تشرینی یەکەم 20, 2020

نێچيرڤان بارزانى جه‌خت له‌ چاكسازيى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ده‌كاته‌وه‌

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وه‌ك يه‌كێك له‌ كاره‌ له‌پێشينه‌كانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، جه‌خت له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ ده‌كاته‌وه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ڕاده‌سپێرێت كه‌ ليژنه‌ى تايبه‌ت بۆ به‌دواداچوونى پرۆسه‌كه‌ پێك بهێنن و هه‌نگاوى كرده‌يى له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى بواره‌كانى كارگێڕى و ياسايى و داڕشتنه‌وه‌ى په‌يكه‌رى وه‌زاره‌ت و هێزه‌ و پێكهاته‌كانى پێشمه‌رگه‌دا بنرێن.

به‌رێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزى پێشمه‌رگه‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11/11/2019 له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و فه‌رمانده‌ و پله‌دارنى پێشمه‌رگه‌ كۆبووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نزيكه‌وه‌ ئاگادارى دوايين هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌ت و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك و وه‌زير و فه‌رمانده‌ و پله‌دارانى پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ بوون، به‌ درێژى تاوتوێى ئه‌و هه‌نگاوانه‌ كرا كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى چاكسازيى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا تا ئێستا بۆ يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ نراون و تيشك خرايه‌ سه‌ر ئه‌و گيروگرفتانه‌ى دێنه‌ به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندين پێنشيار و تێبينى بۆ خێراكردن و سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌كه‌ خرانه‌ ڕوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سوپاسى هاوكارى و پشتگيريى هاوپه‌يمانان به‌تايبه‌تى ئه‌مه‌ريكا، به‌ريتانيا و ئه‌ڵمانيا كرا كه‌ بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ له‌ نزيكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كار ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها بڕيار درا كۆبوونه‌وه‌ى ده‌ورى بۆ به‌دواداچوون و سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێن.

© 2017 Hawler