تشرینی یەکەم 21, 2020

دکتۆر بەشیرحەداد: پێویستە لە ھەموارکردنەوەی دەستوردا سەرجەم توێژ و لایەنەکان و شارەزایەکان بەشداریان پێ بکرێت

 

 

بە سەرپەرشتی دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی دووشەممە ١١/١١/٢٠١٩ لێژنەی پەرلەمانیی تایبەت بە ھەموارکردنەوە دەستورییەکان کۆبویەوە. کۆبونەوەکە بە ئامادەبوونی ئەندامانی لێژنەکە و نوێنەرانی سەندیکا و سەرۆکانی یەکێتییەکان و مامۆستایانی زانکۆ و ژمارەیەک راوێژکار و پسپۆڕی بواری یاساکان و نووسینەوەی دەستور نوێنەری UN بەرێوەچوو.

دکتۆر بەشیر حەداد لەسەروبەندی کۆبونەوەکەدا ھەوڵەکانی ئەندامانی لێژنەی ھەموارە دەستورییەکان بەرز نرخاند، جەختیشی لەسەر گرنگیی پڕۆژەکە لەم دۆخە ھەستیارەدا کردەوە، وێڕای باسکردن لە پێویستیی بەشداریپێکردنی سەرجەم توێژ و لایەنەکان و رۆڵی پسپۆڕان و شارەزایان، بەتایبەت کە ئەمڕۆ دەستور لە دەستورە باشەکانی جیھان دادەنرێت، بەڵام ئەمە رێگر نییە لە پێداچونەوەی ماوە ماوە بۆ ئەوەی لەگەڵ  گەشەی کۆمەڵگەدا بگونجێت.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە ئامادەبوان کرد راسپاردە و پێشنیازگەلێکیان ھەبێت بۆ خزمەتکردنی پڕۆسەی ھەموارە دەستورییەکان بەشێوەیەک کە لەگەڵ پێویستییەکانی قۆناغەکەدا بگونجێت.

دکتۆر بەشیر حەداد لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی دەکرێت ھەر ھەموارێکی دەستور بکرێت بۆ فراوانکردنی رووبەری ماف و ئازادییەکان و گەرەنتی کردنی قوڵبوونەوەی پڕنسیپەکانی دادپەروەری و یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ و مافی گشت پیکھاتەکان و سیستەمی فیدراڵی وڵات. 

ئاماژەشی بەوەدا کە پێداچونەوە بە دەستور و ھەموارکردنی پرسێکی ئەرێنیە ئەگەر بە پێی میکانیزم و رێڕەوە دەستورییەکان ئەنجام بدرێت.

 

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

دووشەممە ١١/١١/٢٠١٩

© 2017 Hawler