کانونی یەکەم 07, 2019

سێ مانگە، بەغدا دەرمانێکی تایبەت بە گورچیلە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت

وەزارەتی تەندروستی عێراق ماوەی زیاتر لە سێ مانگە دەرمانێكی گورچیلە، بۆ نەخۆشخانەكانی ھەرێمی كوردستان نانێرێت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، زیاتر لە سێ مانگە وەزارەتی تەندروستی عێراق دەرمانی ( نیوڕاڵ ساندیمۆن)ی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردوە و نەمانی ئەو دەرمانە کاریگەری خراپی بۆ سەر تەندروستی ئەو نەخۆشانە هەیە کە گورچیلەیان چاندووەتەوە.
دکتۆر نەوزاد قادر، بەڕێوبەری کۆگای دەرمانی رانیە بە کوردستان24ی راگەیاند: "دەرمانی ساندیمۆن لە هەرێم کوالێتی کۆنتڕۆڵی نییە و نرخەکەشی گرانە، هەندێک جار تاکو 100 هەزار دینار دەچێت، بۆیە بەغدا دابینی دەکات، بەڵام ماوەیەکی زۆرە بەغدا ئەو دەرمانەی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە".
خەبات یاسین حەمەد، یەکێکە لەو نەخۆشانەی کەمتر لە ساڵێکە گورچیلەی چاندووەتەوە، ئەو بە کوردستان24ی گوت: "پێشتر ئەو دەرمانەمان لە نەخۆشخانەکانی گورچیلە وەرگرتووە، بەڵام زیاترلە سێ مانگە دەڵێن نەماوە، دەرمانەكە بۆ نەخۆشانی گورچیلە گرنگە و ئەوانەی گورچیلەیان چاندووەتەوە تا کۆتایی ژیانیان پێویستە رۆژانە دەرمانە بەکار بێنن، بەکار نەهێنانی مەترسی بۆ سەر ژیانمان هەیە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "لە دەرمانخانەکان ئەو دەرمانە رێگە بە فرۆشتنی نادرێ، چونکە دەڵێن کوالێتی کۆنتڕۆڵی نییە و دەستمان ناکەوێ".
لە کوردستان ٢٤ـەوە

 

© 2017 Hawler