کانونی یەکەم 07, 2019

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ داوای پاراستنی گیانی خۆپێشاندەران دەکات

لە بەردەوامی خۆپێشاندانەکان ناوەڕاست و خوارووی عێراق دوێنێ، خۆپیشاندەران لە بەغدای پایتەختی عێراق چوونە نێو گۆڕەپانی خەللانی و پردی سەنک، لە پارێزگای بەسراش خۆپیشاندەران دەروازەی بیری نەوتی مەجنونیان داخست کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤیش دوایین ئاماری قوربانیانی تەقینەوەکەی گۆڕەپانی تەحریر بڵاوکردەوە.

تا دێت نارەزاییەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق زیاد دەبێت، دوای رووبەروبوونەوەشیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندەران پاشەکەشەیان بەو هێزە ئەمینییانە کرد کە لە سنووری خەللانی و پردی سەنک جێگیر کرابوون.
لە لایەکی تریشەوە و لە پارێزگای بەسرە خۆپیشاندەران دەروازەی کێڵگە نەوتییەکانی مەجنوون و بەندەری (ئوم قەسریان) داخست.
هەر دوێنێ و لەنێو خێوەتگەیەکی خۆپیشاندەرانی پارێزگای ناسریە تەقینەوەیەک روویداو بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەر، بەشێک لەو بریندارانەش ژیانیان لە مەترسیدایە.
شایەنی باسە لە چەند شەوی رابردووشدا ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا تەقییەوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش، سێ کەس بەهۆی تەقینەوەکەوە گیانیان لەدەست داوە و 16ـی دیکەش بریندار بوون.
سەبارەت بە تەقیینەوەکەی ناوچەی تەحریر لە بەغدا لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق، تەقینەوەکەی بە پێشهاتێکی ترسناک لە قەڵەمدا و لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە بە روودانی ئەو تەقینەوەیە، ئەوە سەلمێنراوە کە لایەنی سێیەم (خۆپیشاندەران لایەنێک و حکوومەت لایەنێکی دیکە) خۆی خزاندووەتە ناو خۆپیشاندانەکان و هەوڵی تێکدانی زیاتری بارودۆخەکە دەدات.
لایەن خۆشییەوە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراقیش لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، تەقینەوەکەی گۆڕەپانی تەحریر ئیدانە دەکەین، کە بەهۆیەوە کوژرانی خۆپیشاندەرێک و برینداربوونی 19ی دیکە لێکەوتەوە.
کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەو کارە مەترسییە بۆ سەلامەتی خۆپیشاندەران و کاریگەری خراپی دەبێت بۆسەر خۆپیشاندانی ئاشتیانە و داواکاریی مافەڕەواکانی خۆپیشاندەران.
لە راگەیاندراوەکەیاندا کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ئەوەیشی خستۆتە روو کە کۆمیسیۆن هەر لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە هۆشداریداوە لە ئەگەری کەوتنەوەی رووداوی لەم شێوەیە و بە فەرمی داوایان لە فەرماندە ئەمنییەکان کردووە خۆپیشاندەران و گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان بپارێزن، چەندین چارەسەریان پێشنیاز کردووە، لەوانە دانانی خاڵی هاوبەشی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران.
کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی دووبارە داواکارییەک ئاراستەی دەزگا ئەمنییەکان دەکات و دەڵێت، پێویستە پارێزگاری لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە بکەن و ئاسایشی شوێنی خۆپیشاندانەکان لە گۆڕەپانی تەحریر و ناوچەکانی نزیک لەو شوێنە بپارێزن.
هەر سەبارەی بە قوربانیانی خۆپیشاندانەکان، ماڵپەری (العەرەبی جدید) لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی تەندروستی عێراقی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لە ماوەی خۆپیشاندانەکان و بەکارهێنانی توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان دژی خۆپیشاندەران حەوت سەد هاووڵاتی عێراقی کەمئەندام بوون.
لەو راپۆرتەدا هاتووە کە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە (١٦) هەزار خۆپیشاندەر بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللەی سەرباز و کارمەندانی سوپا و هێزە ئەمنییەکان، بریندار بوون و لەو ژمارەیەش (٧٠٠) کەسیان بە جۆرێک لە جۆرەکان کەمئەندام بوون.
شایەنی باسە خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری لە 2-10-2019ـەوە دەستیان پێ کردووە، لە ئەنجامی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی رۆژانە لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروست دەبێت، زیاتر لە 300 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون و تا دێت رێژەکە لە هەڵکشاندایە.

© 2017 Hawler