کانونی یەکەم 07, 2019

"هەر وەبەرهێنەرێك لە تەواوكردنی پڕۆژەكان كەمتەرخەم بێت، سزا دەدرێت"

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پارەی بۆ ئەنجامدانی 181 پڕۆژەی رێگاوبان تەرخان كردووە و پێویستە تاوەكو 15/12 تەواو بكرێن، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەش دەڵێ، هەر وەبەرهێنەرێك لە ئەنجامدانی پڕۆژەكان كەمتەرخەم بێت، سزا دەدرێت و پڕۆژەكەش دەدرێتە وەبەرهێنەرێكی دیكە.

سدقی ئامێدی، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری رێگاوبان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "شەو و رۆژ كار دەكرێت بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانەی پارەیان بۆ تەرخان كراوە پێش هاتنی وەرزی سەرما تەواو بكرێن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو بەڵێندەران ئاگادار كراونەتەوە بە مەرجێك كەشوهەوا لەبار بێت و باران نەبارێت، چونكە باران ببارێت ئاستەنگمان بۆ دروست دەكات".
ئامێدی گوتیشی: "هەر وەبەرهێنەرێك كارەكانی خۆی لە وادەی دیاریكراودا تەواو نەكات، سزا دەدرێت و پڕۆژەكەی لێ وەردەگیرێتەوە و دەدرێتە بەڵێندەرێكی دیكە تا تەواوی بكات".
ناوبراو باسی لەوە شكرد، زۆرینەی پڕۆژەكان تەواو بوون و تەنها بەشێكیان نەبێت، كە ئەوانیش لە كاتی خۆیدا تەواو دەكرێن.

© 2017 Hawler