کانونی یەکەم 07, 2019

"زاکیرەی سیاسی" گفتووگۆیەک لە گەڵ مێژوودا.. ئەوەی پیاوێک بتوانێ بیبەخشێ، میرانی بە کوردســـــــتانی بەخشیوە

چواریەکی تەمەنی بە سیاسەت، بە خزمەتی کوردوکوردستان، ڕێبازی پارتی و بارزانی بەخشیوە؛ ئێستاش بە شەوق و بەورئاسا، بە گوڕوتین و هەر وەك سەردەمی لاوێتی گەنجانە بیر دەکاتەوە و دەستی لەناو ئیشدایە، بە مشووروهۆشمەندانە کار دەکات و هەنگاوی هەر وا بە گوڕن و كەندوكۆسپی رۆژگار نەیانتوانیوە هەنگاوی پێ شل بكەن .. ئەوەی پیاوێک بتوانێ بیبەخشێ، فازڵ میرانی بە گەلەکەی خۆی بەخشیوە.

میرانی، جگە لەوەی پیاوێكی بیرتیژو بەزەین و لێزان و سیاسەتمەدارێکی بە دیقەت و دیپلۆمات و سەنگینە، هەروەک سەروەتێکی پر ئەزموون وگەنجینەیەکی دەوڵەمەندی ساڵەهای گەورەیشە بۆ کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان..
میرانی لەم ڕۆژانەدا کتێبێکی نوێی بڵاو کردەوە.

زاکیرەی سیاسی
کتێبی " بیرەوەریی سیاسی " ئەگەرچی تەنیا لە شیوەی گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانیدا پێشکەش کراوە، بەڵام کۆمەڵێک رووداوی گرینگی لە وێستگەی جیاوازی مێژوویی خەباتی کورددا تێدا باس کراوە. ئەم کتێبە شایەتییەکی ڕاستەوخۆیە لە سەر ژیان و خەباتی میرانی کە وەک سەرکردەیەکی کارای سیاسی مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆڵی دیاری تێدا بووە.

٥٣ ساڵ تەمەن لە ناو حزبی دایک
فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کتێبە نوێیەکەیدا، کۆمەڵێک رووداو دەگێڕێتەوە کە خۆی تێیدا شایەتحاڵیان بووە؛ کتێبەکە کۆکراوەی دیمانەکانێتی لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیە.
میرانی کە ٥٣ ساڵی تەمەنی لە نێو پارتی بەڕێ کردووە، لە ٥ بەشی کتێبەکەدا، باسی چەندین قۆناغی جیاوازی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان دەکات، کە لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەی رابردوودا پارتی رۆڵ و بەشداریی بەرچاوی لەو بزاڤەدا هەبووە و، بەدرێژایی ئەو ساڵانە وەکو حزبی دایک لە کوردستان پشکی شێری لە بەرخودان و خەباتی گەلی کورد بەرکەوتووە.
کتێبی "بیرەوەریی سیاسی "ـی لە بەشە جیاوازەکانیدا بۆ یەکەم جار وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری تێدا دراوەتەوە کە گرنگن بۆ مێژوو و خەباتی گەلی کورد لە قۆناغە جیاوازەكاندا.

پرسیار لە زاکیرەی سیاسییمان
لە پێشەکیی کتێبەکەیدا، میرانیی سكرتێر دەڵێت:" دوای بەڕێکردنی زیاتر لە نیو سەدەی تەمەنمان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرکردەی کورد بارزانیی نەمر، کاتی ئەوە هاتووە شایەتی بدەین لەسەر کۆمەڵێک پرسیار لە بیروەریی سیاسیمان نەک هەموو بیرەوەریمان، هەروەها دیدگە و بۆچوونمان لەبارەی رووداوەکان بە شێوەیەکی ورد و بێلایەنانە و واقیعی و بابەتیانە."
میرانی دەڵێ: "دەبێ بە شێوەیەک باس لەو رووداوە سیاسیانە بکەین، کە ویژدانمان ئارام بێت" هەموو ئەو راستیانەی لەو کتێبەدا باس کراون، دەبێت چاپکراو بێ و لەبەردەستی هەموواندا بێت، تاوەکو لێکۆڵەران و نووسەران سوودی لێ ببینین، لەلایەکی دیکەشەوە ببێتە کەرەستەی یەکەمی دەرخستنی راستیەکان بەتایبەت لەبارەی رۆڵی سەرکردەکانی ئەو خەباتە ، ئەو مێژووە درێژەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، وەکو وەفایەکیش بۆ ئەوانەی خوێنی گەشی خۆیان خستە خزمەتی پرس و چارەنووسی نەتەوەکەیان، نەتەوەی کورد."

بەڵگەنامەیەکی مێژوویی
فازڵ میرانی، هەروەها باسی گرنگی کتێبەکە دەکات و دەڵێت :" ئەو کتێبە وەکو شایەد و بەڵگەنامەیەکی مێژووییە کە بە وردی و بابەتیانە باسی رووداوەکانی تێدا کراوە، دوور لە خواستی کەسی و بیرکردنەوەی تەسک، چونکە دەکرێت ئامانجەکانمان لەو رووەوە سەرچاوە بگرن، چونکە باوەڕمان بەوەیە مێژووی مرۆڤ لە رابردووییەوە رەنگ دەداتەوەو، لە ئێستایشەوە درووست دەردەکەوێت، چونکە بەراستی تووشی نەهامەتی زۆر بووین لەوەی دوژمنانمان مێژوومان بشێوێنن، چونکە زۆر راستیان لە مێژووی ڕاستەقینەماندا دەرهێناوە، بۆیە هیواخوازین و ئامانجمانە ئەو باس و شایەدیەمان هاوکارییەکی سادە بێت لە دانانی خاڵ لەسەری دێڕەکان و، دەرخستنی راستییەکان، کە بێگومان دەبێت هەموان لێی ئاگادار بن."
پەیوەندیی لەگەڵ پارتی و بارزانیی نەمر
لە کتێبەکەدا میرانی وەڵامی پێشهاتە سیاسی و هەنووکەییەکانی عێراق و ناوچەکەی داوەتەوە، بەتایبەت کە تێیدا باس لە سەرەتای پەیوەندیی خۆی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، لەو دەمەی بارزانیی نەمر سەرۆکایەتیی پارتی و بزاڤی رزگاریخوازی کوردی دەکرد، هەروەها قۆناغەکانی خەباتی کورد و شەڕ دژی حکوومەتی لەناوچووی عێراق؛ هەروەها قۆناغی ئاشتی و رێککەوتنامەی ١١ـی ئادار و کۆمەڵێک پرسی دیکە.

ئەزمون و وێستگە سەختەکانی بەردەم پارتی
هەر لەو کتێبەدا باسی ئەو قۆناغە دەکات کە پارتی دیموکراتی کوردستان تێیدا حزبی ئۆپۆزیسیۆن بوو لە عێراق، بەتایبەت ئەو ئەزموون و وێستگە سەختانەی کە پارتی پێیدا تێپەڕیوە، تایبەت ئەوکاتەی حکوومەتی عێراق لە رێککەوتنامەی ١١ـی ئادار پەشیمان بووەوە، ئەوەش وای کرد زۆربەی کورد ئەوکات روو لە ئێران بکەن.
هەر لەو کتێبەدا باسی واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتیی کورد کراوە لە پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا، لە ناوچە شاخاوییەکان و فرە پێکهاتەیی کورد، هەروەها چۆنیەتیی فراوانوبوونی مەفهومی شۆڕشی کورد تێیدا، ئینجا باسی پەیوەندیی نێوان کورد و کورد لە بەشەکانی دیکە، هەروەها کورد و عەرەب و تەنانەت ئەو دەنگۆیانەشی لەبارەی پەیوەندیی کورد و ئیسرائیل باس دەکرێن.

لە حیجاز و قەوقازەوە نەهاتووین؟!
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بۆچی هەموو مێژووی کورد بە بوونی دەوڵەتێکەوە بەستراوەتەوە دەڵێت:" بە کام دەقی ئاسمانی دەوڵەتبوون لە کورد حەرام کراوە؟! بۆچی دەوڵەت بۆ هەموو نەتەوەی دیکە حەڵاڵە بۆ کورد حەرامە؟! بۆ نموونە عەرەب خاوەنی ٢٢ دەوڵەتن، ئێمە نە تورکین، نە فارس نە عەرەبیش، جوگرافیا و مێژوو و ئابووری و رۆشنبیری و کەلتوور و زمانی خۆمان هەیە، ئێمە کوردین ، نە لە حیجازەوە هاتووین و نە لە قەوقاز، بەپێی زانیاریی من" میرانی" لە بەڵگەنامە مێژووییەكانیشدا خوێندوومەتەوە،(٦١٢)ساڵ پێش زایین ئێمە لەو ناوچەیەدا ژیاوین."
هەروا لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا، میرانی باسی کۆمەڵێک رووداو و خەباتی گەلی کورد دەکات و دەڵێت :" هەموو ئەو کیانانەی لە دوای دوو جەنگەکەی جیهان دروست کراون، خاوەنەکانی خۆیان دروستیان نەکردوون، بەڵکو بەرهەمی سازش و و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بووونە."

رێککەوتنامەی ١١ ئادار
لە بەشی دووەمی کتێبەکەیدا فازڵ میرانی لەگەڵ کۆمەڵێک باسی مێژووییدا باسی رێککەوتنامەی ١١ ئاداریش دەکات و دەڵێت: نموونە بوو بۆ چارەسەری پرسی کورد، ئەوە ناشارمەوە کە حكوومەتی ئەوکاتی عێراق وا تۆمەتبار کرا کە گوایە عێراقی رادەستی کورد کردووە."

کورد چارەنووسی خۆی یەکلا دەکاتەوە
هەروەها لە بەشەکانی دیکەی کتێبەکەدا، باسی پەیوەندیی لایەنە کوردستانییەکان دەکات ، لە دوا بەشی کتێبەکەشدا، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، باسی قۆناغی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکات و دەڵێت: هەموو لایەنەکان پێکەوە بە یەکدەنگی بڕیاری ریفراندۆممان دا، پرسی کوردیش تاوەکو دوایین کورد مابێت لەسەر زەوی ناسڕێتەوە، گەلی کورد وەکو هەر گەلێکی دیکە مافی ئەوەی هەیە چارەنووسی خۆی یەكلا بكاتەوە و هەر واش دەبێ.

لە کتێبەکەدا جگە لەوەی ورد و درشتی بابەتەکان لە پێنج بەشدا باس کراوە، هاوکات ئەلبوومێکی وێنەکانیش وەکو پاشکۆی کتێبەکە دانراوە، كە تێیدا ژیاننامەی فازڵ میرانی لە قۆناغی سەرەتای پەیوەندیکردن بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە تاوەکو شەڕی داعش و هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی کوردستان تێدا پیشان دراوە.
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتییە؛ یەکی تەمموزی 1948 لەدایک بووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسادا هەیە؛ زمانەکانی ، عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی و تورکی دەزانێت. ساڵی ١٩٦٦ پەیوەندیی بە پارتییەوە کردووە، ساڵێک دوای پەیوەندیکردنی بە پارتی لە زوممار، لە ساڵی ١٩٦٧ بووەتە پێشمەرگە ، میرانی لە نێو پارتیدا پۆستی جیاوازی هەبووە. ئەندامی مەکتەبی ناوەندی رێکخستنەکانی مەکتەبی سیاسیی پارتی بووە لە ١٩٧٥ـدا. ساڵی ١٩٩٦ تاوەکو ٢٠٠١ وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بووە. لە ساڵی ٢٠٠٤وە تا ئێستا سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە...

© 2017 Hawler