کانونی یەکەم 07, 2019

ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان پێكەوە ئەنجام دەدرێن

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی بۆ كاتێكی نادیار دواخست، ئەندامێكی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاكانیش دەڵێ، سەرۆكایەتیی كۆمار و حكوومەتی عێراق كۆكن لەسەر ئەوەی ھەردوو ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنەكان لە كۆتایی ساڵی داھاتوودا ئەنجام بدرێن.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاكان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دوا خراوە، تا ئەوكاتەی لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پڕۆژەی سەرۆككۆمار پەسەند بكرێت و دواتر رەوانەی پەرلەمان دەكرێت تا كات بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكان دیاری بكرێت.
دووبەردانی گوتی: "ئێمەیش وەك پەرلەمان لە هەفتەی داھاتوودا ھەردوو لیژنەی یاسایی و ھەرێم و پارێزگاكان تاوتوێی پڕۆژەیاساكە دەكەین".
ئەندامەكەی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاكان دەشڵێت: "سەرۆكایەتیی كۆمار و حكوومەت كۆكن لەسەر ئەوەی ھەردوو ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە كۆتایی ساڵی داھاتوو ٢٠٢٠ پێكەوە ئەنجام بدرێن".
دووبەردانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ كورد زیانی ھەیە، چونكە ئێمە كێشەی مووسڵ و كەركووكمان ھەیە و دوای بڕیاری پەرلەمان ئەنجومەنی پارێزگاكان ھەڵوەشاونەتەوە، لەبەر ئەوەش پەرلەمان چاودێریی پارێزگاكان دەكات و بڕیاری دواخستنی ھەڵبژاردنیش ھێندەی دیكە كاریگەریی خۆی لەسەر ھەردوو پارێزگای كەركووك و مووسڵ دەبێت".
لە ماڵپەڕی پارتییەوە

© 2017 Hawler