تشرینی یەکەم 21, 2020

حكوومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ ئاوەدانكردنەوەی دەشتی نەینەوا تەرخان نەكردووە

سەرۆكی لیستی ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، دەشتی نەینەوا بۆتە دوو بەش، بەشێك لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەدایە، ئەو شوێنانەی كە پێشمەرگەی لێ یە خەڵك گەڕاوەتەوە، حكوومەتی هەرێم و رێكخراوەكان دەستی ئاوەدانیان بۆ ئەو ناوچانە درێژ كردووە، بەڵام ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی دانە، تا ئێستا خەڵكی ئێمە نەگەڕاوەتەوە و لە ئاوارەیدا دەژین، ئەو گروپانە دژی خەڵكی ئێمە دەوەستنەوە و هەڕەشە لێ دەكەن.

عێراق پشتی لە مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوا كردووە و هەرێمی كوردستان باوەشی بۆ كریستیانەكان كردۆتەوە، حكوومەتی هەرێم، خەڵكی كوردستان، یارمەتی كریستیانەكانی داوە، چ پێش هاتنی داعش، چ دوای داعش، كە لە ساڵی 2003 بە دواوە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی كریستیان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەمە لە كاتێكدایە كە بەغدا بەردەوام دەرگای لەسەر ئەوان داخستووە.
كلارە عودیشو یعقوب، سەرۆكی لیستی ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی كوردستان بە "هەولێر"ـی گوت:" رەوشی دەشتی نەینەوا تا ئێستا ئارام نەبۆتەوە، دەشتی نەینەوا بۆتە دوو بەش، بەشێك لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەدایە، ئەو شوێنانەی كە پێشمەرگەی لێ یە خەڵك گەڕاوەتەوە، حكوومەتی هەرێم و رێكخراوەكان دەستی ئاوەدانیان بۆ ئەو ناوچانە بردووە، بەڵام ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی دانە، تا ئێستا خەڵكی ئێمە نەگەڕاوەتەوە و لە ئاوارەیدا دەژین، ئەو گروپانە دژی خەڵكی ئێمە دەوەستنەوە و هەڕەشە لێ دەكەن، هەر ئەوەش وای كردووە كە رێكخراوەكان نەتوانن بچنە ئەو شوێنانە.
كلارە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:"حكوومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ ئاوەدانكردنەوەی دەشتی نەینەوا تەرخان نەكردووە، گەڕانەوەی خەڵكیش بۆ ئەو ناوچانە گرێدراوە بە ئەمن و ئەمانەتەوە، هەروەها دەبێت پرۆژەی خزمەتگوزاری لەو ناوچانە جێبەجێ بكرێن، جگە لەوەی حەشدی شەعبی دەستی بە تەعریب كردووە، دەستی بەسەر خانووەكانی خەڵكی ئێمەدا لەو ناوچانەدا گرتووە، بۆیە ئەوانە هەموو هۆكارن كە خەڵكی ئێمە نەگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

© 2017 Hawler