بێ كه‌سی ئه‌وكی گرت و چیدی نه‌یتوانی پێش به‌و دڵگه‌رمییه‌ی بگرێت كه‌ هه‌ناوی ده‌سوتاند، به‌ گریانه‌وه‌ درێژه‌یدایه ‌"زۆر ناخۆشه‌. به‌ گه‌نجی كارت پێ بكه‌ن و به‌پیریش بتنێرنه‌وه‌ ماڵێ‌"، باڵه‌خانه‌ی شاره‌وانی كه‌ ‌ماڵی دووه‌می بووه‌، ئێستا میوانێكه‌ و به‌ هەنسکەوە ده‌یگوت "كه‌ به‌لایدا ده‌ڕۆم، ناتوانم سه‌ردانی نه‌كه‌م و چاوێك به‌ ژووره‌كانیدا نه‌گێڕم، ئاخر ته‌مه‌نێكم لێره‌ به‌سه‌ر برد، به‌س پیری...".
ڕابی كه‌ ١٢ ساڵ و چوار مانگ له‌ شاره‌وانی قه‌ڵادزێ خزمه‌ت ده‌كات و مانگانه‌ش بڕێك له‌ مووچه‌كه‌ی بۆ خانه‌نشینی لێی گلدراوه‌ته‌وه‌، هه‌واڵی پێدانی پاداشتێك له‌بری خانه‌نشینی خه‌ونی ساڵه‌های به‌با ده‌دات، هه‌ربۆیه‌ پاداشته‌كه‌ وه‌رناگرێت و له‌ وه‌رگرتنی مافی خانه‌نشینی خۆی له‌ لێدانی هیچ ده‌رگایه‌ك سڵ ناكاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌وڵی گچكه‌كردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نیشی ده‌دات تا بتوانێت دوو ساڵ و هه‌شت مانگی دی خزمه‌ت بكات، به‌ڵام هه‌روه‌ك سه‌ردانه‌كانی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌وڵه‌كه‌ی بێ ئاكام ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ له‌ شاره‌وانییه‌وه‌ داوای بۆ وه‌زاره‌ت به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌، تا ماوه‌ی كاركردنی بۆ درێژ بكرێته‌وه‌ و وه‌ڵامی نادرێته‌وه‌.
ئه‌ندازیار ئارام محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی شاره‌وانی قه‌ڵادزێ ده‌ڵێ "ئه‌و كارمه‌نده‌ی ئێمه‌ نموونه‌یه‌كه‌ و له‌ زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌ت هاوشێوه‌ هه‌ن، به‌وه‌ی خانه‌نشینی ڕێنمایی و یاسای خۆی هه‌یه‌، كه‌ به‌پێی ڕێنماییه‌كان ئه‌و كارمه‌نده‌مان دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی پێویسته‌ خانه‌نشین ببێت، ساڵانی خزمه‌تی كه‌مه‌ و ئێمه‌ نووسراومان كردووه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایتی ڕاپه‌ڕین و له‌وێوه‌ بۆ وه‌زاره‌ت به‌رز كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام یاساكه‌ ڕێگره‌ له‌وه‌ی خانه‌نشین ببێت".
ڕابی به‌وه‌ دڵی ئاو ناخواته‌وه‌ و چه‌ندین جار خۆی سه‌ردانی دەزگاکانی سەر وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كات له‌ هه‌ولێر، كه‌چی پێی ده‌گوترێت "بڕۆوه‌ ماڵی خۆت و هه‌ر به‌ته‌نیا تۆنی، زیاتر له‌ ٧٠ كه‌سی دی هه‌ن وه‌كو تۆ ته‌مه‌نیان گه‌وره‌یه‌ و ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وان هیچت بۆكرا باشه‌، ئه‌گه‌رنا بڕۆره‌وه‌ ماڵی خۆت و بێده‌نگ دابنیشه‌".
وه‌زاره‌تی دارایی كه‌ لێیه‌وه‌ ده‌كرێت ژماره‌ی كارمه‌ندانی هاوشێوه‌ی ڕابی له‌ هه‌موو ده‌ستگاكانی حكوومه‌ت وه‌چه‌نگ بخرێت، ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر پێوه‌ندی به‌ گوته‌بێژی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌وه‌ كرد، به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌درایه‌وه‌.
ئه‌و یاسایه‌ی دوای خزمه‌تكردنی ١٤ ساڵیش ڕێگره‌ له‌ خانه‌نشینی ڕابی و هاوشێوه‌كانی، له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ و سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ پێیوایه‌ له‌ هیچ شوێنێكی دنیا شتی وا نییه‌، لیزا فه‌له‌كه‌دین ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت "به‌هیچ جۆرێك ناكرێت كارمه‌ندێك ته‌مه‌نێك له‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی حكوومه‌ت خزمه‌ت بكات و دواتر له‌بری خانه‌نشین بوونی، به‌ پاداشتێك ڕه‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندابێت ده‌یكه‌ین بۆ وه‌چه‌نگ خستنه‌وه‌ی مافی ئه‌و كارمه‌ندانه‌". لیزا فه‌له‌كه‌دین له‌ ڕێگه‌ی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ داوا له‌ رابی و هاوشێوه‌كانی ده‌كات، كه‌ به‌ یاداشتێك ئاگاداری بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕژدانه‌ كاری له‌سه‌ر بكات.
ئێستا كه‌ زۆربه‌ی خه‌ڵكی چاویان له‌ حكوومه‌ته‌ له‌ فه‌رمانگه‌كانی دایانمه‌زرێنێت، بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌ دواڕۆژ كه‌ پیری تاقه‌تیان لێ ده‌بڕێت، به‌ری ڕه‌نجیان بچننه‌وه‌ و به‌ مووچه‌ی خانه‌نشینیان كه‌ مانگانه‌ لێیان ده‌گێڕنه‌وه‌، دوا ڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نیان به‌ سه‌ربه‌رزی و چاو له‌ ده‌ست نه‌بووی ده‌وروبه‌ر به‌ڕێ بكه‌ن، كه‌چی رابی ئه‌وكارمه‌نده‌‌ی حكوومه‌ت كه‌ ١٢ ساڵ و چوارمانگ خزمه‌تی فه‌رمانگه‌كه‌ی كردووه‌، زیاتر له‌ ساڵێكه‌ ڕه‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و جگه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌كانی فه‌قه‌راتی پشت، نه‌خۆشی دڵ و زه‌خت، كەسی نییه‌ و بۆ كڕینی ده‌رمانه‌كانی چاوی له ‌ده‌ستی خێرخوازانه‌، له‌ كاتێكدا وه‌ك خۆی ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر خانه‌نشین بكرێم مانگانه‌ نیوه‌ی مووچه‌كه‌م وه‌رده‌گرم"، خۆ ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ی بده‌ن ئاماده‌یه‌ سه‌رووی سێ ساڵی دی خزمه‌ت بكات، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌ ١٥٠ هه‌زار مانگانه‌ی خانه‌نشینی مافی خۆی بگات.

© 2017 Hawler